ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌

مەهدی شوشتەری
نووسەر:مەهدی شوشتەری
چوارشەممە 27 نیسان 2022 - 17:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=11061

وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نابێت به‌ فێڵی رژێمی ئیسرائیل به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی وڵاتانی خۆیان بخه‌ڵه‌تێن، بونی راسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆی ئه‌م رژێمه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا كه‌ ته‌نها به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی داگیركاری و پیلان له‌ ناوچه‌كه‌یه‌ جگه‌ له‌ ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ هیچ مژده‌یه‌ك به‌دوای خۆی دا ناهێنێت، “ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ رژێمی زایۆنی، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌”.

مەهدی شوشتەری، سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی قودسه‌وه‌ له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند، “‎74 ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنی سه‌رزه‌مینی مێژویی فه‌ڵه‌ستین و دروستبونی رژێمی ساخته‌ی ئیسرائیل له‌ به‌شێك له‌م سه‌رزه‌مینه‌ پیرۆزه‌دا به‌ به‌های ئاواره‌بونی ملیۆنان فه‌له‌ستینی و كوشت و بڕ و پێشێل و وێران كردنی به‌رده‌وام له‌ دژی گه‌لی سته‌ملێكراو و بێ په‌نای فه‌ڵه‌ستین و ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ دا تێده‌په‌ڕێت؛ له‌ ئه‌نجامی بێده‌نگی و پشتگیری به‌شێك له‌ هێزه‌ جیهانیه‌كان له‌ رژێمی زایۆنی كه‌ رۆژانه‌ په‌نا بۆ پێشێلكردنی رون، به‌رده‌وام و سیسته‌ماتێكی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌بات، قه‌یرانی داگیركاری فه‌ڵه‌ستینی كردوه‌ به‌ درێژترین، تراژیدیترین و ئاڵۆزترین قه‌یرانی ئێستای جیهان”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “له‌م یه‌ك دو ساڵه‌ی كۆتاییدا به‌شێك له‌ حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ بری به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ ئایینی و مرۆڤایه‌تیه‌كانی خۆیان له‌ پشتگیریكردن له‌ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین له‌ هه‌مبه‌ر تاوانه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی رژێمی زایۆنی، ده‌ستی دۆستایه‌تیان بۆ ئه‌م رژێمه‌ درێژ كردوه‌ و به‌ بیانوی پوچی كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ و پێكدادان و دابین كردنی ئاشتی و ئاسایش، هه‌نگاویان به‌ره‌و ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ناوه‌”.

مەهدی شوشتەری رایگەیاندووە، “‎مێژو و ئه‌زمونی له‌به‌رچاوی زیاد له‌ 7 ده‌یه‌ی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌، به‌ باشی و به‌ رونی پیشانی داوه‌ كه‌ به‌هۆی كرۆكی بنه‌ڕه‌تی رژێمی زایۆنی له‌سه‌ر بنه‌مای پێشێلكاری و داگیركاری و تاوان، پابه‌ندی هیچ جۆره‌ پایه‌ و بنه‌مایه‌كی یاسایی و ئه‌خلاقی و ته‌نانه‌ت رێكه‌وتن و به‌ڵێنێك نییه‌ و دیدگای ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌شێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ ئاست ره‌وتی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، دیدگایه‌كی پوچه‌ و له‌ تراویلكه‌یه‌ك زیاتر هیچی دیكه‌ نییه‌، رژێمی كاتی زایۆنی له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌دا سود له‌ چه‌مك گه‌لێكی وه‌ك ئاشتی و ئاسایش، سه‌قامگیری ناوچه‌یی و په‌ره‌پێدانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ وه‌رده‌گرێت”.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “وڵاتانی ناوچه‌كه‌ نابێت به‌ فێڵی رژێمی زایۆنی به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی وڵاتانی خۆیان بخه‌ڵه‌تێن، بێ گومان بونی راسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆی ئه‌م رژێمه‌ له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا كه‌ ته‌نها به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدانی داگیركاری و پیلان له‌ ناوچه‌كه‌یه‌ جگه‌ له‌ ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ هیچ مژده‌یه‌ك به‌دوای خۆی دا ناهێنێت”.

مەهدی شوشتەری رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، “ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنادا رێگربو له‌ چونه‌ناوه‌وه‌ی هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ خه‌ڵكی غه‌ززه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌ ئابوریه‌كانی قه‌یرانی كۆرۆنا، بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستینی توشی كێشه‌گه‌لێكی گه‌وره‌ كربوه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی رژێمی زایۆنی وایكردوه‌ كه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ غه‌زه‌ پێش كۆرۆنا له‌ناو بچێت”.

هه‌روه‌ها باسی له‌ ئاماره‌كانی كوژران و ده‌ستگیركردنی هاوڵاتیانی فه‌ڵه‌ستین كردوه‌ و نوسیویه‌تی، “له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2022ی زاینیه‌وه‌ تاكو ئێستا 39 فه‌له‌ستینی به‌ ده‌ستی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی رژێمی زایۆنی شه‌هید كراون، له‌ ساڵی 2021 دا نزیكه‌ی 8 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی له‌ نێویان دا 1300 لاو و 184 ژنی ده‌ستگیركردوه‌، ژماره‌ی به‌ندكراوانی هه‌تاهه‌تایی له‌ به‌ندیخانه‌كانی رژێمی زایۆنی له‌م ساڵه‌دا گه‌یشتوه‌ته‌ 547 كه‌س”.

ده‌شڵێت، “‎كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستور و دیدگای نه‌گۆڕی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی دا بۆ پشتگیریكردن له‌ گه‌لانی سته‌ملێكراو له‌ هه‌مبه‌ر سته‌مكار و داگیركه‌ران، به‌ شانازییه‌وه‌ پشتگیری و پشتیوانی له‌ خه‌باتی ره‌وای گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی نه‌ ته‌نها وه‌ك سیاسه‌تێكی كورتخایه‌ن و ته‌كتیكی به‌ڵكو وه‌ك ئه‌ركێكی ئیسلامی و مرۆڤایه‌تی و مرۆڤدۆستانه‌ كردوه‌ به‌ سه‌ردێڕی سیاسه‌تی ناوچه‌یی خۆی و له‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت”.

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین- ئیسرائیل، مەهدی شوشتەری نوسیویه‌تی، “‎ئێران له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی فه‌ڵه‌ستیندا چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا پرۆژه‌یه‌كی دیموكراتیك و دادپه‌روه‌رانه‌ی به‌ ناونیشانی ئه‌نجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی له‌ فه‌ڵه‌ستین خستوه‌ته‌ڕو، له‌ سكرتارییه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش تۆماركراوه‌، به‌ بڕوای تاران گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌رزه‌مینی باوباپیرانی خۆیان و ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌ نێوان خه‌ڵكانی ره‌سه‌نی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ به‌ مه‌به‌ستی دیاریكردنی چاره‌نوس و جۆری سیسته‌می سیاسی خۆیان، كاریگه‌رترین رێكاره‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م ناكۆكییه‌”.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “به‌پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ موسوڵمان، یه‌هودی و مه‌سیحیه‌ ره‌سه‌نه‌كانی فه‌ڵه‌ستین ده‌توانن جۆری حوكمرانی یاسایی خۆیان هه‌ڵبژێرنن و به‌ شێوه‌ی ئازادانه‌ و یه‌كسان سودمه‌ند بن له‌ مافه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر بنه‌ما دیموكراتی و مافه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان داڕێژراوه‌ و خراوه‌ته‌ڕو”.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *