سعوودیە ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا کردەوە

هه‌ینی 15 ته‌مموز 22 - 11:59
https://kurdish.iswnews.com/?p=14977

عەرەبستانی سعوودی ئاسمانی خۆی بەڕووی “هەموو ئامرازەکانی گواستنەوەی ئاسمانیدا” کە پابەندی ڕێسا ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەن کردەوە.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی سعوودیە رایگەیاندووە، ڕیاز ئەم بڕیارەی “بۆ تەواوکردنی رێوشوێنی پێویست بۆ چەسپاندنی پێگەی سعوودیە وەک ناوەندێکی جیهانی کە سێ کیشوەر بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان” گرتووەتەبەر.

یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە لەمەودوا ڕێگە بە فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەدرێت کە ئاسمانی عەرەبستانی سعوودیە بۆ گەشتەکانیان بەرەو هیندستان و چین بەکاربهێنن.

ئەم هەنگاوەی عەرەبستانی سعوودی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە ماڵپەڕی ئاکسیۆس بڵاوی کردبووەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی تەمووز بە گشتی لەسەر پێگەی یاسایی دوو دوورگەی میسر لە گەرووی تیران ڕازی بووە. ئەم هەنگاوە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب.

ماڵپەڕی ئاکسیۆس نووسیویەتی، ئەو ڕێککەوتنە کە ماوەی چەند مانگێکە بە نهێنی دانوستانی لەسەر کراوە، دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوە بۆ ئیدارەی جۆ بایدن لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا.

بەپێی رێککەوتنی “کەمپ دەیڤد” (لە نێوان میسر و ئیسرائیل)، میسر پابەندە بە داماڵینی چەک لە تیران و سەنافیر و داواکەی تەلئەبیب بۆ بڵاوەپێکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەژێر فەرماندەیی ئەمریکا لەو دوورگانەدا.

سعوودیە لە ساڵی ١٩٥٠ كۆنترۆڵی ئەم دوو دوورگەیە كە دەروازەی بەندەرەكانی “عەقەبە” و “ئیلات”ـە رادەستی میسر كرد. لە ئێستادا گفتوگۆکانی سێ قۆڵی بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی ئەم دوورگانە بۆ سعوودیە.

سەرەڕای ناڕەزایی گشتی لە میسر، پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧ و دادگای باڵای میسر لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ ڕێکەوتنێکیان بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی و سەروەری ئەم دوو دوورگەیە بۆ سعوودیە پەسەند کرد؛ بەڵام ئەم ڕێککەوتنە بە هۆی پەیماننامەی ساڵی ١٩٧٩ پێویستی بە ڕەزامەندی ڕژێمی زایۆنیستیش هەبوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .