دوایین هەواڵەکان لە میحوەری پەنجشیر و بەغلان، ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ + وێنە و ڤیدیۆ

سێ شه‌ممه‌ 10 ئایار 22 - 13:39
https://kurdish.iswnews.com/?p=11729

هێزەکانی ئەحمەد مەسعود دوای چەند ڕۆژ لە پێکدادانێکی سەخت لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان توانیان پێشڕەوییەکانیان لە پارێزگاکانی پەنجشیر، بەغلان و تەخار جێگیر بکەن.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای توندبوونی پێکدادانەکانی پەنجشیر و بەغلان و گەیشتنی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ شارۆچکەی ورسج لە پارێزگای تەخار، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٦ی ئایار هێزەکانی ئەحمەد مەسعود زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر پێگە چەکدارەکانی تاڵیبان لە شارۆچکەکانی خنج و دەرێ لە پارێزگای پەنجشیر کە بەهۆیەوە ٦٨ کەس لە هێزەکانی تاڵیبان کوژران.
لەم ڕۆژانەی دواییدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە ئەحمەد مەسعود بانگەشەی کۆنترۆڵ کردنی زۆربەی ناوچەکانی سەر بەو دوو شارۆچکەیان کردەوە و لە گواستنەوەی پێکدادانەکان بەرەو شاری بازارەک و دێ پەریان هەواڵیان دایەوە. هەرچەندە تاڵیبان ئەو هەواڵانە و پێشڕەوی هێزەکانی ئەحمەد مەسعودی ڕەتکردەوە.
سەرەڕای بانگەشەکانی هەردوولا، لە ئێستادا شەڕ لەسەر سێ میحوەری بەرزاییەکانی پەنجشیر، ڕۆژهەڵات بەغلان و باشوری تەخار بەردەوامە. وردەکاری ئەم میحوەرانە بەم شێوەیە:

١- باشووری تەخار:
لە ٥ی ئایار لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بۆ سەر پێگەکانی تاڵیبان لە باشوری ورسج، ١٠ گوند لەوانە گوندەکانی پجک بالا، میان شەهر، بەند بەرق، خانەقا، پاکانی و.. لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان دەرهێنران. لە ڕۆژی ٧ی ئایاردا تاڵیبان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی ئەو گوندانە هێرشێکی ئەنجامدا، کە بە کوژرانی ١٢ کەس لە هێزەکانی، هێرشەکەیان شکستی هێنا و پاشەکشەیان کردەوە. ئەگەر هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بتوانن ئەم پێگانە بپارێزن ئەوا هەنگاوی دواتریان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی شاری ورسج دەبێت.

٢- بەرزاییەکانی پەنجشیر:
لە ٦ی ئایار هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بە فەرماندەیی خالید ئەمیری هێرشیان کردە سەر پێگەکانی چەکدارەکانی تاڵیبان لە ناوچەی ئابشار ی شارۆچکەی دەرێ و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم شارۆچکەیان راگەیاند.
لە ٦ی ئایار هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە دوو میحوەرەوە هێرشیان کردە سەر سەربازگەکانی تاڵیبان لە دۆڵەکانی عەبدوڵڵا خیل و هەزارە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دۆڵی عەبدوڵڵا خیل پاککرایەوە و سێ ئەندامی تاڵیبان کوژران و شەش کەسی دیکەش لەوانە برای بەرپرسێکی تاڵیبان لە شارۆچکەی دەرێ بە دیل گیران. لەم پێکدادانەدا هەروەها فەرماندەیەکی مەیدانی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود بە ناوی مەحفوز پەنجشیری لە ئەفسەرانی سەرۆکایەتی ٩٠١ی هەواڵگری حکومەتی پێشوو کوژرا.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، تاڵیبان پاش ئەو شکستە لە دۆڵی عەبدوڵڵا خیل کشاوە و لە کاتی کشانەوەکەدا هەشت هاوڵاتی لەوانە ژنێکیان کوشتووە.

٣- ڕۆژهەڵات بەغلان:
هێرشەکانی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود لە ناوچەکانی پۆل حسار و نۆبەهار لە ٦ی ئایار بە فەرماندەیی جەنەراڵ خەیر محەمەد ئەندەرابی دەستیپێکردوە. بە وتەی سیبغەتوڵڵا ئەحمەدی وتەبێژی هێزەکانی ئەحمەد مەسعود، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تاڵیبان بە ٢٧ کوژراو و ١٠ بریندار ناچار بە کشانەوە لە پۆل حسار و خیر دەرێ و درێژ بووە و هێرشەکانیشیان بۆ کۆنترۆڵ کردنەوە ئەو ناوچانە پوچەڵکراوەتەوە. تاڵیبان لەم پێکدادانەدا پشتیوانی هەلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەفغانستان، تۆپخانەکان و هێزە تایبەتەکانی بەدری و خۆکوژی و سووری هەبووە.

پاش ئەوەی وەزارەتی بەرگری تاڵیبان تەرمی کوژراوەکانی لە پەنجشیر بۆ پارێزگاکانی هێلمەند، قەندەهار و خۆست گواستەوە، هۆزە پشتونەکانی نزیک لە تاڵیبان هێزی چەکداریان بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی ئەحمەد مەسعود ڕەوانەی پەنجشیر کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر لە هۆزی پشتون وەک خۆبەخش ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕکردن لە میحوەری پەنجشیر راگەیاندووە و وەزارەتی بەرگری تاڵیبان لە ژێر ناونیشانی ” موجاهیدینی قەندەهار”، “موجاهیدینی خۆست” و “موجاهیدینی هێلمەند” ناوی ئەو کەسانەی تۆمار کردووە.

کۆی ئەو پێشکەوتنانە ئاماژە بە چڕیی ململانێکانی پەنجشیر و بەغلان دەکات و جگە لە تەخار دەتوانێت بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئەفغانستان بڵاوبێتەوە. هەروەها ناونووسینی چەکدارانی هۆزەکانی پشتون لەلایەن تاڵیبانەوە، نیشانەی ترسی سەرکردەکانی تاڵیبانە لە پێشهاتەکانی داهاتووی ئەفغانستان. گروپە دژبەرەکانی تاڵیبان لە ئەحمەد مەسعودەوە تا بەرەی ئازادی و تەنانەت داعشیش ئاماژە بە ڕۆژەکانی سەختتر بۆ تاڵیبان دەکات و ئەم بابەتەش لەگەڵ هێرشە ئاسمانییە نەناسراوەکاندا بووەتە کێشەیەکی ئەمنی بۆ ئیمارەتی تاڵیبان.

تێپەڕبوونی هێزەکانی تاڵیبان لە شاری بازارەک ناوەندی پارێزگای پەنجشیر

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .