شەڕی دەسەڵاتی تارق ساڵح و عیدروس ئەلزبەیدی دەچێتە قۆناغی نوێوە

هه‌ینی 13 ئایار 2022 - 10:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=11903

لەگەڵ شەڕی دەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەست لەکارکێشانەوەی یەمەنەوە، گرژییەکانی نێوان سەرکردەکانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشور و هێزەکانی بەرگری نیشتمانی لە پارێزگای شبوە و عەدەن زیادی کردووە.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای دەستگیرکردنی ٢٠ ئەندامی پاسەوانی سەرۆکایەتی لەلایەن چەکدارانی ئەنجومەنی ئینتیقالی باشووری عەدەنەوە، گرژییەکی نوێ لەنێوان لایەنگرانی تاریق ساڵح و عیدروس ئەلزبەیدی لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن دەستی پێ کردووە. لە وەڵامی دەستگیرکردنی هێزەکانیدا، تاریق ساڵح داوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی باشووری کردەوە. هێزەکانی ئەلعمالقە بە فەرمانی تاریق ساڵح، پێنج ئەندامی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوریان لە شاری عەتقی ناوەندی پارێزگای شبوە دەستگیرکرد.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدڕەبە مەنسوور هادی، ململانێی دەسەڵات لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەست لەکارکێشاوە لەوانە تاریق ساڵح و عیدروس ئەلزبەیدی زیاتر چڕبۆتەوە. ئەم پێشبڕکیە لە ١٧ی نیساندا بە گرژی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای مارب و شبوە دەستیپێکرد و تا ڕۆژی رابردووش کە ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور هەڕەشەی دەستگیرکردن لە تاریق ساڵح کرد، بەردەوام بوو. پێش هەڕەشەکە، ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور ناڕەزایەتی خۆی بۆ گەیشتنی هێزەکانی سەر بە تاریق ساڵح بۆ عەدەن ڕاگەیاند بوو و هۆشداری ئەوەشی دابوو کە ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوا دەستگیری دەکەن.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکە، ئەندامێکی چەکداری ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور بە ناوی “سەلیم سەیف ئەلئەردفانی” لە عەدەن تیرۆرکرا. سەرچاوەکان لە باشوری یەمەن پێیانوایە ئەو تیرۆرە لەلایەن کەسانی سەر بە تاریق ساڵحەوە ئەنجام دراوە. پێکدادانێکی تریش لە شاری عەتق لە نێوان هێزەکانی ئەنجومەنی ئینتیقالی باشوور و “عەواد عەولقی” پارێزگاری شبوە ڕوویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.

لاوازبوونی پێگەی لایەنگرانی مەنسور هادی و حیزبی ئیسڵاح بووە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی ڕەوتەکانی تر لە ئۆپۆزیسیۆنی یەمەندا. ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی دەسەڵات لەنێوان ڕەوتەکانی سەر بە ئیمارات وەک تاریق ساڵح و عیدروس ئەلزبەیدی و هەریەک لەو کەسایەتییە کاریگەرانەی ناوچەکانی باشوور بە دوای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی دەرەکی بە تایبەتی پشتگیری شێخەکانی ئیمارات دەگەڕێن.

جێی تێبینیه که “بەرگری نیشتمانی” ڕێکخراوێکی چەکدارییە لە باشوری ڕۆژئاوای یەمەن بە سەرکردایەتی تاریق ساڵح کە زیاتر لە ١٠ هەزار چەکداری هەیە کە لە: ئەندامانی پێشووی پاسەوانانی سەرۆکایەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، هێزەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی جیابووەوە لە حکومەتی سەنعا، هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەلتهامە پێک هاتوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *