دوایین هەواڵەکان لە میحوەری باکووری شاری حەلەب، ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

یەکشەممە 5 حوزه‌یران 2022 - 17:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=13094

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی هەڕەشە ئامێزی کاربەدەستانی تورکیا سەبارەت دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سووریا، ژمارەیەک سەربازی سوپای سووریا ڕەوانەی شاری تەل ڕەفعەت و فڕۆکەخانەی سەربازی منغ کران.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ٢ی حوزەیران، دوای جموجۆڵەکانی بەرفراوانی سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە لە باکووری سووریا، هێزەکانی سوپای سووریا بە پاڵپشتی کۆپتەرەکانی ڕووسیا، کەرەستەی نوێیان بۆ شاری تەل ڕەفعەت و فڕۆکەخانەی سەربازی منغ گواستەوە.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ دەریدەخات كه‌ پێشتر سوپای سووریا له‌گه‌ڵ هێزە كوردییه‌كان بۆ ناردنی هێز و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی بۆ تل ڕەفعەت و فڕۆكه‌خانه‌ی منغ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن. هەروەها یاوەری و پاڵپشتی کاروانەکەی سوپای سووریا لە لایەن هەلیکۆپتەرەکانی ڕووسیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووسەکان هێشتا گڵۆپی سەوزیان بۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا نەکردووەتەوە.

دۆخی بەرەی مەنبەج کەمێک لە میحوەری تەل ڕەفعەت جیاوازترە، چونکە تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رەزامەندیان بە هاتنی هێزەکانی سوپای سووریا بۆ ناو شاری مەنبەج دەرنەبڕیوە و ئەم بڕیارەش شاری مەنبەج دەخاتە پێشەنگی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی داهاتووی تورکیا.

ئەردۆغان لەکاتێکدا باس لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا دەکات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەو هەنگاوەن. لەم بارەیەوە لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی ئەمریکای بۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکووری سووریا ڕاگەیاندووە.
ئه‌مریکا باش ده‌زانێت که‌ ئه‌گه‌ر ڕازی بێت به‌ ئۆپه‌راسیۆنی نوێی تورکیا له‌ باکووری سووریا، هاوکاری هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) که‌ بە هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی ئەو وڵاتە لە سووریا دادەنرێت له‌ده‌ست ده‌دات و ئەگەری ئەوە هەیە هێزە کوردییه‌کان ببنە هاوپەیمانێکی حکومەتی ناوەندی سووریا و دەست بە دانوستان بکەن.

بە لەبەرچاوگرتنی فڕینی بەردەوامی باڵافڕەکانی ڕووسیا بەسەر ناوچەکانی باکووری حەلەب و یاوەرکردنی هێزەکانی سووریا لە هێڵەکانی پێشەوە لەگەڵ چەکدارانی سەر بە تورکیا، وەک دەبینرێت ڕووسیا دژایەتی بڕیارەکەی ئەردۆغان دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەم کردەوانەدا جموجۆڵ لە ڕیزەکانی ئەو چەکدارانەدا بینراوە. دەوترێت ئەو چەكدارانە بەشێك لە هێز و كەرەستەكانیان بۆ ئەو ناوچانەی كە هێڵی بەركەوتنیان لەگەڵ سوپای سووریا هەیە لە باكووری رۆژهەڵاتی ئیدلب و رۆژئاوای حەلەب گواستۆتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم جموجۆڵانە، ئەگەری زۆرە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە لە باکووری سووریا، چەکدارەکان هێرش بۆ دەستبەسەرداگرتنی پێگەکانی سوپای سووریا لە رۆژئاوای حەلەب دەست پێ بکەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *