بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بۆنەی ” یوم النکبە “

یەکشەممە 15 ئایار 2022 - 08:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=12023

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی ” یوم النکبە ” داوای لە وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ئەرکە مرۆڤی و یاساییەکانی خۆیان لە بەرامبەر گەلی فەڵەستین جێبەجێ بکەن و ڕێگری لە بەردەوامی داگیرکاری و تاوانی زیاتر لە لایەن ئەم ڕژێمە دڕندەوە بکەن.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە بۆنەی 14 ی ئایاری 1948 ناسراو بە یوم النکبە هاتووە کە ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەری داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونی خاوەنە سەرەکییەکانی خاک و وڵاتی فەڵەستین لە لایەن داگیرکارانی زایۆنیست و دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕێکخراوی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافە سەرەتایی و سرووشتییەکانی گەلی فەڵەستینە.

بەیاننامەکە دەڵێت: زایۆنیستە تاوانبارەکان لەو بەروارەوە بە پاڵپشتی هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوا، خاکی پیرۆزی فەڵەستینیان لە ڕێگای زۆر و کوشتن و تاڵانکردنەوە داگیرکرد و ژێرخانی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی هەمیشەییان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بونیاد نا کە تا ئێستاش بەردەوامە.

لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە: ساڵڕۆژی یوم النکبە جارێکی دیکە پێویستیی جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆڤی و یاساییەکانی وڵاتان و گەلانی جیهان بۆ بەرگری لە مافەکانی گەلی فەڵەستین وەبیردێنێتەوە و شکستی ڕێکخراوەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە چارەسەرکردنی یەکێک لە کۆنترین قەیرانە مرۆڤی و سیاسییەکانی جیهان پیشان دەدات، بە تایبەت ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی گەڕێکی نوێی سووکایەتیکردنی بە شوێنە ئائینی و پیرۆزە ئیسلامییەکانی فەڵەستینی دەستپێکردووە کە بە یارمەتی خودای گەورە ڕوبەڕوی خۆڕاگری و ڕاپەڕینی کەم وێنەی فەڵەستینییەکان بووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەکەدا جەختی لە سەر گرنگیدان بە پرسی فەڵەستین وەک پرسی یەکەم و سەرەکیی جیهانی ئیسلام کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ لەبیرکردن و بەلاڕێدابردنی ئەم پرسە بەردەوام تووشی شکست بووە.

بەیاننامەکە دەڵێت: بە شایەتی مێژوو، هەر چەشنە سازشتێک لە گەڵ دوژمنانی ئۆممەی ئیسلامی، هاندەرێک بۆ کردەوە نامرۆڤانەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڕژێمی ڕەگزپەرستی زایۆنیستییە و گەلان و سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی دەبێت بزانن کە تەنیا ڕێگای وەرگرتنەوەی مافی گەلی فەڵەستین، یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی و پاڵپشتی گەلان و وڵاتانی ئیسلامی و هەروەها ئازادیخوازەکانی جیهان لە خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکاران و تاوانبارانە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بڕوایەدایە کە جێگیربوونی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر لە ڕێگای چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە بە تایبەت کۆتایی هێنان بە داگیرکردنی ڕێکخراوەیی فەڵەستین، گەڕانەوەی ئاوارەکان، دیاریکردنی سیستەمی داهاتووی فەڵەستین لە سەر بنەمای بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکی نیشتمانی بە بەشداری سەرجەم دانیشتووانە ڕەسەنەکەی و لە ئاکامدا پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووی فەڵەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز بە ئاکام ناگات. کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی هەمیشەیی خۆی بۆ گەلی فەڵەستین و ئامانجەکانی ئەوان و ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان، بانگهێشتی وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ئەرکە مرۆڤی و یاساییەکانی خۆیان لە بەرامبەر گەلی فەڵەستین جێبەجێ بکەن و ڕێگری لە بەردەوامیی داگیرکاری و تاوانی زیاتری ڕژێمی زایۆنیستی و داگیرکاری قودس و پەرەسەندنی سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەکەی ئەم ڕژێمە لە فەڵەستینی داگیرکراو بکەن.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *