ئایەتوڵڵا خامنەیی: هێرش بۆ سەر سووریا لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دەبێت

سێشەممە 19 ته‌مموز 2022 - 15:53
https://kurdish.iswnews.com/?p=15134

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری، جەختیان لە پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات و بەتایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی کردەوە، و رژێمی زایۆنیستی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی زانی و جەختیان لەوەش کردەوە کە ئەمریکا و رژێمی داگیرکەر ناتوانن ڕێگری لە خەباتی بەربڵاوی فەڵەستینییەکان بکەن، و سەبارەت بە پرسی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا زۆر گرنگە و هەر هێرشێکی سەربازی لە باکووری سووریا بە دڵنیاییەوە زیان بە تورکیا و سووریا و تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت، و لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دەبێت.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئایەتوڵڵا خامنەیی لەم دیدارەدا ڕێژە و کوالیتی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی ئابووریی نێوان دوو وڵاتی زۆر کەمتر لە تواناکانی ئێستای ناوبرد و جەختیان کردەوە: پێویستە ئەم پرسە لە دانوستانەکانی نێوان سەرۆکەکان چارەسەر بکرێت.

بەڕێزیان سەربەزی و گەورەیی ئومەتی ئیسلامییان بە دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییەکانی سەلیقەیی و ووشیاری لە بەرامبەر سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە زانی و وتیان: یەکێک لە فاکتەرەکانی ناتەبایی و دوژمنایەتی لە ناوچەکەدا ڕژێمی زایۆنیستیە کە ئەمریکاش پاڵپشتی لێدەکات.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەلەستینی وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامی ناو برد و جەختی کردەوە: سەرەڕای ویستی هەندێک لە حکومەتەکان لە نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، گەلان لە ناخەوە دژی ئەم ڕژێمە داگیرکەرەن.

بەڕێزیان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت پشت بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ببەسترێت، وتیان: ئەمڕۆ نە ڕژێمی زایۆنیستی، نە ئەمریکا، نە کەسانی دیکە ڕێگری لە خەباتی بەربڵاوی فەڵەستینییەکان بکەن و ئەنجامی کۆتاییش لە بەرژەوەندی فەلەستینییەکان دەبێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەدا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایان بە گرنگ ناو برد و بە ئاماژە بە دەنگۆی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر باکوری ئەم وڵاتە، جەختیان کردەوە کە ئەم کارە بە دڵنیاییەوە لە زیانی سووریا، تورکیا و ناوچەکە بە گشتی دەبێت و هەنگاوی سیاسیی چاوەڕوانکراو لە لایەن حکومەتی سوریاوە مسۆگەر ناکات.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە لێدوانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ نەفرەت لە گرووپە تیرۆریستییەکان وتیان: دەبێ دژایەتی تیرۆر بکرێت، بەڵام هێرشی سەربازی لە سووریا لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دەبێت، هەڵبەتە تیرۆریستانیش تەنیا یەک گرووپی تایبەت نین.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەگەڵ جەخت کردنەوە لەوەی کە ئێمە ئاسایشی تورکیا و سنوورەکانی بە ئاسایشی خۆمان دەزانین، ئاماژە بە ئەردۆغان وتیان: ئێوەش ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆتان بزانن. پێویستە کێشەکانی سووریا بە دانوستان چارەسەر بکرێن و ئێران، تورکیا، سووریا و ڕووسیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە کۆتایی بەم پرسە بهێنن.

بەڕێزیان هەروه‌ها خۆشحاڵی خۆیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی قەرەباغ بۆ ئازه‌ربایجان ده‌ربڕی و وتیان: بێگومان ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێک بۆ داخستنی سنووری نێوان ئێران و ئەرمینیا هه‌بێت، كۆماری ئیسلامی دژایه‌تی ده‌كات چونكه‌ ئه‌م سنووره‌ ڕێگه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیی چەند هەزار ساڵەیە.

بەڕێزیان بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیایان لە سەرجەم بوارەکاندا بە پێویست و بەسوود ناو برد و وتیان: ئێمە بەردەوام لە پرسە ناوخۆییەکان و لە بەرانبەر دەستێوەردانەکان پاڵپشتیمان لە حکومەتەکەی ئێوە کردووە و وەک چۆن کە ئاماژەتان داوە دۆستانی ڕۆژانی تەنگانەین و بۆ گەلی موسڵمانی تورکیاش نزا دەکەین.

لەم چاوپێکەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ پیرۆزبایی جەژنی قوربان و غەدیر، یەکڕیزی جیهانی ئیسلام و لێک نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیایان بە پێویست زانی و وتیان: تورکیا هیچ کات لە بەرامبەر گوشارەکانی دژ بە ئێران بێدەنگ نەبووە و برایەتی نێوان هەر دوو وڵات دەبێت لە سەرجەم بوارەکاندا پەرە بستێنێت.

ئەردۆغان وتی کە تورکیا بەردەوام دژی سزا و گەمارۆ تاکلایانەکانی سەر ئێران بووە و لە داواکارییە ڕەواکانی ئەم وڵاتەش لە ڕێکەوتنی ناوەکی بەرگری دەکەین و هانی کۆمپانیاکانی خۆمانیش دەدەین لە ئێران سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بکەین.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە لە سووریا گرووپە تیرۆریستییەکان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکاوە پاڵپشتی سەربازی دەکرێن.

ناوبراو وتی کە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕوونە و چاوەڕوانی ئەوەش لە حکومەتی دیمەشق دەکەین کە ڕەوتە سیاسییەکان دەست پێبکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *