زانیاری_سەربازی: درۆنی سویچ بلید

چوار شه‌ممه‌ 13 نیسان 22 - 09:17
https://kurdish.iswnews.com/?p=10251

درۆنەکانی بنەماڵەی سویچ بلید جۆرێک لە چەکە بچووکەکانن کە لە لایەن کۆمپانیای AeroVironmentـەوە بە تایبەتی بۆ سوپای ئەمریکا دروست کراوە. درۆنی خۆکوژی سویچ بلید بۆ تێکشکاندنی تانک و ئامانجە تاکتیکیەکان دروست کراوە و ئەوەندە بچووکە کە لە جانتایەکی پشتەوە جێگای دەبێتەوە و دەتوانرێت لەلایەن کەسێکەوە هەڵبگیرێت. درۆنی سویچ بلید لە هاوێژەرێکی شێوە بۆڕییەوە دەهاوێژرێت و بەرەو شوێنی ئامانجەکە دەفڕێت و لەسەر سەری ئامانجەکە یان دوای لێدانی ئامانجەکە دەتەقێتەوە. یەکەم نموونەی درۆنەکە لە ساڵی ٢٠١١ ئاشکرا کرا و گەیشتە قۆناغی بەرهەمهێنان؛ بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ دوای ئاشکراکردنی درۆنی دژە زرێپۆشی سویچ بلید ٦٠٠، وەشانی سەرەتایی (٢٠١١) بە سویچ بلید ٣٠٠ ناونرا. جێی ئاماژەیە لە ماوەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیادا سوپای ئەمریکا زیاتر لە ١٠٠ لەو درۆنەی بۆ سوپای ئۆکرانیا دابین کردووە.

درۆنی سویچ بلید ٣٠٠:
درۆنی سویچ بلید ٣٠٠ بۆ مەبەستی بەکارهێنان لە یەکە سەربازییەکان و بە شێوەی درۆنی سەفەری بۆ وردی زیاتر لە پێکانی ئامانجەکان دیزاین کراوە. درێژیەکەی ٤٩.٥ سانتیمەتر و کێشی لەگەڵ هاوێژەر و سندوقی درۆنەکە ٢٧٠٠ گرام دەبێت. درۆنەکە ئەوەندە سووکە کە دەتوانرێت لەلایەن کەسێکەوە هەڵبگیرێت.
سویچ بلید لەسەر بنەمای چۆنیەتی کردنەوەی باڵەکانی دوای دەرچوونی لە هاوێژەرەکە ناونراو.

چۆنیەتی هاوێشتن و کردنەوەی باڵەکانی درۆنی سویچ بلید ٣٠٠

درۆنەکە تا ١٠ کیلۆمەتر توانای کۆنترۆڵکردنی هەیە و بەهۆی قەبارە بچووکەکەی بەردەوامی فڕینی تا ١٠ خولەک سنووردار کراوە کە بۆ پشکنین گونجاو نییە، بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئامانجە دوورەکان بە تێچوویەکی کەم و ڕزگارکردنی ئەو هێزانە کە لەلایەن دوژمنەوە هێرش کراوەتە سەریان، گونجاوە.
سویچی بلید ٣٠٠ کامیرایەک و هەستەوەرێکی GPSی بۆ شوێنکەوتن، دۆزینەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئامانجەکان هەیە. هەروەها توانای ململانێی پێشوەختەی هەیە لەگەڵ ئامانجە دیاریکراوەکان. (شوێن و ڕێگای ئامانجەکە بۆ درۆن پێناسە دەکرێت)
سەری جەنگی ئەم درۆنە یەکسانە بە نارنجۆکێکی ٤٠ میلیمەتری کە بۆ بەئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلە زرێپۆش و نەفەر هەڵگرە سووکەکان بەکار دەهێنرێت.
یەکێکی تر لە تواناکانی درۆنەکە ئەوەیە کە لەکاتی فڕیندا توانای گۆڕینی ئامانجی هەیە.

چۆنیەتی کارکردنی سویچ بلید ٣٠٠ و چاودێریکردنی لەلایەن درۆنی پوما – توانای هەڵدانی سویچ بلید ٣٠٠ لە درۆنی جامپ ٢٠

سویچی بلید بزوێنەرێکی کارەبایی هەیە کە بەهۆی قەبارەی بچووکی درۆنەکە و دەنگی کەمی، دۆزینەوەی و هەوڵدان بۆ شوێنکەوتنی زۆر ئەستەمە. ئەم درۆنە لە قۆناغی کۆتایی گەیشتن بە ئامانج، خێراییەکەی تا ١٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز دەبێتەوە. سویچ بلید وێستگەیەکی کۆنتڕۆڵکردنی لەسەر زەوی وەک فڕۆکەکانی AeroVironment لەوانە Wasp، RQ-11 و RQ-20 هەیە؛ ئەم بابەتە ڕێگە بە سویچ بلید دەدات لەگەڵ درۆنەکانی خاوەن مەودا و بەردەوامی فڕینی زیاتر بە شێوەی هاوبەشی کار بکات، بە شێوەیەک کە لەلایەن ئەم درۆنانە ئامانجەکان دەدۆزرێنەوە و بە هاوکاری سویچ بلید ڕوبەڕویان دەبنەوە.
شایانی باسە، هاوێژەری فڕە درۆن بە توانای کۆنترۆڵکردن لە دوورەوە بۆ درۆنەکانی سویچ بلید ٣٠٠ دیزاین کراوە. ئەم هاوێژەرە (launcher) ٦ درۆنیەکە کێشی ٧٣ کیلۆگرام دەبێت و توانای داگرتنەوەی کەمتر لە ٣٠ چرکە بۆ هەر جارێکی هەیە. سوپای ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ بەکارهێنانی ئەم پاکێجانەی بۆ پاراستنی بنکە سەربازیەکانی دەست پێ کردووە.

هاوێژەری ٦ درۆنی سویچ بلید ٣٠٠

تایبەتمەندییەکانی درۆنی Switchblade 300:
مەودا: ١٠ کیلۆمەتر
بەردەوامی فڕین: ١٥ خولەک
زۆرترین خێرایی: ١٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
کێش: ٢.٥ کیلۆگرام
درێژی: ٤٩.٥ سانتیمەتر
پانی باڵ: ٦٨.٦ سانتیمەتر
سەقفی فڕین: ٤٦٠٠ مەتر
بەرزایی فڕین: ١٥٠ مەتر

درۆنی سویچ بلید ٦٠٠:
درۆنی سویچ بلید ٦٠٠ بە چاو سویچ بلید ٣٠٠ قەبارەیەکی گەورەتری هەیە. درێژی ئەم درۆنە ١.٣ مەتر و کێشی ٢٢.٧ کیلۆگرام دەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت لەلایەن کەسێکەوە هەڵبگیرێت. درۆنی سویچ بلید ٦٠٠ بۆ فڕین تا مەودای ٤٠ کیلۆمەتر لە ٢٠ خولەک و هەروەها ٢٠ خولەک فڕینی زیاتر واتا ٨٠ کیلۆمەتر دیزاین کراوە. (بە گشتی ٤٠ خولەک بەردەوامی فڕینی هەیە)
خێرایی درۆنەکە ١٨٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و سەرێکی جەنگی هاوشێوەی موشەکی جاڤلینی هەیە کە توانای لەناوبردنی زرێپۆشی هەیە.

چۆنیەتی هاوێشتن و کردنەوەی باڵەکانی درۆنی سویچ بلید ٦٠٠

تابلێتێک کۆنترۆڵی ئاگر و ڕێنوێنی دەستی یان ئۆتۆماتیکی بۆ سویچ بلید ٦٠٠ دابین دەکات. تابلێتەکە داتالینکی کۆدکراو بەکاردێنێت و جی پی ئێسێکی تایبەتی هەیە. هەروەها توانای دابەزاندنی داتالینکێکی دیجیتاڵی جیای هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئامانجەکان لە سەرووی مەودای ٩٠ کیلۆمەترەوە.
یەکێک لە سوودەکان و خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی درۆنی سویچ بلید ٦٠٠ ئەوەیە کە توانای ڕاوکردنی ئامانجەکان بە مەودای زۆر زیاتر لە مووشەکی جاڤلین ی هەیە.

تایبەتمەندییەکانی درۆنی Switchblade 600:
مەودا: ٤٠ کیلۆمەتر
بەردەوامی فڕین: ٤٠ خولەک
زۆرترین خێرایی: ١٨٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
کێش: ٢٢.٧ کیلۆگرام
درێژی: ١.٣ مەتر
درێژیی باڵ: ~١.٩ مەتر
سەقفی فڕین: ٤٦٠٠ مەتر
بەرزایی فڕین: ١٩٨ مەتر

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .