کێبڕکێی ڕووسیا و ڕۆژئاوا لە قەفقاز

دوو شه‌ممه‌ 25 ته‌مموز 22 - 22:27
https://kurdish.iswnews.com/?p=15355

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا لە گەشتێکی ڕانەگەیەندراو و چاوەڕواننەکراودا چووە ئەرمینیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە. دوای سێ ڕۆژ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕووسیاش سەردانی ئەرمینیای کرد. بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، وا دیارە کە کێبڕکێی سیاسی و سەربازیی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا تا قەفقاز درێژ بووەتەوە.

سەردانەکەی سەرۆکی سیا بۆ ئەرمینیا
ڕۆژی هەینی (١٥ی تەمموز)، ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سەردانی ئەرمینیای کرد. ئەم هەواڵە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکەوە بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی وردەکاری کۆبوونەوەکانی بێنز لەگەڵ نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەرمینیا بڵاونەکراوەتەوە.

نیگەرانی ڕووسیا لە بوونی سەرۆکی سیا لە ئیرەڤان
دوای سێ ڕۆژ لە سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ ئەرمینیا، سێرگی ناریشکین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ئەرمینیای کرد. رۆژی دووشەممە ١٨ی تەمووز سێرگی ناریشکین لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی ئەرمینیا بەجیا کۆبووەوە.
سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی ڕێکخراوی هه‌واڵگری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا بۆ ئیرەڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیا زۆر بە گرنگ داده‌نرێت. وردەكاریی ئەم كۆبوونەوانە بڵاو نەکراوەتەوە. میدیاکان ئەم کۆبوونەوەیان بە کاردانەوە و نیگەرانی ڕووسیا لە کاریگەریی ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە ئەرمینیا هەڵدەسەنگێنن.

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا
وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا جەیھون بایرامۆڤ و ئارارات میرزۆیان لە تفلیسی پایتەختی جۆرجیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک لە کێشەکانی هەردوولا تاوتوێ کراون. سنوورەکان، کردنەوەی ڕێگاکانی ئازەربایجان بۆ نەخچیڤان، وادەی کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەرمینیا کە لە ناگۆرنۆ قەرەباغ ماونەتەوە، چارەنووسی دیلەکانی جەنگی ئەرمەنی لە ئازەربایجان و چارەنووسی ئەرمەنییەکان لەم ناوچەیە، لەو پرسانە بووە کە لە لایەن هەردوو لایەنەکە تاوتوێ کراون. گرنگترین پرسی ئەم دانوستانە، ڕێڕەوی زەنگە زور لە باشووری ئەرمینیایە کە داواکاری سەرەکی ئازەربایجانە لە لایەنی ئەرمەنییەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەیە لە دوای شەڕی دووەمی قەرەباغ. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە کردووە، کە دەریدەخات سازانی نێوان هەردوو وڵات چەندە گرنگە بۆ ئەمریکا.

پلانی گەڕانەوەی گەورە لە قەرەباغ
ڕۆژی سێشەممە (١٩ی تەمموز) حکومەتی ئازەربایجان دەستی بە نیشتەجێکردنی ٥٨ ئاوارەی شەڕی قەرەباغ لە ناحیەی زەنگیلان کرد کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران. حکومەتی ئازەربایجان بەڵێنی داوە کە ٤١ بنەماڵەی دوو گوندی ئەم ناوچەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و ئەم پرۆژەیەی ناوناوە گەڕانەوەی گەورە. هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی گەڕاوەکان ئەو گوندە زیرەکانەیە کە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان ئاوەدانیان کردۆتەوە.
زەنگیلان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٣٠ هەزار کەسە، هاوسنوورە لەگەڵ ئەرمینیا و ئێران و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەرەباغ. شایانی باسه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ شه‌ڕی ١٩٩٣ دوای ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی هێڵه‌کانی پشتیوانی پچران، له‌ لایه‌ن سوپای ئه‌رمینیا و چەکدارانی ئەرمینیەوە گه‌مارۆ درا. بەرگریکارانی ئازەری و خەڵک چەند مانگێک بە هاوکاری ئێران توانیان بەرگری بکەن. هاوڵاتیانی مەدەنی، چەکداران و سەربازانی ئازەربایجان پاش نەمانی پێگەکانی بەرگریکاران، بە پاڵپشتی تۆپخانەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەزاندنی رووباری ئاراس هاتنە نێو ئێران.

شۆکی وزەی ئازەربایجان بۆ ڕووسیا
ئازەربایجان لە ساڵی نوێدا یەکەمین گرێبەستی وزەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆ کرد. ئۆزۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی ئەڵمانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، لە سەردانەکەیدا بۆ باکوی پایتەختی ئازەربایجان، گرێبەستی غازی واژۆ کرد. بەپێی ئەم ڕێکەوتنە، ئازەربایجان تا ساڵی ٢٠٢٧ هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا بۆ ٢٠ ملیار مەتری سێجا لە ساڵێکدا زیاد دەکات. یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە ساڵانە ١٠ ملیار مەتری سێجا غاز لە ئازەربایجانەوە هاوردە دەکات. جگە لەم بڕە، بولگاریا هەروەها کڕیاری یەک ملیار و نیو مەتر سێجای غازی ئازەربایجانە.
زیادبوونی هەناردەی غازی ئازەربایجان زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ هەناردەی فیدراسیۆنی ڕووسیا لێدا. ڕووسیا ساڵانە ٦٠ ملیار مەتری سێجا غاز هەناردەی یەکێتی ئەوروپا دەکات و ئەم کارەی ئازەربایجان بە دەستخستنی یەک لەسەر سێی پشکی ڕووسەکان لە بازاڕی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .