دادگای باڵای پاکستان هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نادەستوریە/ عیمران خان ئەمریکای بە داڕشتنی پلانی لەکارلابردنی تۆمەتبار کرد

شەممە 9 نیسان 2022 - 15:11
https://kurdish.iswnews.com/?p=10090

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دادگای باڵای پاکستان دوای چەند ڕۆژێک گرژی سیاسی، فەرمانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی بۆ هەڵوەشاندەوەی پەرلەمان ڕەت کردەوە.

دادگای باڵای پاکستان دوای پێنج ڕۆژ لە لێکۆڵینەوە لە گرژییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، لە بڕیارێک دا هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی پاکستانی بە نادەستوری زانی و هەڵوەشاندەوەکەی ڕەتکردەوە.
بەپێی بڕیاری دادگای باڵا، فەرمانی عارف عەلەوی سەرۆک کۆماری پاکستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی نایاساییە و پێویستە ئەنجومەنی نیشتمانی لە ئەمڕۆ ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ دەست بەچالاکییەکانی بکاتەوە.
لە بڕیارەکە هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران کراوە و داوا لە پەرلەمان کراوە لە دانیشتنی ئەمڕۆ ٩ی نیساندا بڕیار لەسەر دەنگدانی بێ متمانەیی سەرۆک وەزیران بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە عیمران خان لە گوتارێکیدا کە پێشکەشی گەلی وڵاتەکەی کرد، ئەمریکای بە داڕشتنی پلانی لەکارلابردنی تۆمەتبار کرد.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتیشی: “وەزیری وڵاتەکەم، عاتف خان پێی راگەیاندم کە چەند ئەندامێکمان بانگهێشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد کراون و پێیان راگەیاندراوە کە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی پاکستاندا، وەرگرتنەوەی متمانە دەخرێتە دەنگدانەوە”.

عیمران خان راشیگەیاند، رۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەڕێوەدەچێت و گوتی: “حکوومەتی هاوردەکراو لە وڵاتەکەماندا قبوڵ ناکەین”.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *