بەریتانیا: دەستمان بەسەر بڕێکی چەک گرتووە کە ئێران بۆ یەمەن ناردووە
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند کە لە ئاوەکانی باشووری دەریای عومان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکدا گرتووە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ یەمەن نێردراوە.
بەپێی ئیدعای سوپای بەریتانیا، کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی بەریتانیا، بە پاڵپشتی ژمارەیەک هێلیکۆپتەرەوە و کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس گریدلی سوپای ئەمریکا، لە ٢٨ی کانوونی دووەم و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٢ توانیویانە دەستبەسەر بڕێکی زۆری چەکی ئێران لە بەلەمە خێراکانی قاچاخچییەکاندا لە ئاوەکانی باشووری دەریای عومان بگرن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەو چەکانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بریتی بوون لە ٣٥٨ مووشەکی ڕوو بۆ ئاسمان و ٣٥١ بزوێنەری مووشەکی کروز کە مەودای ١٠٠٠ کیلۆمەتریان هەبووە. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا پێی وایە ئەو چەکانە هەمان ئەو مووشەکانەن کە ئەنساروڵڵا لە هێرشەکانی چەند ساڵی رابردوو بۆ سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە سعوودیە و هێرشەکانی ساڵی رابردووی بۆ سەر ئیمارات به كاریان هێناوه. دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئەم کارەی ئێرانیان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢١٦ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە و داوای پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە.
ئەمریکا، سعوودیە و ئێستاش بەریتانیا چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری چەکی ئێراندا لە دەریای سوور و ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نزیک یەمەن گرتووە، بەڵام ئەم ئیدیعایانە تا ئێستا لەلایەن ئێران و دەسەڵاتدارانی یەمەنەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لێدوانەکان