پێشهاتەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە هەفتەی ڕابردوودا

یه‌ك شه‌ممه‌ 14 ئاب 22 - 10:06
https://kurdish.iswnews.com/?p=16065

جێگیرکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا لەسەر ڕێگای سنووری

سەرچاوەکانی ئەرمینیا و کەناڵی ئازەربایجان بڵاویانکردەوە، هێزەکانی ئاشتیپارێزی فیدراسیۆنی ڕووسیا لەسەر سنووری پارێزگای کاپانی ئەرمینیا و لاچینی ئازەربایجان جێگیرکراون تا چاودێری ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی ئەرمەنی بکەن کە لە ڕێگای شارۆچکەی ئاگاراک بۆ شاری کاپان تێپەڕ دەبن. بەشێکی زۆری ئەم ڕێگایە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ئەرمینیا لە ئازەربایجان دروستکراوە.

دوای کشانەوەی ئەرمینیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئازەربایجان لە قەرەباغ، شار و فڕۆکەخانەی کاپان، و هەروەها شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری بوونەتە ناوچەی سنووری. لە ئێستادا هێزەکانی سوپا و پۆلیسی سنووری ئازەربایجان لەم خاڵەدا جێگیر کراون و هێزەکانی ڕووسیا پشکنینی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە بەم ڕێگایەدا تێدەپەڕن تا ڕێگری لە ئەگەری دروستبوونی هەر ناکۆکییەک بکرێت.

هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی سەرچاوەکانی ئه‌رمینیا، هێزه‌كانی ڕێكخراوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رمینیا ئامۆژگاری هاوڵاتیانیان كردووه‌ كه‌ له‌م ڕێگایه‌دا به‌ خێرایی لێبخوڕن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕابگیرێن نەکەونە دەست هێزه‌كانی ئازه‌ربایجانەوە.

دوای گوندی شۆرنۆخ و پێنج کیلۆمەتر لە ڕێگای سەرەکی گۆریسەوە بۆ کاپان، ئەمە سێیەم ڕێگایە کە دەبێتە کێشە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەرکردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بە نێوەندگیری ڕووسیا لە مۆسکۆ گفتوگۆ لەسەر یەکلاییکردنەوەی کۆتایی هێڵە سنوورییەکان دەکەن. ئەگەری زۆر هەیە ئاڵوگۆڕی خاڵە ناکۆکەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بکرێت. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا، ٤٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە زەوییە سنوورییەکانی ئەم وڵاتە لەژێر داگیرکاریی ئازەربایجاندایە، بەڵام ئازەربایجان دەڵێت کە تا ئێستا دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئەرمینیا نەکردووە و تەنیا بۆ سنوورە نێودەوڵەتییەکان گەڕاوەتەوە.

چۆڵکردنی لاچین بیانوویەکە بۆ شەڕی زارەکی لە ئەرمینیا

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “یرکر”ی ئەرمینیا، ئارتور قازینیان، پەرلەمانتاری پێشوو و نەیاری حکوومەتی پاشینیان، ناڕەزایی بە چۆڵکردنی شاری لاچین دەربڕیوە و بە پاکتاوی نەتەوەیی ناوی بردووە. ناوبراو لەمبارەیەوە دەڵێت: بەپێی بەشی دووەمی بڕگەی شەشەمی ڕێككەوتننامەی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ی مۆسکۆ، حكومەتی ئەرمینیا بەرپرسیارە لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم ڕێككەوتنە. بەڵام هەموو جارێک، داوا لە حکومەتی ئەرمەنی لە ناگۆرنو-قەرەباغ بە ناوی ئارتساخ دەکرێت کە لەم ڕێککەوتنەدا ئاماژەی پێ نەکراوە، ئەم کەیسانە جێبەجێ بکات.

ئەم ماڵپەڕە هەروەها چۆڵکردنی لاچین و ڕێگای گۆرس لاچین بۆ ناگۆرنو-قەرەباغ بە پێشوەخت وەسف دەکات و دەڵێت: چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بێردزور (لاچین) دەبێت تا ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئازەربایجان لە ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگدا ڕێگاکەی دروستکردووە و چۆڵکردنی پێشوەختەی دانیشتووان ناکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ناگۆرنو-قەرەباغ ئارایک هارتونیان، خەڵکی لاچین و ناوچەکانی دەوروبەری دەبێت تا ٢٥ی ئاب ئەم شارە و گوند و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشتیپارێزانی ڕووسیا چۆڵ بکەن. بەڵام هەندێک کەس هێشتا بەرەنگاری ئەم بابەتە دەبنەوە و زۆربەیان ئامادە نین بەهۆی ترسی ئاوارەبوون و شوێنی نیشتەجێبوونی نەشیاو ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن. بە وتەی بەرپرسانی ئەرمینیا جگە لە چۆڵکردنی ئەو خێزانانە، گۆڕەکانیش دەگوازرێنەوە و خێزانەکان دەتوانن بچنە ئەرمینیا یان لە ناگۆرنو-قەرەباغ بمێننەوە.

میدیاکانی ئازەربایجان کاردانەوەیان بەرامبەر بە چۆڵنەکردنی لاچین تا ٢٥ی ئاب نیشان داوە. سابر هێمەتف، شرۆڤەکاری سیاسی ئازەربایجان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی باکو وتی: ئەگەر ئەرمەنییەکان چۆڵ نەکرێن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر دەستپێدەکەن، مشتە ئاسنییەکەش ئامادەیە.

شەڕ لەسەر ناوەکان لە قەرەباغ

وەزارەتی ئابووری کۆماری ئازەربایجان سەرقاڵی ئامادەکردنی نەخشەی ناوچە ئازادکراوەکانی قەرەباغە. بەپێی لێكتێگەیشتنەكە لەگەڵ دامەزراوەی نەخشەسازی دامەزراوەی زانست و تەكنەلۆجیای فۆرمپس، لە شاری پیشەسازی سۆمقایت، کار لەسەر ئامادەكردنی نەخشەی سێ رەهەندی ناوچەكە و نوێكردنەوەی نەخشەی شار و گوند و شارۆچكە و شوێنەكانی دیكە دەکرێت.

حکومەتی ئازەربایجان دەیەوێت ناوی ئەو ناوچانە بە ناوی ئازەری لەسەر نەخشەی گووگڵ پیشان بدات. تا ئێستا تێچووی وردی ئەم پڕۆژەیە ڕانەگەیەندراوە.

لە ماوەی ٢٨ ساڵی داگیرکردنی ناوچەی قەرەباغ لەلایەن ئەرمینیاوە، گووگڵ ناوی ئەو شوێنانەی بە زمانی ئەرمەنی و ئینگلیزی نمایش کردووە، کە هەمیشە ناڕەزایەتی حکومەتی ئازەربایجانی لێکەوتوەتەوە.

ئازەربایجان ڕایگەیاند کە بەردەوامە لە کۆنتڕۆڵکردنی بەرزاییەکانی بۆزداخ لە باکووری ڕۆژئاوای قەرەباغ. وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە وێنەکانی دروستکردنی ڕێگاوبان و سەنگەرەکانی لەم ناوچەیە بڵاوکردۆتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .