حەکیم: بوونی تورکیا لە عێراق نایاساییە

شه‌ممه‌ 30 ته‌مموز 22 - 13:10
https://kurdish.iswnews.com/?p=15500

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەم، لە بەغدای پایتەختی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە رۆژی رابردوو ٢٩-٧-٢٠٢٢، لەم وتارەدا و لە بەشێکی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەی کەرامەتی عێراق هێڵێکی سوورە و دەبێت حکومەت ئاگاداری بێت، جەختی کردەوە: کەرامەتی عێراق پێویستییەکی حەتمییە و ژیانی بێ کەرامەت هیچ بەهایەکی نییە.

عەمار حەکیم وتی، ئەوەی لە زاخۆ ڕوویدا بەشێکە لە زنجیرەیەکی بەردەوامی رووداوەکانی پەلکێشی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراقدا و ناکرێت بەرپرسانی عێراق لە ئاستییدا بێدەنگ بن و پشتگوێی بخەن.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وتی: ناکرێ لە بەرانبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بێدەنگ بین، لە کاتێکدا بە ئاشکرا دەبینین سەروەریی عێراق پێشێل دەکرێت. ئێمە چەندین جار دڵنیاییمان داوە لەو کەسانە نین کە خراپەکاری بەرامبەر دراوسێکەیان دەکەن.

عەمار حەکیم وتیشی: نامانەوێ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی تێکبدەین، بەتایبەت کە پەیوەندی مێژوویی و کولتووری لەگەڵ بەرژەوەندیی ئابووری لە نێوانمان هەبێت. ئاشتی و ئارامیمان لەگەڵ هەمووان دەوێت، بەڵام بەو مەرجەی لەسەرشانی شکۆی عێراق نەبێت، چونکە ژیان بێ شکۆ سوودی نییە. ئەو تاوانە قێزەونەی کە پێش چەند رۆژێک لە هاوینەهەوارێکی پارێزگای دهۆکی خۆشەویست روویدا، ناکرێ لە ئاستیدا بێدەنگ بین و پشتگوێی بخەین. ئەوە بەشێکە لە زنجیرەیەکی بەردەوامی رووداوەکانی پەلکێشیی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراق.

عەمار حەکیم لەبارەی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق رایگەیاند: داوا لە هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەکان دەکەم، دەستبەرداریی هەستیاری و چەقبەستووییەکانی پێشوو ببن؛ دەست بە گفتوگۆی بەرپرسیارانە و رژد بکەن کە شایستەی گیان و شکۆی عێراقییەکان بێت؛ هەروەها لەسەر بنەمای متمانەی هاوبەش و کاری نیشتمانی، هەریەکە و لای خۆیەوە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و هاوکاری یەکدی بن بۆ دروستکردنی بڕیاری ستراتیژیی باڵا و کاریگەر.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .