گرنگترین هەواڵەکانی ١١٧مین ڕۆژی شەڕ لە ئۆکرانیا، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

سێ شه‌ممه‌ 21 حوزه‌یران 22 - 00:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=13816

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕووسیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەو وڵاتە بە ٦ مووشەکی ئەلێکساندەر هێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە خارکێڤ. تا ئێستا وردەکاری زیانەکانی ئەم هێرشە دیاری نەکراوە.

رووسیا گواستنەوەی نەوتی کازاخستانی بۆ دەریای رەش راگرت.

میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند کە بۆ ماوەی دە ڕۆژ هێڵی بۆری نەوتی کازاخستان بۆ دەریای ڕەش ڕاگیراوە. ئەم بڕیارە بەهۆی دۆزینەوەی ٥٠ مینی جەنگی جیهانی دووەمەوە دراوە و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ٧٠%ی هەناردەی نەوتی کازاخستان بۆ یەکێتی ئەوروپایە. ئەمەش ٦%ی خواستی نەوتی یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت. کازاخستان جگە لە ئۆپێک سێیەم گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوتی یەکێتی ئەوروپا لە دوای ڕووسیا و نەرویجە.

ئەڵمانیا خەڵوز بە گازی ڕووسی دەگۆڕێت

دوابەدوای كەمكردنەوەی هەناردەی گازی ڕووسیا بۆ ئەڵمانیا، وەزیری ئابووری ئەڵمانیا رۆبەرت هاب رایگەیاند كە بەكارهێنانی گاز لە وێستگەكانی كارەبا كەم دەكاتەوە و بە بەكارهێنانی زیاتری سووتەمەنی خەڵوز قەرەبووی كەمبوونەوەی گازی ڕووسیا دەكاتەوە.
ئەڵمانیا بە بەکارهێنانی یەدەگی گازی خۆی قەرەبووی زیادبوونی بەکارهێنانی گازی لە زستانی ڕابردوودا کردەوە. بەڵام ئەم یەدەگانە بەڕێژەی ٥٧% كەم بۆتەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕووسیا نزیکەی ٤٠٪ی بەکارهێنانی گازی یەکێتی ئەوروپای دابین کردووە ( ١٤٥ ملیار مەتر سێجا) کە ٦٠ ملیار مەتر سێجای تایبەت بە ئەڵمانیا بووە.

کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردووەوە بە بیانووی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا هەناردەی گازی بۆ ئەڵمانیا و سلۆڤاکیا و ئیتاڵیا بۆ نیوە کەمکردووەتەوە و هەناردەی گازی بۆ فەرەنسا ڕاگرتووە. پێشتر ڕووسیا هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا و فینلاند ڕاگرتبوو.

هێزەکانی ڕووسیا و لوهانسک گوندی تۆشکیوکایان لە میحوەری باشووری سەڤەرۆدۆنێتسک کۆنترۆڵکردەوە.

سوپای ڕووسیا چەند مووشەکێکی کروزی ئاراستەی پێگە سەربازییەکانی ئۆکرانیا لە شاری ئۆدێسا لە باشووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کرد.
سەرچاوە خۆجێیەکانی ئۆدێسا هەروەها بە بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک چەند تەقینەوەیەکی بەهێزیان لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە رایگەیاند. ئەم فڕۆکەخانەیە سەرچاوەی بەشێک لە هێرشە ئاسمانییە سەربازییەکانی ئۆکرانیایە بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش.

کالینینگراد، گۆڕەپانی شەڕی نوێی ڕووسیا و ئەوروپا

دوابەدوای ڕاگرتنی ترانزێتی کاڵا لە هێڵی ئاسنی لیتوانیا بۆ هێڵی ئاسنی کالینینگراد لەلایەن حکومەتی لیتوانیاوە، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد دوای بانگهێشتکردنی کاڕبەرێکەری کاروباری لیتوانیا لە مۆسکۆ.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەروەها لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە کە هەنگاوەکەی لیتوانیا لە کالینینگراد پێشێلکردنی ڕوونی پابەندبوونە بە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و بەیاننامەی هاوبەشی ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ترانزێت لەگەڵ پارێزگای کالینینگرادی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٢دا. دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی سەرۆكایەتی ڕووسیا ئەو بڕیارەی بە نایاسایی ناوبرد و رایگەیاند، ڕووسیا دوای تاوتوێکردنێکی ورد، لە چەند رۆژی داهاتوودا ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەگرێتەبەر.

شایانی باسە کە لیتوانیا بە پشتبەستن بە چوارچێوەی پێنجەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا، لە ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ناردنی کەلوپەلی لە ڕووسیا و بێلاڕووسەوە لە ڕێگەی خاکەکەیەوە بۆ پارێزگای کالینینگراد قەدەغە کرد. سزاکان هەموو ئەو کاڵایانە دەگرێتەوە کە بۆ ڕووسیا و بێلاڕووس دەنێردرێت جگە لە بەرهەمە پزیشکی و خۆراکیەکان.

پارێزگای کالینینگراد ناوچەیەکە لە کەنارەکانی دەریای باڵتیک لە نێوان لیتوانیا و پۆڵەندا، کە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت وەک بەشێک لە فیدراسیۆنی ڕووسیا ماوەتەوە. ژمارەی دانیشتووانی کالینینگراد نزیکەی ٩٩٥ هەزار کەسە و ڕووبەرەکەی ١٥ هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. کالینینگراد لە ڕێگەی هێڵی ئاسنی لیتوانیا و بۆشایی سوولکی پەیوەندی وشکانی لەگەڵ ڕووسیا هەیە. ئەم ناوچەیە شوێنی جێگیرکردنی هێزی دەریایی ڕووسیا بە ناوی باڵتیکە و سوپای ڕووسیا باشترین کەرەستەی سەربازیی خۆی وەک سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠ و مووشەکی ئەلێکساندەر و .. لە بنکەکانی ئەم ناوچەیە جێگیر کردووە.

سوپای ئۆکرانیا لە دەریای رەش بۆردومانی وێستگە نەوتییەکانی ڕووسیا کرد.

بە وتەی سێرگی ئاکسینۆڤ، پارێزگاری کریمە، هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەکانی نەوت و گازی چۆرنۆمور. له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا ١٢ كه‌س له‌و وێستگەیە بوون كه‌ سێ كه‌س بریندار بوون و سێ كه‌سی دیكه‌ش بێ سه‌رو شوێنن. کۆمپانیای چۆرنۆمور یەکێکە لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازی نیمچە دوورگەی کریمە. کۆمپانیاکە پێش ئەوەی کریمە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئۆکرانیا جیاببێتەوە لقێکی حکومەتی ئۆکرانیا بوو، و دوای ئەوەی کریمە خرایەوە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا، لەلایەن ئەو وڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .