ڕێبەری ئەنساروڵڵا: مووشەکمان هەیە کە ئامێرە مۆدێرنەکانی ئەمریکا توانای بەرپەرچدانەوەیان نییە

هه‌ینی 10 حوزه‌یران 2022 - 12:29
https://kurdish.iswnews.com/?p=13317

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین ئەلحوسی، ڕێبەری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا و شۆڕشی یەمەن لەگەڵ شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی پارێزگای تەعەز کۆبووەوە و جەختی لە سەر کردنەوەی ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە کرد و هۆشداری دایە هاوپەیمانی سعوودی لە هەر ئامادەکارییەکی بۆ پێکدادانەکانی داهاتوو لە یەمەن.

پوختە و بەشە گرنگەکانی لێدوانەکانی سەید ئەلحوسی بەم شێوەیەن:
پارێزگای تەعەز هێمای شانازی، سەقامگیری و نیشتمانپەروەریەکی دڵسۆزانەیە کە هەمیشە لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لە تەعەز و هەموو نیشتمان ئامادە بووە.
بەرپرسانی حکومەت بەپێی ئەو ئاسانکارییانەی لەبەردەستدایە گرنگییەکی تایبەت بەخزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاکە دەدەن.
ئێمە ئامادەییمان بۆ کردنەوەی ڕێگاوبانەکان ڕاگەیاندووە و تەنانەت ئامادەین وەک دەستپێشخەرییەک ئەو کارە بکەین ئەگەر لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا ڕێککەوتن نەکرێت.

ئامانج لە هێرش بۆ سەر یەمەن دڵنیاکردنەوەی لایەنی ئیسرائیلیە لە هەر ڕۆڵێک کە یەمەن بتوانێت لە دژی ئەوان بگێڕێت. هەركەسێك ئاڵای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکان، بەكرێگیراوی، هاوبەشی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە دەستەوە بێت، دەستدرێژیكارە بۆ سەر وڵاتەكەمان. هیچ کەسێک لەم جیهانەدا لەو ڕادەیە نییە دەست بەسەر ئازادی، سەربەخۆیی و کەرامەتی گەلی یەمەندا بگرێت.

ئەولەویەتی ئێمە لەم قۆناغەدا بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییە، چونکە هەڕەشەی سەربازی بەردەوامە و دوژمنان خۆیان بۆ قۆناغی داهاتووی ململانێکان ئامادە دەکەن.

بەشی پیشەسازی سەربازیمان بە یارمەتی خودا دەبێتە یەکێک لە باشترین ناوچە پیشەسازییەکانی ناوچەکە. ئەمڕۆ مووشەکی دوور مەودا و زیرەکمان هەیە کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن ئەمریکی ناتوانێت بەرپەرچی بداتەوە. سعوودیه بۆ بەدەستهێنانی هەر سیستەمێک کە بتوانێت موشەکەکانمان تێکبشکێنێت داوای یارمەتی لە هەموو جیهانی کردووە، و تەنانەت لە ئیسرائیل پاراوەتەوە.

هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی یەمەن و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری ئاسمانی بەردەوامە و لەم ساڵانەی دواییدا تێبینی ئەوە کراوە کە چەندین فڕۆکەی دوژمنی خستۆتە خوارەوە. پێویستە هەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی و بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە کوالێتی باش و تێچووی گونجاو.

پارێزگای تەعەز نموونەیەکی ستەملێکراوە و بەشێکی زۆری تاوانەکانی دوژمنی لەخۆوە دەگرێت. ئەم پارێزگایە ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان لە ڕووی دانیشتووان و جوگرافیاوە هەیە. تاوانە قێزەونەکان و وێرانکردنی سیستماتیکی ژێرخانی پارێزگای تەعەز لەلایەن هاوپەیمانی سعوودیەوە لەبیر ناکەین. کوشتن، دزی و ئاوارەکردنی خەڵکی تەعەز لەبیر ناکەین. دوژمن بە ئەنقەست ئاسایشی تەعەز ناسەقامگیر دەکات و ڕەتیدەکاتەوە رێگاکان بکرێتەوە.

کەسێک کە پێیان دەگوت سەرۆک کۆمار (عەبد ڕەبۆ مەنسوور هادی) بۆ هۆڵێک بردیان تا ئەفسەرێکی سعوودی ناچاری بکات دەست لەکار بکێشێتەوە. هەر ئەم کەسە جاران ئامادەبوو هەموو گەلی یەمەن سەرببڕێت تا هیچ ئیمتیازێکیان پێ نەدات. چەند قێزەونە بۆ کەسێک کە دان بە دەستدرێژیدا بۆ سەر نیشتیمانەکەی بنێت بۆ ئەوەی نازناوەکەی بپارێزێت و ژێر ئەو نازناوە دا (سەرۆک کۆمار) خزمەتکارێکی بچووکی ئەفسەرانی هەواڵگری سعودیە یان ئیمارات بێت.
خیانەتکاران نوێنەرانی یەمەن و هیچ پارێزگایەک و ڕۆڵە شەریفەکانی کە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی شەڕ دەکەن، نین.

ئەمریکا و رۆژئاوا بە بیانووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، دۆخی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکەن تا هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئیسرائیل لە ژێر پەردەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لاببەن. سیاسەتی ئەوان بەرامبەر بە ناوچەکە و یەمەن لەسەر بنەمای پلانێکە کە گەلانی ئازاد دەخاتە خزمەتی ئیسرائیلەوە. ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان لە هیچ بارودۆخێکدا بازرگانی پێوە ناکرێت.

ئێمە لە دۆخێکی گرنگداین. دوژمنی خۆبەزلزان هەوڵدەدات هەر سەرکەوتنێک، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت بەدەست بێنێت، بۆ ئەوەی بگاتە هەندێک لە ئامانجەکانی. دوژمن لە هەوڵی دامەزراندن و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغی داهاتوو. لەم قۆناغەدا نابێت کەمتەرخەم بین و بە تەواوی بەئاگا بین. ئەمڕۆ بە یارمەتی خودا لە هەموو ڕوویەکەوە لە دۆخێکی باشترداین.
ئەوەی کە ئێمە زیاتر لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمەوە موشەکی بالیستیمان لە دژی دوژمن بەکارهێناوە، بۆ ئەمریکا و سعوودیە زەلیلییە.

کاتێک کەرتی کشتوکاڵ گەشە بکات و پرۆسەی پیشەسازی بێتە ناو ئەم بوارەوە، دەگەینە بازدانێکی تایبەت. بارودۆخی ئێمە لە وڵات بۆ گرنگیدان بەم بابەتە ئامادەیە.
هەرکەسێک خۆی بەهێز نەکات، دوژمنەکانی لە قەیرانەکاندا دەیچەوسێننەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *