ئامادەیی هێزەکانی هەسەدە بۆ هاوکارکردنی حکومەتی سووریا لە دژی هێرشەکانی تورکیا!

دووشەممە 6 حوزه‌یران 2022 - 22:04
https://kurdish.iswnews.com/?p=13145

دوابەدوای زیادبوونی مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە باکووری سووریا، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا داوای هاوکاری لە دیمەشق کردەوە.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ٥ی حوزەیران مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، هێزەکانی دیموکرات ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا هاوکاری سوپای سووریا بکەن و پێویست بە ناردنی هێزی زیاتر ناکات. ناوبراو جەختیشیكردەوە، سەرەکیترین هەنگاو كە سوپای سوریا دەتوانێت بۆ بەرگریكردن لە خاكی سووریا بگرێتەبەر، بەكارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانییە لەدژی فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا.

عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆ سەر سووریا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە دەکات. ئەولەویەتی ئێمە بەرگریکردنە لە خاکی سووریا و نابێت کەس بیر لە خراپ بەکارهێنانی ئەم هەلومەرج و دەرفەتانە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی بکاتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات هۆشداریدا لەوەی کە ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە سووریا دەتوانێت داعش زیندوو بکاتەوە، هەروەها هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادکردنی داعشەکانی ناو زیندانەوە.

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، ناتوانین لە دوو بەرەدا، هەم لە دژی تورکیا و هەم لە دژی داعش شەڕ بکەین. ناوبراو هیوای خواست کە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و تورکیا ببێتە هۆی هێوربونەوەی گرژییەکان. فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە ڕایگەیاند کە یەکێک لە داواکارییە بنەڕەتییەکانی هەسەدە ڕاگرتنی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیایە لە باکووری سووریا.

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات لەکاتێکدا ئه‌م قسانه‌ی كردووه‌ کە ئه‌مریكا وەک هاوپەیمانی سەرەکی هێزە کوردییەکان به‌ ته‌واوی دژی نزیكبوونه‌وه‌ و هاوكاری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوەندی سووریایە.
ئەمریکا دژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیایە لە باکووری سووریا، چونکە بە باشی دەزانێت لە ئەگەری لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، دانوستان و پاشان هاوکاری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا چاوەڕوان کراوە، هەروەها هێزەکانی هەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی تورکیا و پاراستنی ناوچەکانیان پەنا بۆ هەر لایەک دەبەن!

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *