بنکەی نهێنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە نیجەر + وێنەی ئاسمانی

وێنەی ئاسمانییەکان دەریدەخات، دەزگای هەواڵگری ئەمریکی (CIA) و سوپای ئەو وڵاتە خەریکی دروستکردن و فراوانکردنی بنکە ئاسمانییەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتی نیجەر ـن.
وێنەی ئاسمانییەکان دەریدەخات، دەزگای هەواڵگری ئەمریکی (CIA) و سوپای ئەو وڵاتە خەریکی دروستکردن و فراوانکردنی بنکە ئاسمانییەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتی نیجەر ـن.
بە پێی وێنە ئاسمانییەکان، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی (CIA) دروستکردنی بنکەیەکی نوێی ئاسمانیی لە نزیک شاری دیرکۆی باکوری ڕۆژهەڵاتی نیجەر ـی تەواو کردووە. ئەرکی سەرەکی ئەم بنکەیە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی فرۆکە بێ فڕۆکەوانی له ناوچە جیاجیاکانی کیشوەری ئەفریقا دەبێت.
لەم ساڵانەی دواییدا پنتاگۆن و سی ئای ئەی بە سود وەرگرتن لە بارودۆخی نالەباری کیشوەری ئەفریقا هەستاون بە پەرەپێدانی بنکەکانیان لە وڵاتانی سەر بەو کیشوەرە.
بە گوێرەی هەندێک لە سەرچاوە خۆجێییەکان، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی (CIA) لە ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ دا پەرە بە بنکەی خۆی لە ناوەندی ئەفریقا داوە کە کاری دروستکردنی له سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما دەست پێ کرابوو.
لە وێنە ئاسمانییەکان دەردەکەوێت، کە پرۆسەی دروستکردنی بنکە و فڕۆکەخانەی ناوچەی دیرکۆ لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠١٨ـەوە دەستیپێکراوە و دوای حەوت مانگ بە پێکهاتەی نوێ و دروستکردنی دیواری ئەمنی کۆتایی پێ هاتووە.
پێدەچێت ئەم بنکەیە بۆ تەرکیز و چاودێری لە باشوور و ڕۆژئاوای لیبیا و ناوچە جیاجیاکانی چاد و مالی و نیجەر دامەزرا بێت و مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری و سیخوڕی بۆ هێزەکانی سی ئای ئەی لە ناوەڕاستی ئەفریقای پێ سپێردرا بێت.
پێشتر لە وێنە ئاسمانییەکان ئامادەبوونی فڕۆکەی pc12 ( ئەم جۆرە فڕۆکەیە زیاتر بۆ پاڵپشتی کردنی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بەکاردەهێنرێت) لەو بنکەیە دیار بوو، بەڵام لە وێنە نوێیەکاندا، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە جێگیربوون، کە پێدەچێت هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەندێک لە ئامانجەکان لە وڵاتی لیبیا لە ڕێگەی ئەم فرۆکانەوە ئەنجام درا بێت.
لە وێنە نوێیەکاندا هەروەها جێگیربوونی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی (MQ-9 Reaper) لەم بنکەیە دەردەکەوێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ دا درێژیی ڕاڕەوی ئەم بنکەیە زیادی کرد، بەڵام هیچ شوێنێکی نوێ تایبەت بەو فرۆکانە دروست نەکراوە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران، هۆکاری دروست بوون و فراوانبوونی ئەم بنکەیە لە نیجەر، بۆ باشتربوونی چاودێری و زاڵبوون لە ناوچەکانی دەوروبەری و هەروەها وەڵامێک بۆ کەمینی داعش لەو وڵاتە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دا دەبینن کە بەو هۆیەوە چوار سەربازی ئەمریکی کوژران. بەڵام بەدیاریکراوی دروستکردنی بنکەیەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی لە ناو جەرگەی کیشوەری ئەفریقادا ئامانجێکی زیاتر لەم بابەتەدا هەیە.
لە لایەکەی دیکەشەوە، فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە ئەفریقا باس لەوە دەکات کە ئەم بنکەیە ناوەندێکی کاتی بۆ سوپای ئەمریکایە و ئەو فەرماندەییە، لە دروستکردن و فراوانکردنی ئەم دواییەی بنکەکەدا دەستی نەبووە!
ئەمریکا هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ قۆناغەکانی دروستکردن و فراوانکردنی بنکەیەکی دیکەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی گەورەی لە باشووری ئاگەدێزی تەواو کردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوو ئەمریکا فڕۆکەخانەی “نیامی”ی پایتەختی ئەو وڵاتەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی خۆی بەکار دەهێنا. بەڵام بە تەواوبوونی بنکەی ئاسمانیی ئاگەدێز، قوڵایی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
شایانی باسە بە پێی هەندێک لە زانیارییەکانی بەردەست، ئەمەریکا بۆ دروست کردنی سێ بنکەی سەربازی خۆی لەو ناوچانە، زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە.
لێدوانەکان