سەردانی بەشار ئەسەد بۆ تاران؛ دیداری سەرۆک کۆماری سوریا لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی + وێنەکان

یه‌ك شه‌ممه‌ 8 ئایار 22 - 21:50
https://kurdish.iswnews.com/?p=11620

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە سەردانێکیدا بۆ تاران، لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران و سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەوە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە سەرکەوتنەکانی سوریا لە گۆڕەپانە سیاسی و سەربازییەکان وتیان: سوریای ئەمڕۆ، سوریای پێش شەڕ نییە، ئەگەرچی ئەو کاتە ڕووخاندنەکان نەبوو بەڵام پێگەی سوریا ئێستا بەهێزترە و هەمووان وەک هێزێک لەم وڵاتە دەڕوانن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ یەک شەممە 8 ی ئایاری 2022، لە چاوپێکەوتنی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و شاندی یاوەری، خۆڕاگری و خەباتی گەل و دەسەڵاتی سوریا و سەرکەوتن لە شەڕێکی نێودەوڵەتییان بە هۆکاری بەرزکردنەوەی پێگە و سەربەرزی ئەم وڵاتە ناو برد و جەختیان کردەوە کە بە پێی پلان و ئیرادەی باڵای سەرۆک کۆمار و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ سوریا، دەبێت هەوڵ بدرێت پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات زیاتر لە ڕابردوو بەرز ببێتەوە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی ئێمە و ئێوە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەیوەندییان هەیە و پێکەوە قاوە دەخۆنەوە بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتانە لە ڕۆژی جیهانیی قودس شەقامەکانیان لە خۆیان و درووشمی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی پڕ کردەوە و ئەمەش ڕاستییەکەی ئەمڕۆی ناوچەکەیە.

بەڕێزیان چەندین هۆکاریان لە خۆڕاگری و سەرکەوتنی سوریا لە شەڕێکی نێودەوڵەتیدا بە کاریگەر ناو برد و بەرامبەر بە بەشار ئەسەد وتیان: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان، ورەی بەرزی ئێوەیە و هیوادارین بە یارمەتی خودای گەورە بتوانن زیانەکانی شەڕ قەرەبوو بکەنەوە و وڵاتی سوریا ئاوەدان بکەنەوە لە بەر ئەوەی کە کاری زۆر گەورەتان لە پێشدایە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای وەبیرهێنانەوە و بەرزنرخاندنی یاد و بیرەوەرییەکانی شەهید حاجی قاسم سولێمانی، وتیان: ئەو شەهیدە گەورەیە گرنگییەکی زۆریان بە سوریا دەدا و گیانفیدایی دەکرد و هەڵسووکەوتی ئەوان لە سوریا لە گەڵ سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران جیاوازیی نەبوو.

بەڕێزیان وتیان کە ئەم پەیوەندییانە بۆ هەر دوو وڵات گرنگە و نابێت لاواز بکرێت بەڵکوو دەبێت زیاتر بەرەو پێش ببرێت.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا سەرۆک کۆماری سوریا وێڕای ستایشکردنی پاڵپشتییەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: خۆڕاگری و هەڵوێستی بەردەوامی ئێران لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوو لە پرسەکانی ناوچەکە بە تایبەت پرسی فەڵەستین، ئەوەی بە خەڵکی ناوچەکە پیشاندا کە ڕێگای ئێران، درووست و بنەماییە.

بەشار ئەسەد وتی کە زیانەکانی شەڕ قەرەبوو دەکرێتەوە و وڵات ئاوەدان دەکرێتەوە بەڵام ئەگەر بنەماکان لە ناو ببرێن دووبارە درووست ناکرێنەوە و خۆڕاگری گەلی ئێران بە پێی بنەما و فەرموودەکانی ئیمام خومەینی (رە) و تێکۆشانی بەڕێزتان بەردەوام بووە و بووەتە هۆکاری بەردەوامیی سەرکەوتنەکان.

ناوبراو وتی کە هەندێک وا دەزانن ئێران لە ڕووی چەکدارییەوە هاوکاری بەرەی خۆڕاگری دەکات بەڵام گرنگترین پاڵپشتی و هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێدانی ورەی خۆڕاگری و بەردەوامبوونیەتی.

سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە هۆکاری ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی نەتوانێت بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت، پەیوەندی ستراتیژی ئێران و سوریایە کە دەبێت بە هێزەوە بەردەوام بێت.

جێی ئاماژەیە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا ئەمە دووەم سەردانی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەو وڵاتەیە بۆ ئێران. یەکەم سەردانی بەشار ئەسەد بۆ ئێران لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی شەهید حاج قاسم سولێمانی بەڕێوەچوو.

ئامادەبوونی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا
پێشوازی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەرۆک کۆماری سوریا
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .