پارێزگاری شەبوە بە هاوکاری ئیمارات شکستی بە حیزبی ئیسڵاح هێنا

هه‌ینی 12 ئاب 22 - 19:57
https://kurdish.iswnews.com/?p=16053

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لەگەڵ هاتنی لیواکانی دیکەی هێزەکانی ئەلمعالقە و چەکدارانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور بۆ شەڕەکانی پارێزگای شەبوە و پشتیوانی فڕۆکەکانی ئیمارات، ئۆپەراسیۆنی حیزبی ئیسڵاح بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری عەتەق ناوەندی پارێزگای شەبوە شکستی هێنا.

دوای شکستی هێزەکانی ئەلمعالقە لە شەڕی ناو شار و پێشڕەویی چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح بەرەو بینای پارێزگا و فڕۆکەخانەی عەتەق، چەکداران و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیمارات بە توندی پێگەکانی حیزبی ئیسڵاحیان لەم ناوچەیە بۆردومان کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا لیوای دیکەی هێزەکانی ئەلمعالقە و چەکدارانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور ڕەوانەی عەتەق کران و چەكدارانی حیزبی ئیسڵاحیش ناچار بوون واز لە گەمارۆی بینای پارێزگا و فڕۆكەخانەی عەتەق بهێنن.

بەپێی راگەیەندراوی سەرچاوە خۆجێیەکان، فڕۆکەکانی ئیمارات زیاتر لە ٤٠ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی حیزبی ئیسڵاح لە شاری عەتەق و ناوچەکانی عەیاز، نوخان، ئەلشەبیکە و رێگاوبانەکانی باکووری عەتەق ئەنجامداوە. هەروەها لەم پێکدادانانەدا زیاتر لە ٧٠ کەس لە هەر دوو لایەن کوژراون و برینداربوون.

لە ئێستادا بنكەی هێزە ئەمنییە تایبەتەكان وەک یەكێک لە بنکە سەرەكییەكانی حیزبی ئیسڵاح لە عەتەق كەوتووە و چەكدارانی ئەم حیزبە بۆ بنكە و ناوچەكانی تری ژێر كۆنترۆڵی خۆیان پاشەكشەیان كردووە، و زۆربەی ناوچەكانی شاری عەتەق لەلایەن هێزەکانی سەر بە عەواد بن ئەلوەزیر ئەلعەولەقی، پارێزگاری شەبوە کۆنتڕۆل کراوە. ئەلعەولەقی داوای چۆڵکردن و ڕادەستکردنی بنکەکانی حزبی ئیسڵاح لە شاری عەتەق ی کردووە و حزبی ئیسڵاحیش لەگەڵ ڕەتکردنەوەی رادەستکردنی ئەو ناوچانە، پێگەکانی هێزەکانی سەر بە پارێزگاری بە هێرشی تۆپخانەیی دەکاتە ئامانج.

دوابەدوای ئەم شکستە، سەرانی حیزبی ئیسڵاح نیازی خۆیان بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی سعوودیە و هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە ڕاگەیاند. ئەوان لە بەیاننامەیەکدا، ئەلعەولەقییان لە کوژرانی دەیان کەس لە پارێزگای شەبوە بە بەرپرسیار زانیوە و داوای دوورخستنەوەی ناوبراویان لە پۆستی پارێزگاری شەبوە کردووە. هەر لەم بارەیەوە هەندێک لە سەرچاوە ناوخۆییەكان رایانگەیاندووە كە تاریق ساڵح یەكێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی بە ناوی “ناسر باجبیل” بۆ جێگرەوەی عەوەز بن ئەلوەزیر ئەلعەولەقی كاندید كردووە. ئەلعەولەقی یەکێکە لە کەسە سەرەکییەکانی ئیمارات لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن و بەدووری نازانرێت ئیمارات بە دوورخستنەوەی ڕازی بێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام