یادداشت: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تاجیکستان

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
دووشەممە 18 ته‌مموز 2022 - 23:28
https://kurdish.iswnews.com/?p=15108

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تاجیکستان دوای گۆڕانی حکومەت لە ئەفغانستان و نائارامییەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئاستێکی بەرزتری لە هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمریکا بە زیادکردنی ئەم هاوکارییانە بۆ حکوومەتی ئیمامعەلی ڕەحمان و کاریگەریی فەرهەنگی لە کۆمەڵگەی تاجیکستان بە نیازی دروستکردنی بنکەیەکی نوێیە لە ئاسیای ناوەڕاست.

دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاجیکستان و ئەمریکا لە ١٤ی شوباتی ١٩٩٢ بە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دوشەنبێ دەستی پێکرد. ئێستا باڵیۆزی تایبەت و خاوەن دەسەڵاتداری ئەمریکا لە تاجیکستان، مانوێل پ. میکالێر جونیۆرە کە لە ١٥ی ئازاری ٢٠١٩ـەوە جێگەی جۆن مارک پۆمەرشایم باڵیۆزی پێشووی ئەمریکای گرتۆتەوە. باڵیۆزخانەی تاجیکستان لە واشنتۆن هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە دەست بە کار بووە و باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە ئەمریکا “فەرۆخ حەمرالیزادە”ـە.

ماوەی دوو دەیە پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، ڕێککەوتنی بازرگانی و ئابووری و هتد، بنیات نراوە، بەڵام ئەم پەیوەندیانە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕەنگی سەربازی و ئەمنی بەخۆیەوە گرتووە و ئەمریکاش بوونی بەهێزتری لە تاجیکستان بەدەستهێنا. ڕەگ و ڕیشەی ئەمەش لە پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و جیهاندا دەبینرێت. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و سەرهەڵدانی تاڵیبان، شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، فراوانبوونی پەیوەندییەکانی چین و ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و .. لەو هۆکارانەن کە ئەمریکای ناچار کردووە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی کاریگەرییەکانی لە تاجیکستان زیاتر بکات. لەم ڕووەوە ئەمریکا ڕاوێژکار، نوێنەرە سیاسی، سەربازی و ڕۆشنبیرییەکانی هێناوەتە ناو مەیدانەکە و پلانی بەرفراوانی خستۆتە بەرنامەی کاری لە تاجیکستان. بەرنامە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە تاجیکستان دەتوانرێت بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت:

١- سیاسی و سەربازی:
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەی گەشت و کۆبوونەوەکانی “تۆماس وێست”، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، “دۆناڵد لۆ”، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، و ژەنەڕاڵ “مایکل کوریێل”، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاجیکستان زیادیان کردووە. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەم دیدارانە لەسەر پرسە ئەمنییەکانی ئاسیای ناوەڕاست و بەتایبەتی ئەفغانستان، بەهێزکردن و دروستکردنی بنکە سنوورییەکان لە تاجیکستان و ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای ئۆتۆنۆمی بەدەخشان بووە. جگە لەم پرسانە، پرسە گرنگەکانی وەک ڕادەستکردنی ئەو چەکانە بە سوپای تاجیکستان کە لە ئەفغانستانەوە گوازراوەتەوە، بەکارهێنانی هەواڵگری-ئەمنی ئەمریکا لە بنکە سنوورییەکانی تاجیکستان، کۆچکردن بۆ ئەمریکا، مەشقی سەربازی و هتد لەبەرچاو گیراوە.
دۆناڵد لۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی ئازادی تاجیكستان سەبارەت بە دروستكردنی خاڵە سنوورییەكان دەڵێت: “چاوەڕوانی تەواوبوونی پرۆژەی نوێی دروستكردنی بنكەی سنووری لە ناوچەی چالدوارین. بێگومان لە بابەتی خاڵە سنوورییەکاندا، ئەمریکا پڕۆژەی دیکەی تەواو کردووە، بەڵام پڕۆژەی چالدوار گەورەترین پڕۆژە بووە و پڕۆژەکانی دیکەش بریتی بوون لە ڕادەستکردن و گواستنەوەی پێداویستی و کەرەستەی سەربازی بۆ پاسەوانانی سنووری تاجیکستان”. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم بنکەیە دەکەوێتە ناوچەی چالدوار لە باشووری شارۆچکەی سنووری ئایواج کە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی لەلایەن حکومەتی تاجیکستانەوە بە پارەی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ بە کۆمپانیا سەربازییەکانی ئەمریکا دراوە.

بەپێی لێدوانەکانی ژەنەڕاڵ کوریلا، ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ تاجیکستانەوە، زیاتر لە ٣٣٠ ملیۆن دۆلاری لە بواری ئەمنی دا وەک هاوکاری دارایی پێشکەش بە تاجیکستان کردووە کە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی RQ-20 Puma ( دروستکراوی ئەمریکا) بە بەهای ٢٠ ملیۆن دۆلار گەورەترین بەشی ئەو هاوکارییانە بووە.

پرسێکی دیکە کە لە بابەتی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا تیشکی زۆر خراوەتە سەر، فڕۆکە جەنگییەکان و هێلێکۆپتەرەکانی سوپای ئەفغانستانە کە لە کاتی ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستاندا بۆ تاجیکستان هەڵاتوون. بەرپرسانی ئەمریكا لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاجیكستان بەڵێنی رادەستکردنی ئەو فڕۆكانەیان بە سوپای تاجیكستان داوە، بەڵام لەبەرامبەردا چەند داواکاریان لە تاجیكستان كردووە و وردەكارییەكەیان ڕوون نییە.

٢- ڕۆشنبیری:
ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئەمریکا (NGO) توانیویانە لە رێگەی یارمەتییە مرۆییەکان و شێوازەکانی سیخوڕی زانیاری مرۆیی (HUMINT) پێگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت لە نێوان خەڵکی تاجیکستان دروست بکەن. ئەم ڕێکخراوانە بە پێدانی ڤیزەی کۆچبەری بۆ ئەمریکا، هاوکارییە داراییەکان، بەڕێوەچوونی بەرنامەی پەروەردەیی، هونەری و .. جگە لە ڕاکێشان و دەستنیشانکردنی نوخبە زانستییەکان، پەنابەرانی ئەفغانی و کەسانی سەر بە ڕووسیایان دەستنیشان کردووە و تۆڕی هەواڵگرییان فراوانتر کردووە.

بە پێچەوانەی تاجیکستان، پەیوەندییەکانی قرقیزستان و ئۆزبەکستان لەگەڵ ئەمریکا دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. قرقیزستان هێشتا لە کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی مەناس لە ساڵی ٢٠١٤ ناڕازییە و بەهۆی پشتیوانی نهێنی ئەمریکا لە ناڕەزایەتییەکانی قرقیزستان، لە پرسەکانی سەربازی-ئەمنی دا زۆر پێشوازی لە ئەمریکییەکان نەکردووە. تا ئەو ڕادەیەی کە هیچ بەرپرسێکی قرقیزستان لە سەفەری ئەم دواییەی ژەنەڕاڵ کوریلا بۆ بنکەی مەناس بۆ دیدار لەگەڵ ناوبراو ئامادە نەبوون! ئۆزبەکستان سەرەڕای وەرگرتنی یارمەتی سەربازی لە ئەمریکا، سیاسەتی خۆی وەک لایەنی بێلایەن داناوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێگە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی و جێگیرکردنی هێزی بیانی لەسەر خاکەکەی نادات.

بەگشتی ئەمریكییەكان بە دروستكردنی پەیوەندی گەرم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەی ئیمامعەلی ڕەحمان و تاوتوێکردنی قووڵی پێداویستیەكانی خەڵكی تاجیكستان توانیویانە پێگەیەكی نوێ و گونجاو بۆ خۆیان دروست بكەن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا نەیتوانیوە بنکەیەکی سەربازی لە تاجیکستان دابمەزرێنێت، بەڵام تۆڕی سیاسی-هەواڵگرییان لە تاجیکستان فراوان بووە و ئەمەش بەو مانایەیە کە لە چوونە ناو تاجیکستان بەبێ ئەوەی هاوبەشی سەرەکی تاجیکەکان کە ڕووسیایە هەستیار بکەن، سەرکەوتوو بوون. تاجیکستان زیاتر لە ١٤٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستان هەیە و لەڕووی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینییەوە لەگەڵ ئەم وڵاتە لێکچوونێکی زۆری هەیە. بۆیه‌ ئەمریکا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆنتڕۆڵكردن و رۆڵی له‌ پێشهاته‌كانی ئه‌فغانستان و ئاسیای ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وام بێت، سه‌ره‌تا پێویستی به‌ تاجیكستان و دووه‌میش پێویستی به‌ ئۆزبه‌كستان، قرقیزستان، پاكستان و توركمه‌نستان هه‌یه‌.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *