چاوشئۆغڵو: دەزگا هەواڵگریەكانی تورکیا و سووریا پەیوەندییان ھەیە

سێشەممە 23 ئاب 2022 - 18:06
https://kurdish.iswnews.com/?p=16457

دوابەدوای گۆڕینی هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بەرامبەر بە دیمەشق و ویستیان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو دوو وڵاتەی لەو بارەیەوە ڕاگەیاند.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وتارێکدا ڕایگەیاند: گفتوگۆ لە نێوان دەزگای هەواڵگری سووریا و تورکیا بەردەوامە.

ناوبراو جەختیشی كردەوە: هیچ مەرجێكی پێشوەختمان نییە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سووریا و پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق ئامانجدار بێت.

چاوشئۆغڵو لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوتا سوورییەکەی بەشار ئەسەد لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ئۆزبەکستان (١٥ و ١٦ی ئەیلول)، ڕوونی کردەوە کە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حکوومەتی سووریا ناکرێت وە بەشار ئەسەد بۆ کۆبوونەوەی شەنگەهای بانگهێشت نەکراوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕێگای گەڕانەوەی لە شاری لڤیڤی ئۆکرانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ سووریا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: هەر دوو حکومەت هەرگیز ناتوانن واز لە دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی بهێنن و ڕەتی بکەنەوە و ئێمە دەبێت هەنگاوی زیاتر بنێین لەگەڵ سووریا.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ چاومان لە خاکی سووریا نییە، گه‌لی سووریاش برای ئێمه‌ن، و گرنگی به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی ده‌ده‌ین، و ده‌بێت حكومه‌تی سووریاش له‌مه‌ تێبگات.

ئەردۆغان هەروەها وتی: ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان یارمەتیدەری سەرەکی تیرۆرن لە سووریا و لەسەر ئەم کارەیان بەردەوامن. پێویستە لەگەڵ سووریا هەنگاوی زیاتر بنێین بۆ پووچەڵکردنەوەی زیاتری پلانەکانی ناوچەکە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *