گرنگترین هەواڵەکانی ١٢٣مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

دوو شه‌ممه‌ 27 حوزه‌یران 22 - 00:33
https://kurdish.iswnews.com/?p=14094

سوپای ڕوسیا چەند مووشەکێکی کروزی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە کیێڤی پایتەخت کرد.
لانیکەم چوار تەقینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کیێڤ روویانداوە.

سوپای ئۆکرانیا بە ڕۆکێت گردبوونەوەیەکی سەربازانی ڕووسیا لە قوتابخانەیەکی بەرەی ئیزیۆم کردە ئامانج. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چەند ئۆتۆمبێلێک تێکشکێنراون یان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
ڕووسەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قوتابخانەکە ناوەندێکی پزیشکی بووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئۆکرانیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕووسیا لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر کیێڤ ١٤ مووشەکی کروزی بەکارهێناوە. لەنێو ئەو چوار تەقینەوەیەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی کیێڤ روویانداوە، موشەکێک بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی لوکیانۆڤکا کەوتووە، موشەکێک لەلایەن بەرگری ئاسمانییەوە خراوەتە خوارەوە و موشەکێکی دیکەش لە گوندێکی دەوروبەری کیێڤ کەوتوەتە خوارەوە. بەڵام ئامانجی سەرەکی هێرشەکە کارگەی ئارتەم لە ناوچەی شێڤچێنکۆڤسکی لە ڕۆژئاوای شارەکە بووە، کە سەرچاوە ئۆکراینییەکان بە هەڵە بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون رایانگەیاندووە.

هەلیکۆپتەرێکی کا-٥٢ی ڕووسی مووشەکی “izdeliye 305 lmur”ی ئاراستەی کۆگایەکی تەقەمەنی لە شاری لیسیچانسک کرد.
ئەمە یەکەم ڤیدیۆی دیکۆمێنتارییە لە بەکارهێنانی مووشەکی “izdeliye 305 lmur” لەلایەن سوپای ڕووسیاوە لە شەڕی ئۆکرانیادا.
مووشەکەکانی “Izdeliye 305 lmur” بۆ بەکارهێنانی کۆپتەری Ka-52 و Mil-28 دیزاین و بەرهەم هێنراون. پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕاگەیەندرابوو کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دوو هەلیکۆپتەرێکی ڕووسی کا-٥٢ ئێم و می ٢٨ ئێن ئێم بە مووشەکی “izdeliye 305 lmur” پڕچەک دەکرێن.
کێشی مووشەکەکە 105 کیلۆگرامە، درێژییەکەی 1045 ملیمەترە، تیرەی 200 ملیمەترە و خاوەنی سیستمی رێنمایی تێکەڵە.

ڕووسیا لە گەڕی تازەی هێرشە مووشەکیەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەند مووشەکێکی کروزی ئاراستەی پێگەکانی شاری چێرکاسی کرد.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای ڕووسیا بە زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی کروز و بالیستی هێرشی کردووەتە سەر پارێزگاکانی کیێڤ، میکۆلیێڤ، سامی، ڕیۆن، ژیتۆمیر، لڤیڤ، چێرکاسی و خارکیڤ. دەکرێت ئەم هێرشانە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکانی ڕووسیا لە کاتی جەنگی ئۆکرانیا هەژمار بکرێت.

ئاماری میدیاکانی ئۆکرانیا سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ڕووسیا بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
زیاتر لە ٣٤ هەزار و ٨٥٠ سەربازی ڕووسی کوژراون و بریندار بوون.
١٥٣٢ تانك، ٣٦٥٩ ئۆتۆمبێلی سەربازی، ٧٦٤ تۆپخانە، ٢٤٣ موشەكی هەڵگر، ٩٩ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٢١٧ فڕۆكە، ١٨٤ هێلیكۆپتەر، ٢٥٦٤ ئۆتۆمبێلی قورس و تانكەری سووتەمەنی، ١٤ بەلەمی خێرای سوك و كەشتی جەنگی و ٦٣٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەناوچووە.

ئاماری وەزارەتی بەرگری ڕووسیا سەبارەت بە زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتەوە تا ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا، ٢١٥ فڕۆکەی سەربازی، ١٣٢ هەلیکۆپتەر، ١٣٦٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٥٠ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ٣٨٠٩ تانک و زرێپۆش، ٦٨٢ موشەک هەڵگر، ٣٠١٢ تۆپ و هاوەن مەیدانی و ٣٨٦٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی تایبەتی ئۆکرانیا تێکشکاون.

دواجار شاری سەڤەرۆدۆنێتسک لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرا!

دوای چەندین هەفتە شەڕ لە شاری سەڤەرۆدۆنێتسک، دواجار هێزەکانی ڕووسیا و لوهانسک شاری سەڤەرۆدۆنێتسکیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کرد.

بەپێی ئەو پێشڕەوییانەی کە بەدەست هاتووە؛ جگە لە شاری سەڤەرۆدۆنێتسک، ناوچەکانی سیرۆتین و بوریۆسکیش کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ڕاگەیەندراوە، ڕووبەری ئەو ناوچانەی کە تازە کۆنتڕۆڵ کراوە نزیکەی ١٤٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت.
هەرچەندە خۆڕاگری هێزەکانی ئۆکرانیا لە کۆنترۆڵکردن و پاراستنی شاری سەڤەرۆدۆنێتسک و ناوچەکانی دەوروبەری تا دوا ڕۆژی زۆر باش بوو؛ بەڵام ئێستا لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی شاری سیۆرۆدۆنێتسک لەلایەن ڕووسیاوە، ورە و پاڵنەرەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە لە پارێزگای لوهانسک ماونەتەوە بە شێوەیەکی کردەیی نامێنێت و پێدەچێت شکستی خێراتر و پاشەکشەی زووتر لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بۆ هێڵی باخموت-سلاڤیانسک-کراماتۆرسک ڕووبدات.

تۆپخانەکانی سوپای ڕووسیا بە سوود وەرگرتن لە درۆن شوێنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڤۆچۆیاروکا تۆپباران کرد. تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی زیانەکانی سوپای ئۆکرانیا لەم هێرشەدا بڵاونەکراوەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .