یادداشت: تاوتوێکردنی دەرئەنجامی ململانێکانی نێوان زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ئاسیای ناوەڕاست
بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە کازاخستان، قەیرانی ئابووری و ئەمنی لە ئەفغانستان، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە پارێزگای بەدەخشانی تاجیکستان، ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی قەرەقالپاقستان و قەبارەی زۆری ناردنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ وڵاتانی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست سەرنج و کێبڕکێی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لەم ناوچەیەدا نیشان دەدات.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئاسیای ناوەڕاست لە قەیرانە جیاجیاکانی وەک ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان و ململانێی سەربازییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا تێوەگلاوە. ههروهها جموجۆڵی بهرپرسانی سیاسی و سهربازی وڵاتە جیاوازەکان له ناوچهی ئاسیای ناوهڕاست و بهتایبهتی ئهمریکییەکان لەم ناوچهیەدا، گرنگی ئهم دۆخهی زیاتر کردووه. قەیرانەکانی ئەم ناوچەیە دەتوانرێت بەم شێوەیە پێناسە بکرێت:
١- قەیرانی ئەفغانستان و هەوڵی ئەمریکا بۆ کاریگەری زیاتر لە ئاسیای ناوەڕاست:
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بۆشایییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکە دروست بوو و زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییەکانیان هەرچەندە سنووردار لەگەڵ تاڵیبان دەستپێکرد، بەڵام لەم نێوەندەدا، تاجیکستان بە ئاشکرا پشتگیری لە هێزەکانی ئەحمەد مەسعود کرد و هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی تاڵیبانی ڕەتکردەوە، کە ئەم پرسەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکا. بەگشتی ئامانجی ئەمریکییەکان بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی گەرم لەگەڵ تاجیکستان ئەوەیە کە لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدا بمێننەوە تا بتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕووسیا، چین و ئێران هەبێت و هەروەها لە پێشهاتەکانی ئەفغانستاندا ڕۆڵیان هەبێت. ئەمریکا بە وەڵامی نەرێنی پاکستان سەبارەت بە دروستکردنی بنکەی سەربازی و چەند شتێکی تر لە سەرەتای ئەم کارەدا شکستی هێنا، بەڵام ئێستا بە سیاسەتی HUMINT (کۆکردنەوەی زانیاری بە بەکارهێنانی سەرچاوەی مەیدانی)، پشتگیری لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGO) و هەروەها ڕاهێنان و یارمەتی سەربازی و ئەمنی، کاریگەری خۆی لە تاجیکستان زیاد کردووە. یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی ئەم دواییەی پوتین بۆ تاجیکستان نیگەرانی لە زیادبوونی جموجۆڵەکانی ئەمریکا بوو. (لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکی بە ناوەکانی دۆناڵد لۆ، تۆم وێست و ژەنەڕاڵ مایکل کوریلا سەردانی تاجیکستانیان کردووە).
هێرشی موشەکی داعش و کەسانی نەناسراو لە ئەفغانستانەوە بۆ تاجیکستان، ئۆزبەکستان و تورکمەنستان لەو ڕووداوانەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویان داوە و ئەم پرسە تا ئاشکرا نەبوونی ڕەهەندەکانی ناتوانرێت شیکاری بۆ بکرێت.
٢- سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە بەدەخشانی تاجیکستان:
لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە، هەرێمی ئۆتۆنۆمی بەدەخشانی تاجیکستان، سەرچاوەی ناڕەزایەتیی جەماوەری و هەروەها سەرکوتکردنی توندی لەلایەن حکوومەتی ئیمامعەلی ڕەحمانەوە بووە. ئەم بابەتە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە چڕتر بووەتەوە و تیرۆری “شەهید محەممەد باقر محەممەدباقروڤ” یەکێک لە سەرکردە جەماوەرییەکانی ئەم ناوچەیە بە گرنگترینی ئەو ڕووداوانە دادەنرێت. هەروەها سەرکردە ناوخۆییەکانی دیکەش یان چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەبووە یان دەستگیرکراون.
بەپێی دوایین زانیارییە مەیدانییەکان، حکوومەتی تاجیکستان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی یەکگرتوو و خۆسەپێنانەی خۆی لە هەموو تاجیکستاندا جێبەجێ بکات، هەوڵی سەرکوتکردنی گروپە جەماوەرییەکانی بەدەخشان دەدات. ڕەحمان بە کەڵک وەرگرتن لە شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا و هاوکات گەشتە ناوچەییەکانی بۆ ئێران، ڕووسیا و ئۆزبەکستان، توانی بەبێ هیچ فشارێک ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە بەدەخشان بە ئەنجام بگەیەنێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دوای ئەم گرژییە، گەنجانی شەڕڤانی بەدەخشان یان هەڵهاتن یان لە چیاکان خۆیان حەشارداوە و کەشێکی داخراو و سنووردار بەسەر شاری خارۆغ و شارەکانی دیکەی پارێزگای بەدەخشاندا زاڵ بووە.
٣- ئۆزبەکستان و قەیرانی قەرەقالپاقستان:
لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا هەرێمی قەرەقالپاقستان سەرەتا بەشێک لە کازاخستان، دواتر لە قرقیزستان و دوای ئەوە وەک کۆماری ئۆتۆنۆمی و دواجار خرایە سەر کۆماری سۆڤیەتی ئۆزبەکستان. لە ساڵی ١٩٩٠ بەیاننامەیەک سەبارەت بە سەروەری قەرەقالپاقستان پەسند كرا و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی واژۆ كرا كە بەپێی ئەوە كۆماری قەرەقالپاقستان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بوو بە بەشێک لە ئۆزبەكستان. قەرەقالپاقەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان هەرێمێکی ئۆتۆنۆم نییە، بەڵکوو وڵاتێکی سەربەخۆیە لەناو ئۆزبەکستاندا.
قەرەقالپاقستان کۆمارێکی پەرلەمانییە، کە خاوەن ئاڵای نیشتمانی، هێمای فەرمی، دەستوور و سروودی نیشتمانییە و ٣٧.١%ی خاکی ئۆزبەکستان دەگرێتەوە. ئەم هەرێمە خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەند و یەدەگی نەوت و غاز و زێڕە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢ ملیۆن کەسە، کە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ٣٥.٣ ملیۆن ئۆزبەک لە کەمینەدان.
مەیلی جوداخوازی لەم کۆمارەدا لەو کاتەوەی حکومەتی تاشکەند ڕایگەیاند کە ئامادەکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی هەمواری دەستوور کە سەروەری قەرەقالپاقەکان بەسەر هەرێمەکەیاندا لاببات، چڕتر بووەتەوە. رۆژی ٤ی تەمووز “داڤاڵتمورات تاجیموراتۆڤ”، سەركردەی قەرەقالپاقەکان، پلانی دانا بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەكی ئاشتیانە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام دوای بانگەوازە ڤیدیۆییەكەی دۆخەكە ئاڵۆز بوو. دوای ئهمهش له سهرتاسهری شاری نوکوس (پایتهختی قەرەقالپاقستان) کهرهستهی سهربازی و هێزهکانی دژه شۆڕش جێگیر کران و تاجیموراتۆڤ دهستگیر کرا. لەئێستادا حکومەتی ئۆزبەکستان لە گۆڕینی دەستوور پاشەکشەی کردووە و دۆخەکە ئارام بووەتەوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا دۆخی کۆماری قەرەقالپاقستان بووەتە بابەتێکی سەرەکی میدیا بیانییەکان سەبارەت بە ئۆزبەکستان.
دەسەڵاتدارانی حکوومەتی تاشکەند لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ڕێککەوتنی ئۆتۆنۆمی قەرەقالپاقستان-یان بەبێ ڕاپرسی و هەڵبژاردن لە خەڵکی قەرەقالپاقستان درێژ نەکردۆتەوە و مانۆڕی میدیای بیانیش بووە هۆی دەستپێکردنی ئەو ناڕەزایەتیانە.
٤- خۆپیشاندانەکانی کازاخستان:
ئەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەی هەڵگیرساند، گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بوو، بەڵام ئێستا داواکاری خۆپیشاندەران گۆڕاون و دەیانەوێت پرسە بەرفراوانەکان چارەسەر بکەن. قاسم جۆمارت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم ناڕەزایەتیانە کاری “گروپە تیرۆریستەکان”ـە کە لە دەرەوەی کازاخستان مەشقیان پێکراوە. بەڵام کیس مالینسۆن، پسپۆڕی ئاسیای ناوەڕاست لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا “چاتام هاس” دەڵێت، ئەم ناڕەزایەتیانە “نیشانەی توڕەیی و بێزاری قووڵە کە بەهۆی شکستی حکومەتەوە لە مۆدێرنکردنی وڵاتەکە و هێنانەکایەی چاکسازییەکانن کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا دروست بکات.” دوابەدوای ئەم ناڕەزایەتیانە، سەرۆکی کازاخستان باری نائاسایی ڕاگەیاند و بەڵێنیدا مامەڵەی توندی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکات. لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا کە لە کاتژمێرەکانی یەکەمی ناڕەزایەتییەکاندا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند کە داوای هاوکاریی لە “ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ”ی کردووە بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە وڵاتەکەیدا. تۆکایێڤ دووەم سەرکردەی کازاخستانە دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی لە یەکێتی سۆڤیەت راگەیاند. هەڵبژاردنی تۆکایێڤ لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا بە بیانووی ڕەچاونەکردنی پێوەرە دیموکراسیەکان لە هەڵبژاردنەکاندا ئیدانە کرا.
ئامادەبوونی هێزەکانی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە کازاخستان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان یەکێک بوو لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە. سەرۆکی تاجیکستان، ئیمامعەلی ڕەحمان، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە پێشنیاری هاتنی هێزەکانی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان کرد.
٥- یارمهتی سهربازی زلهێزهكانی جیهان بۆ وڵاتانی ناوچهی ئاسیای ناوهڕاست:
له ماوەی چەند مانگی رابردوودا هاوكارییەکی سەربازی بەرچاو پێشكەش به وڵاتانی ناوچەکه كرا كه بەشێکی زۆری بۆ تاجیكستان بوو. دامەزراندنی هێڵی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەبابیل٢ لە تاجیکستان بە ئامادەبوونی جەنەراڵ باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەردانی بەرپرسی سێنتکۆم بۆ تاجیکستان و ڕاگەیاندنی یارمەتی ٦٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکا بۆ ئاسایشی تاجیکستان (دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پوما، دروستکردنی بنکەی سنووری چالداڤار لە شاری تۆسی تاجیكستان، ڕاهێنانی سەربازی هێزەکانی تاجیک و هەروەها دابینکردنی کەلوپەلی تایبەتی سنووری بۆ تاجیکستان)، دابینکردنی چەکی چینی بۆ سوپای تاجیکستان، بەڵێنی ڕووسیا بۆ پشتیوانی و تەیارکردنی پاسەوانانی سنووری تاجیکستان، فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە قرقیزستان بەشێک لەو بابەتانە بوون.
لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە دەتوانین بڵێین ئاسیای ناوەڕاست وەک شوێنی کۆبوونەوە و کاریگەری زلهێزەکانی جیهان، هەمیشە جێگەی سەرنج بووە و ئامادەیە بۆ پێشهاتە گرنگەکان لە داهاتوودا. هەروەک ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕووس لە مەراسیمی ڕۆژی سەربەخۆیی بێلاڕووس ئاماژەی پێکرد، ئاسیای ناوەڕاستیش هاوشێوەی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دەکەوێتە نێوان دوو بەرە و شوێنێکە کە جەمسەرە جیهانییەکان تیایدا بەریەک دەکەون. بەڵام بابەتی سەرەکی ئەمڕۆ ئۆکرانیا، بێلاڕووس، هەناردەی دانەوێڵە و گەنم و هتد نییە. بەڵکو پرسی سەرەکی سەرهەڵدانی یاریزانی نوێ و بەهێزە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کە تەحەدای پێکهاتەی تاک جەمسەری جیهانی کردووە. ناڕەزایەتی و شۆڕش، کاریگەریی زیاتری ئەمریکا و چین و لە بەرامبەردا کەمبوونەوەی کاریگەریی ڕووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست، ئەگەری ڕۆڵی ئێران و .. لەو بابەتانەن کە لە داهاتوودا زیاتر گوێمان لێ دەبێت.
لێدوانەکان