نهێنی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان / سەدرییەکان لە چاوەڕوانی خۆپێشاندانێکی گەورەدان لە عێراق

یه‌ك شه‌ممه‌ 19 حوزه‌یران 2022 - 16:55
https://kurdish.iswnews.com/?p=13781

شارەزایەکی کاروباری عێراق سەبارەت بە کشانەوەی سەید موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، وتی کە ئەگەرچی سەدرییەکان دەڵێن لە چالاکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت دوور دەکەونەوە، بەڵام هێشتا لە پێکهاتەی حکومەت بە تایبەت حکومەتە خۆجێیەکان بوونیان هەیە و تێڕوانینی ئەوان ئەوەیە کە لە داهاتوویەکی نزیک و کورت ماوەدا خۆپێشاندانێکی گەورە لە عێراق ڕوو دەدات، ستراتیژی ئەوانیش ئەوەیە کە پەیامی ئەوە بە خەڵک بدەن سەدرییەکان بەشێک لەم دەسەڵاتەی ئێستا نین.

عەلیڕەزا مەجیدی سەبارەت بە بڕیارەکەی سەدر و کشانەوەی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق و وازهێنان لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە، وتی: دەبێت دوو بابەتی گرنگ سەبارەت بە عێراق لە بەرچاو بگرین: یەکەم، سیاسەت لە عێراق تەنیا بەسراوەی هاوکێشە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە نییە، بە واتای ئەوەی کە لە ساڵی 2003 و ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام تا ئێستا، بەردەوام پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە سەر چوار بنەما بووە، یەکەمیان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بوون کە ئەمەش بابەتێکی ناوخۆییە، دووەم تێڕوانین و هەندێک کات دەستێوەردانی خێرخوازانەی مەرجەعیەتی باڵایە کە ئەمەش سیاسی نییە، دوو بنەمای دیکە ئێران و ئەمریکان کە ئەمەش وا دەکات بڵێین سیاسەت لە عێراقدا تەنیا ناوخۆیی نییە.

ئەندامی دامەزراوەی جەرەیان سەبارەت بە بابەتی دووەم، وتی: بێهیوایی کۆمەڵانی خەڵک لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق زۆرە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە، نموونەکەشی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی عێراق بینرا، لە ساڵی 2010 بەم لاوە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دابەزی، واتە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2014 ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە سەروی لە سەدا 50 بوو، لە ناوچە سوننەنشینەکان زۆر کەمتر بووە، پاش ئەوەش سەرهەڵدانی داعش بینرا.

مەجیدی لە درێژەدا وتی: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ڕێژەی بەشداری خەڵک گەیشتە کەمتر لە سەدا 50 کە پاش ئەوەش خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019 بینرا، بەشێک لەو خۆپێشاندانانە پەیوەندی بە ناڕەزایەتی ناوخۆیی عێراق و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێهیوابوونی خەڵک لە حکومەتی ئەم وڵاتەوە هەیە.

ناوبراو سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 وتی: 2021 هەڵبژاردنێکی نائاسایی و پێشوەختە بوو، بە پێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بەشداری خەڵک لە سەدا 37 بووە بەڵام ئەو ڕێژەیان بە لە سەدا 40 ڕاگەیاند. لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕێژە بەشدارییەش بۆ ئەوە بوو کە بتوانن کرانەوەیەک دابین بکەن و ژمارەی کاندیدە سەربەخۆکانیان کە براوەی هەڵبژاردنەکان بوون گەیشتە 40 کورسی، لە کاتێکدا کە پێشتر نزیکەی 10 کورسی بووە، تەنانەت سەبارەت بەو لایەنانەی کە دەنگیان هێناوە هەندێک تێبینی هەبووە، لە ڕاستیدا هەندێکی پەیوەندی بە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕابردووەوە هەبووە، کە واتە ئەو لە سەدا 37 ی خەڵکیش کە دەنگیان داوە، ئەوانە بوون کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵاتی سیاسی عێراقی پاش سەدام هەبووە، لە ڕاستیدا بێهیوایی سیاسی لە عێراق ڕووی لە زیادبوونە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: بەم حاڵەوە ڕەوتی سەدر سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان بە دەست هێنا و چەندین درووشمی سەرەکیشی هەبوو کە وەک هێڵی سوور ناوی دەبرد، بە تایبەت پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، بەڵام هەشت مانگ بە سەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕ بوو و بە چەند هۆکارێک لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو حکومەت پێک بێنێت.

وتیشی: لە لایەکی دیکەوە ئاسۆیەک دەبینرێت و ئەویش ئەوەیە کە هاوکێشەکانی ناوچەکە بەرەو ئاراستەی ئاڵۆزیی جیدی لە عێراق دەڕوات، ئەمەش خاڵێکی گرنگە و میدیاکانی سەر بە ڕەوتی سەدر لەم ڕۆژانەدا جەختیان لە سەر کردووەتەوە. بەشێک لەم هاوکێشانەش ناوچەیی و پەیوەندی بە پرسی ناوەکی ئێران و ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەیە. تێڕوانینەکان ئەوەیە کە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبێت و لەم نێوەندەدا عێراقیش گۆشتی قوربانی دەبێت. بە گشتی و لەم هەلومەرجەدا  سەدرییەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە باشترین ڕێگای بەردەم چالاکییە سیاسییەکانی ئەوان، دوورکەوتنەوەیە لە دەسەڵاتدارانی عێراق.

عەلیڕەزا مەجیدی سەبارەت بەوەی کە هەنگاوی داهاتووی سەدرییەکان چییە، وتی: هەنگاوی داهاتووی ئەوان تەنیا بێدەنگی تەواوە، لە بەر ئەوەی کە تێڕوانینی ئەوان ئەوەیە کە بەم حاڵەوە، تەنانەت بە بێ دەستێوەردانی سەدرییەکان، تا چەند مانگی داهاتوو خۆپێشاندانێکی گەورە ڕوو دەدات. دەبێت ئەوەش بڵێین کە ڕاستە سەدرییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە چالاکی سیاسی دوور دەکەونەوە و تەنانەت سەدر سەدانی سعوودیە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی حەج دەکات و پاشان ڕەنگە نەگەڕێتەوە و پێشبینی ئەوەیە کە بۆ لوبنان دەڕوات، بەڵام بەردەوام لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەمێننەوە و تەنیا لە پەرلەمان کشاونەتەوە.

ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری عێراق لە کۆتاییدا وتی: هێشتا حکومەتە خۆجییەکان لە چەندین پارێزگا لای سەدرییەکانە، نەجەف کە پارێزگایەکی مەزهەبی و بە جۆرێک ناوەندی پارێزگاکانی باشوری عێراقە، لای ئەم ڕەوتەیە، پارێزگاری نەجەف بە تەواوی لە گەڵ سەدرییەکان هەماهەنگ بووە، پارێزگای ناسریەش کە ناوەندی سەرەکیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 بووە، سەر بە سەدرییەکانە و هەروەها پارێزگای میسان بۆ ماوەی دە ساڵە لاین ئەوانە، هەر بۆیە ڕەوتی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدایە و تێڕوانینی ئەوان ئەوەیە کە لە داهاتوو و لە کورت ماوەدا خۆپێشاندان و شۆڕشێکی سەرتاسەری ڕوو دەدات، ستراتیژیان ئەوەیە کە وا پیشان بدەن سەدرییەکان بەشێک لەم دەسەڵاتە نین.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *