یادداشت: گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش
دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی داعش و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەو گروپە تیرۆریستییە، فەرماندە گەورەکانی داعش ستراتیژیەتی “گورگی تەنیا”یان بۆ هەندێک وڵات گرتە بەر.
لە تیۆری “گورگی تەنیا” کەسێکی ئاسایی، یان هاوڵاتیەک، بە وەرگرتنی ڕاهێنانی جۆراوجۆر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێتە تیرۆرستێکی تاکەکەسی لە کۆمەڵگادا. ئەو کەسانە پەیوەندیەکی ڕوونیان بە گروپە تیرۆریستییەکان و نێوەندگیرەکانیان نییە و بە تاکەکەسی هەوڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەدەن، هەر بۆیە دۆزینەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەستەمە.
بەڵام لە عێراق و سوریا بە هۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی چەتەکانی داعش، ئەم ستراتیژە جێبەجێ نەکراوە و هێزەکانی داعش لەم دوو وڵاتەدا بەسەر گروپی سێ بۆ پێنج کەسی دابەش بوون. ئەم گرووپانە بە شانە نوستووەکانی داعش ناسراون کە بە گشتی لە بیابانەکانی عێراق و سوریا و تەنانەت لە نێو خەڵکی ئاساییدا دەژین.
بە کوژرانی “ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەشی” سەرکردەی پێشووی داعش لە هێرشێکی سوپای ئەمریکا لە شارۆچکەی ئەتمەی سەر بە پارێزگای ئیدلبی سووریا و دەستنیشانکردنی “ئەبولحەسەن هاشمی ئەلقوڕەشی” وەک سەرکردەی نوێی ئەو گروپە تیرۆریستییە، پێکهاتەیەکی نوێ لە داعش دامەزرا.
بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی، فەرماندەیی داعش فەرمانی بە هەموو هێزە ژێردەستەکانی کردووە کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەکانیان هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجام نەدەن.
ئەمەش دەریدەخات کە داعش لەو وڵاتانەی کە فەرماندەی مەیدانی بۆ ئەندامانی هەیە، ستراتیژیەتی “گورگی تەنیا” ی جێبەجێ نەکردووە و هەموو کردەوەکانیش بە فەرمانی فەرماندەکان ئەنجام دەدرێن.
دوای ئەو بڕیارە پەیوەندییەکانی ئەندامانی داعش لەگەڵ بەرپرسانی باڵایان زیادیکردووە و زۆرترین هەماهەنگی و فەرمان و پەیام… لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
لەگەڵ زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی داعش و فەرماندەکانی ئەو گروپە، ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سوریا بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی شوێنەکەیان و بەدەست هێنانی زانیاری زیاتری لەسەر فەرماندەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییە.
وەک دیارە داعش بە گۆڕینی ستراتیژییەکەی، بانگی شانە نوستووەکانی کردووە کە لەنێو خەڵک و هاوڵاتیاندا دەژین و هەوڵ دەدات بە پێکهێنانی گروپی چریکی زیاتر، گورزی توندتر لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و سوریا بدات.
پێشبینی دەکرێت کە ئەندامانی داعش بە پاڵپشتی هەواڵگری و لۆجستی ڕۆژئاوا، دەست بە چەند کردەوەیەکی وەک هێرشکردنە سەر بەندیخانەی غوێرانی حەسەکە لە سووریا، تیرۆر و تەقینەوە لەناو جەرگەی وڵاتاندا بکات و پلان بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچە ستراتیژییەکان دابڕێژێت.
دوای ماوەیەک ڕوون دەبێتەوە کە داعش لە چ وڵاتێکدا ستراتیژی “گورگی تەنیا”ی هەڵوەشاندۆتەوە یان جێبەجێی کردووە و ستراتیژیەتی نوێی ئەو گروپە بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆی لە ناوچەکەدا چییە.
زیاتر لە ناو وڵاتانی ڕۆژئاوە شێوازی گورگی تەنیا جێبەجێ دەکەن