ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا: ئەمریکا بەدوای شەڕی حزبوڵڵا و سوپای لوبناندا دەگەڕێت!

سێشەممە 23 ئاب 2022 - 16:38
https://kurdish.iswnews.com/?p=16452

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئاهەنگەکانی ٤٠مین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە وتارێکی پێشکەش کرد.

سەید حەسەن نەسروڵڵا لە سەرەتای وتارەکەیدا پیرۆزبایی ٤٠مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبوڵڵای لوبنانی کرد و راگەیاند کە پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان چالاکییەکانی خۆڕاگری لە پێش ساڵی ١٩٨٢ و دوای ئەوە هەیە، و هەروەها سوپاسی جوڵانەوەکان، حیزبەکان، زانایان و فەرماندە جیهادی و مەیدانییەکانی کرد.

نەسروڵڵا بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزەکانی حزبوڵڵا پەیڕەوی لە ڕێبازی ئیمام خومەینی (رە) و شێوازی ژیانی ئەو دەکەن، ناوبراویان بە گەورەترین ئیلهامبەخشی حزبوڵڵا لە سەردەمی ئێستادا ناو برد و باس لە پرسی شەڕی خۆڕاگریی دژ بە رژێمی زایۆنیستی کرد و ڕایگەیاند کە بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەستکەوتێکی حزبوڵڵایە.

سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا رایگەیاند سەرکەوتنی ساڵی ٢٠٠٠ کۆتایی بە پرۆژەی ئیسرائیلی مەزن هێنا و سوپای نەدۆڕاوی ڕووخاند، و جەختیکردەوە کە ڕەوتی جیهادی ئێمە، یەکێکە لە گرنگترین ئەنجامەکانی جیهادی ئیمام موسا سەدر. دوا دەسکەوتی وەستان لە شەڕی ٣٣ ڕۆژەدا، گەیشتنی خۆڕاگرییە بە قۆناغی وەرگرتنەوەی مافەکانی نەوت و غازی لوبنان و کەسیش بە خەیاڵدا نەیەت کە هێرشی پڕوپاگەندەیی، ژاوەژاو، سووکایەتی و درۆ دەتوانێت ئیرادەی ئەم خۆراگرییە بشکێنێت.

نەسروڵڵا بە ئاماژەدان بەوەی کە حزبوڵڵا بەرەو بەرزکردنەوەی پێکهاتە و توانای سەربازیی خۆی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی بواری چەک و تەکنەلۆژیادا بگونجێت، وتی هاوکێشەی سوپا-میللەت-خۆراگری هاوکێشەیەکی جێگیرە.

نەسروڵڵا رایگەیاند حزبوڵڵا هەمیشە پشتیوانی لە سووریا کردووە و دەکات، و جەختیکردەوە کە سووریا بەشێکی گرنگە لە میحوەری خۆڕاگری و وڵاتێکە کە تەسلیمی ئیسرائیل نەبووە. ئێمە لە شەڕی جیهانی دژ بە سووریا هاوشانی سەران، سوپا و میللەتی سووریا بووین و بەشداریمان لەو سەرکەوتنە مەزنەدا کرد کە بەدەست هات. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕاستی بڕیاری چوونمان بۆ سووریا ڕوونتر دەبێتەوە.

سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بە پشتیوانی لە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارەکانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان کرد و ڕایگەیاند کە گوشارە سیاسییەکانی ئەمریکا تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی لەو بوارەدا نەبووە. ئێمە هەمیشە لە پاڵ گەلانی چەوساوەی ناوچەکەدا، لەوانە یەمەن، عێراق و ئەفغانستان وەستاوین و لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت؛ چونکە دەبێت پشتگیری لە ڕاستی بکرێت. ئەگەر جارێکی تریش دەستدرێژییەکی وەک داعش بکرێتە سەر عێراق و داوای یارمەتیمان لێ بکرێت، دوودڵ نابین.

نەسروڵڵا بە ئاماژەدان بەوەی کە حزبوڵڵا لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە و پشتیوانی لە حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی خۆڕاگری کردووە، رایگەیاند کە ئێمە لە پێکهێنانی میحوەری خۆڕاگریدا بەشداریمان کردووە. ئێمە بەشێک بووین لەم میحوەرە و دەبین.

سەید حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پرسە ناوخۆییەکانی لوبنان کرد و ئاماژە بە بزووتنەوەی “ئەلمستقبل” کرد و وتی ئێمە بەدوای شەڕی ناوخۆدا نین. لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەدوای ئاسایشی لوبناندا بووین و خۆمان لە هەر هەوڵێک بەدوور گرتووە کە ئەنجامەکەی ململانێی لەنێوان ئێمە و سوپادا بووە. ئەمە پلانێکی ئاشکرا و هەمیشەیی ئەمریکییە کە شەڕ لەنێوان حزبوڵڵا و سوپای و هێزەکانی ئەمنییەکان ڕووبدات. ئەمە ئاواتی ئەوانە. بەڵام فەرماندەکانی حزبوڵڵا و سوپا ئەم بابەتەیان قبوڵ نەکردووە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە حزبوڵڵا هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیجی بەرگری ڕاگەیاندووە و هەرگیز خۆی لەم بابەتە نەشاردۆتەوە، و وتی هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە. بەرپرسیارێتی ئێمە لە هەنگاوی داهاتوودا، مسۆگەر کردنی هاوکێشەکانی بەرەنگاربوونەوەیە. هەڕەشەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان هیچ بەهایەکیان نییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە دەرهێنانی غاز و نەوت تاکە ڕێگایە بۆ رزگارکردنی لوبنان، هەروەها ڕایگەیاند کە ئێمە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە خزمەتی خەڵکدا بووین. لە پرسە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە تا دەگاتە پرسە سیاسی و خزمەتگوزارییەکان. ئێمە سەرەڕای گەمارۆ و ئابڵوقەکان بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵک. ئێمە گەشبینین بە پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لە کۆتاییدا دەبێ سوپاسی برایانی سووری و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەم کە پشتیوانی ئێمە بوون؛ بە تایبەت لە برایانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە یەکەم ڕۆژەوە لە ئۆردوگاکان لەگەڵمان بوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *