یادداشت: سەرکەوتنەکانی باب ئەلعامود
سەرنجێک لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قودسی داگیرکراو و پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەقسا.
سەرنجێک لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قودسی داگیرکراو و پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەقسا
لە ڕۆژ و شەوانی ڕابردوودا لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە چەندین شەڕو پێکدادان و گرژیمان لە قودسی ڕۆژهەڵات و دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا دا بینی. شەڕو پێکدادان لەنێوان گەنجانی فەلەستینی و توندڕەوانی زایۆنیستی کە بە پشتیوانی پۆلیسی ئەو رژێمە هەستان بە ئاراز و توندوتیژی بەرامبەر بە نوێژخوێنانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقسا.
هەرچەندە لەسەرەتای مانگی پیرۆزەوە ململانێکان هەبوو، بەڵام لە شەوی ١٠ی رەمەزانەوە زیاتر بوو، بە شێوەیەک کە لە سنورەکانی فەلەستین تا کەرتی غەزە و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە کاردانەوەیان بەرامبەر بەو توندوتیژیان دەربڕی.
باب ئەلعامود لە کوێیە و بۆچی گرنگە؟
باب ئەلعامود یان باب دیمەشق، دەکەوێتە بەشی باکووری مزگەوتی ئەقسا و نزیکە لە بەشە کۆنەکەی شاری قودس. ئەم دەروازەیە چەند ساڵێکە وەک شوێنێکی گردبوونەوەی فەلەستینییەکان و ناوەندی ناڕەزایەتیە سیاسیی کۆمەڵایەتیەکان لە قودس دادەنرێت.
شوێنێکە کە پێکدادانی فەلەستینیەکان لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل تێدا زۆر ڕوو دەدات و بە تایبەت لە مانگی پیرۆزی رەمەزان لەبەر تێپەڕبوونی فەلەستینیەکان لەو دەروازەیە بەرەو مزگەوتی ئەقسا، ئاڵۆزییەکان زیاتر دروست دەبێت. لە سەرەتای مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە و لەبەر بەکارهێنانی پەرژینی ئاسنین لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە و بڵاوە پێکردنی هێزی سەربازی لە باب ئەلعامود و دەوروبەری، ئەو شوێنە کرا بە ناوچەیەکی سەربازی-ئەمنی، ئەمەش بووە هۆی کێشە بۆ فەلەستینیەکان کە شەوانە بۆ نوێژ لە مزگەوتی ئەقسا کۆدەبنەوە.
گرژییەکان لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە فەلەستینیەکان بۆ نوێژی تەراویح لە مزگەوتی پیرۆزی ئەقسا کۆدەبوونەوە و زایۆنیستە توندڕەوەکانی مەزهەبی حەریدی و کاهانیستەکان هێرشیان کردە سەر نوێژخوێنان و بە ڕەفتارێکی دڕندانە و توندڕەوانە دەستیان بە ئازاری فەلەستینیەکان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پۆلیسی ئیسرائیلیش پشتگیری زایۆنیستەکانی کردەوە و ڕێگەیان نەدا گەنجانی فەلەستینی ڕووبەڕوو ئەو توندڕەوانە ببنەوە.
سەرەڕای ئەوەش ئامادەبوونی نوێنەرانی مەزهەبی و توندڕەوی ئیسرائیلی واتا “ئیتامار بن گایەر” و “بێتزالێل سمۆتریک”، کە هەردوو نوێنەری پارتی “زایۆنیزمی ئایینی” لە کنێست ( پەرلەمانی ئیسرائیل)ـن، هاندەرێکی زیاتر بۆ توندوتیژی زایۆنیستە توندڕەوانە بەرامبەر بە فەلەستینیەکان بوون.
ئەم گروپە توندڕەوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و واتسئاپ بە دروست کردنی چەندین گروپەوە بە ناوەکانی “لیحترق عرب” و بە بەڕێوەبەری ئەم دوو نوێنەری کنێستەوە، رێکخستنیان بۆ گردبوونەوە و توندوتیژی دژ بە نوێژخوێنان دەکردەوە.
پێکدادانەکان کاتێک زیاتر بوو کە گەنجانی فەلەستینی بەرامبەر بەسەربازیی کردنی ناوچەکە و پەرژینی ئاسنینی پۆلیسی ئیسرائیل لە باب ئەلعامود، ناڕەزایەتیان دەربڕی و لەئەنجامدا پێکدادانی زیاتر لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل دروست بوو و زیاتر لە ١٠٠ فەلەستینی بریندار بوون و ژمارەیەکیش دەستگیر کران. سەرچاوە مەیدانییەکان ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ١٢٠ کەس راگەیاندووە کە پێدەچێت زیاتر بێت.
پشتیوانی هەرێمی لە ئینتیفازەی باب ئەلعامود
هاوکات لەگەڵ چڕ بوونەوەی ناکۆکییەکان لە قودس و مزگەوتی ئەقسا و باب ئەلعامود، پشتیوانی کردن لە گەنجانی فەلەستینی و ئیدانەکردنی ڕەفتاری زایۆنیستەکان دەستی پێکردەوە. هەندێک لە وڵاتان وەک ئوردن و تورکیا و ئێران و گروپەکانی بەرخۆدانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حزبۆڵڵای لوبنان، بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە دوژمنکارانەیان کرد.
لەگەڵ تەشەنەکردنی خۆپیشاندانەکان و توندڕەویی دژ بە خەڵکی قودس، گروپی بەرخۆدانی حەماس لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی نیسان، زیاتر لە ٣٠ ڕۆکێتیان لە کەرتی غەزەوە ئاراستەی شارۆچکە یەهودی نشینەکان کردەوە کە بەم شێوەیە بزووتنەوەی حەماس پاڵپشتییەکی بەهێزی خۆی لە گەنجانی خۆپیشاندەری فەلەستینی لە باب ئەلعامود راگەیاند. ئەم هێرشە رۆکێتیانە کە بەشێکی کەمیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل تێکشکان، توانییان هاوکێشە مەیدانییەکانی قودس بە قازانجی گەلی فەلەستین بگۆڕێت.
پاش ڕۆژێک لە دوای خۆپیشاندانەکان لە باب ئەلعامود، گەنجانی فەلەستینی لە بەرامبەر توندڕەویی زایۆنیستەکاندا، کردەوەکانیان زیاتر کرد. لەناوبردنی کامێرەکانی چاودێری لە نزیک مزگەوتی ئەقسا، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل، سوتاندنی ئۆتۆمبێلی زایۆنیستیەکان و فڕێدانی مەوادی ئاگرین لەناو شاروچکە و ماڵە داگیرکراوەکان، نمونەی ئەو کارانەی گەنجانی فەلەستینی بوون کە ڤیدیۆکانیان لە فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاو دەکرانەوە و میدیاکانی ناوچەکە سات بە سات هەواڵەکانیان دەگواستەوە.
لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتیە گەورەیە و پشتیوانی گروپەکانی بەرخۆدان، بە تایبەتی پشتیوانی موشەکی حەماس لە گەنجانی فەلەستینی، ئیسرائیل ناچار بوو لە باب ئەلعامود بکشێتەوە و پەرژینی ئاسنین لە فەلەستینیەکان لابدات و فەلەستینیەکان بە ئازادی توانییان لەو دەرگایەوە بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
ئەم هەواڵە کە بە ناونیشانی ( إزاله الحواجز من باب العامود) لە میدیاکان بڵاو دەکرایەوە، سەرکەوتنی گەنجانی فەلەستین و کشانەوەی ئیسرائیل بوو، ئەمەش بووە هۆی وورژاندنی زایۆنیستە ڕاستڕەو و توندڕەوکان تا ئەو جێیەی کە کابینەی ئەمنی ڕژێم، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی نیسان بۆ لێکۆڵینەوە لە باری ئەمنی قودس و کەرتی غەزە کۆبوونەوە.
هەر وەک دیارە کە ئاڵۆزییەکان تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان لە قودس بەردەوام دەبێت و گەنجانی فەلەستینی و زایۆنیستە توندڕەوانە ئەم شەوانە بە ئارامی نامێنن.
چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی تری گرژییەکان لە شەوی ٢٧ی مانگی رەمەزان بێت، کاتێک موسڵمانان لە شەوی قەدر لە مزگەوتی ئەقسا کۆدەبنەوە و ڕۆژێک دوای ئەوە لە ٢٨ی مانگی رەمەزاندا، زایۆنیستەکان بە بۆنەی “یوم القدس” دەچنە ناو مزگەوتی ئەقسا. لە مەراسیمی “یوم القدس” هەزاران زایۆنیستی توندڕەو وەک نیشانەیەک بۆ خاوەندارێتی ئەو سەرزەمینە و دەرکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا ئامادە دەبنەوە. ساڵیادی ئەم بۆنەی زایۆنیستەکان ١٤ی ئازەرە، کە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٢٨ی رەمەزان. ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ئێمە دوای هەڕەشەی داگیرکەرانی زایۆنیست سەبارەت بە مزگەوتی ئەقسا لە ٢٨ مانگی ڕەمەزاندا ، چووینە ناو جەنگێکی تازەوە. ٢٨ی رەمەزان دەبێتە ڕۆژێکی یەکلاکەرەوە و هەرگیز دەستبەرداری نابین و دەبێت راپەرینی جەماوەری قودس بەردەوام بێت”
لێدوانەکان