بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی ئازەربایجان؛ گروپی خۆڕاگری حوسێنیون
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی ئازەربایجان (حوسێنچی لەر) بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە کۆماری ئازەربایجانە کە زۆربەی ئەندامانی لە خوێندکارانی ئایینی حەوزەی قۆم پێک دێت و دژایەتی سیاسەتەکانی حکومەتی ئازەربایجان دەکەن.
جگە لە ئازەربایجانیەکانی کۆماری ئازەربایجان، ئازەربایجانەکانی دانیشتووی ڕووسیا، قەفقاز، تورکیا و ئەوروپاش لەم بزووتنەوەیەدا بەشداریان هەیە.
توحید ئیبراهیمی (توحید ئیبراهیم بیلی) دامەزرێنەر و بەرپرسی یەکەمی حوسێنیون ـە.
ئەم گروپە سەرەتا دژی سیاسەتی سەرکوتکردنی ئاینییەکان و سنووردار کردنی شیعەکان لەلایەن حکومەتی کۆماری ئازەربایجانەوە چەند خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و ناوێکی دیاریکراویان نەبوو. پاشان دوای دەسبەرەکردن و سزادانی بەرفراوانی چالاکوانانی ئایینی و بێ هەڵوێستی ئەنجومەنی موسڵمانانی قەفقاز (قەوقاز)، کۆماری ئازەربایجانیان بەجێهێشت. لە ساڵانی دواتردا و لەگەڵ دەسپێکردنی شەڕەکانی سوریا و عێراق بۆ بەرگریکردن لە شوێنە پیرۆزەکان و بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تەکفیرییەکان، وەک بەشێک لە بەرەی خۆڕاگری بەشدارییان لەو شەڕانەدا کرد.
لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی شەهید قاسم سولێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ناوی حوسێنیون بە فەرمی بۆ ئەو گروپە هەڵبژێردرا و گروپەکەش چالاکییەکانی بە شێوەی فەرمی ئاشکرا کرد.
شایانی باسە ئەو ئازەربایجانیانەی کە لە چوارچێوەی گروپی حوسێنیون بەشداریان لە شەڕی سووریا کرد بوو، زۆربەیان دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی ئازەربایجان، لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە زیندانی کران یان ڕووبەڕووی توندوو تیژی بوونەوە.
بەڵام بابەتی سەرەکی کە حکومەتی ئازەربایجانی لەسەر گروپی حوسێنیون هەستیار کردووە، چالاکی میدیایی ئەوانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. گروپی خۆڕاگری حوسێنیون بە ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکەی ڕووداوەکان، هەواڵی سەرنجڕاکێشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکاتەوە.
تا ئێستا شەش ئەندامی حوسێنیون لە ئازەربایجان و ڕووسیا دەستگیرکراون و دوای دادگاییکردنیان لە دادگای تایبەت بە تاوانە ڕێکخراویەکانی باکو سزای ١٢ بۆ ١٤ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. دیارترین کەسایەتی بەندکراوی ئەم گروپە یونس سەفەرۆف، ئەنجامدەری تەقەکردن لە قایمقامی شاری گەنجەیە کە بە زیندانی هەتا هەتایی سزادراوە.
بەرپرسانی ئازەربایجانی لە سەردانەکانی رابردوویان بۆ ئێران، جەختیان لەسەر ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی گروپی خۆڕاگری حوسێنیون بەو وڵاتە کردووە و لە بەرامبەردا ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی هەندێک ئیمتیازی ئابووری دەربڕیوە. ئەوان تەنانەت ئامادەن لە بەرامبەر سنووردار کردنی ئەم گروپە و بەبێ ڕادەستکردنیان هەندێک ئیمتیازی ئابووری بدەن. بێگومان ئەمە داواکاری حکومەتی ئازەربایجانە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەردانە جۆراوجۆرەکاندا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانی کردووە بە پچرانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبنە هاوپەیمانی داگیرکەرانی فەڵەستین یان لانی کەم ڕێگری بکەن لە چالاکییە سەربازی و ئەمینییەکانی ئیسرائیل لەم وڵاتە و سنوورەکانی ئێران.
لێدوانەکان