ئەنساروڵڵا: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئاشتی و ئاگربەستدا نییە، بەڵام بەرژەوەندی گەلەکەمان قوربانی پرسە ناوچەییەکان ناکەین

چوار شه‌ممه‌ 20 ته‌مموز 22 - 23:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=15180

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ محەممەد عەبدولسەلام، وتەبێژی ئەنساروڵڵا و سەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری حکوومەتی ڕزگاری نیشتمانی یەمەن، ڕەخنەی توندی لە جێبەجێنەکردنی تەواوەتی ئاگربەست لە یەمەن گرت.

محەممەد عەبدولسەلام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمەسیرە، ڕەخنەی لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی هاوپەیمانی سعوودیە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست گرت و وتی: دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئەم دواییە، هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان ڕاگیراوە، بەڵام گەشتە سیخوڕییەکان و هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمن بەردەوامە.

تا ئێستا بڕیار بوو ٣٢ گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا ئەنجام بدرێت، بەڵام تەنیا ١٨ گەشت ئەنجامدراوە. گەشتێک لە قاهیرە بۆ سەنعا چۆڵ بوو و ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەست بوو. ئێمە ڕێککەوتبووین کە ٣٦ کەشتی بچنە بەندەری ئەلحودەیدە، بەڵام تەنیا ٢٤ کەشتی گەیشتن. هه‌روه‌ها ده‌ست به‌سه‌ر سێ كه‌شتیدا گیراوه‌ و هه‌ندێک كه‌شتیش ٢١ رۆژ دره‌نگ گه‌یشتونه‌ته‌ ئەلحوده‌یده‌.

ئێمە پلانمان دانا بۆ کردنەوەی سێ ڕێگا لە تەعەز، بەڵام ناتەبایی و دژایەتی لایەنی بەرامبەر ڕێگرە لە دامەزراندنی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و هەمیشەیی لە تەعەز. پێش جەژنی ڕەمەزان پلانی ئاگربەستمان بە ناوبژیوانی عومان بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێشنیار کرد بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵیان دانوستان بکەین، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە.

ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئاشتی و ئاگربەستدا نییە، بەڵام پرسە ناوچەییەکان کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستەکانی لایەنی بەرامبەر هەیە و بەرژەوەندی گەلەکەمان قوربانی پرسە ناوچەییەکان ناکەین.

لە پرسە مرۆییەکاندا لایەنی بەرامبەر نوێنەر و هەڵوێستی نییە، و ناتوانێت لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە دۆسیەی زیندانییەکان پێک بهێنێت. سعوودیە و ئیمارات و گروپەکانی مارب و تەعەزیش بیر لە دیلەکانیان دەکەنەوە!

نەتەوە یەکگرتوەکان ناتوانێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە و لایەنی بەرامبەر دەیەوێت گەلی یەمەن بخنکێنێت! بۆیە ناتوانین بەردەوامی گەمارۆکە قبوڵ بکەین.

ئاگربەستی کاتی لە یەمەن بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکرد و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە رێککەوتنی لایەنەکان بۆ ماوەی دوو مانگ درێژکرایەوە. ئەم وادەیە لە ٢ی ئاب کۆتایی دێت و لەگەڵ بەردەوامبوونی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هاوپەیمانی سعوودیەوە، هەروەها شکستهێنانی دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و کردنەوەی ڕێگاکان، ئەگەری نوێکردنەوەی ئاگربەستەکە لاوازە. جگە لەوەش ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن، لە بەیاننامەی ئەم دواییەیدا، هەلومەرجی ئێستا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی بە نالەبار زانیوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .