خەڵکی ئۆکرانیا باجی متمانەی سەرکردەکانیان بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدەن
شرۆڤەکارێکی باڵای نێودەوڵەتی بە ئاماژە بەوەی کە دۆڕاوی سەرەکی قەیرانی ئۆکرانیا خەڵکی ئەم وڵاتەن، وتی: خەڵکی ئۆکرانیا باجی متمانەی سەرکردەکانی خۆیان بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەدەن.
فۆئاد ئیزەدی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکرانیا وتی: پێکهاتەی دانیشتووانی ئۆکرانیا بە شێوازێکە کە لە سەدا 30 ی ئەوان لە بنەڕەتدا ڕووسین و ئەگەر لە ئۆکرانیا هەڵبژاردنی ئازاد بکرێت، ئەوەی کە دەبێتە سەرۆک کۆمار یان بە تەواوی نزیک لە ڕووسیایە یان لانیکەم بەوە دەگات کە پێویستی بە هەبوونی پەیوەندییەکی باشترە لە گەڵ ئەو وڵاتە.
ناوبراو وتی: ئەم دۆخە تا ساڵی 2014 لە ئۆکرانیا بوونی هەبوو بەڵام دواتر ئەمریکییەکان هەستیان بەوە کرد کە دەبێت لە ئۆکرانیا شۆڕشێک بکرێت، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە تەنیا یەک ساڵ لە ماوەی سەرۆک کۆماریی ئەو کاتەی ئۆکرانیا مابوو و ساڵی دواتر بە پێی سیستەمی دیمۆکراسی دەبوو هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: لە تشرینی دووەمی ساڵی 2013 سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئۆکرانیا پرۆژەیەکی وڵاتانی ئەورووپیی بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانی و پەیوەندییە ئابورییەکان ڕەتکردەوە و گرنگیی بە پرۆژەپێشنیاری ڕووسیا دا، ئەڵبەت ئەمەش بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئۆکرانیا کرا بەڵام ڕەتکردنەوەی پرۆژەی ئەورووپییەکان بووە هۆکاری بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان و لە ئاکامدا شۆڕشێکی لێکەوتەوە.
ئیزەدی وتی: پاش ئەو شۆڕشەش لە ئۆکرانیا کەسێک بە دەسەڵات گەیشت کە نزیک لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بوو بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و ڕووسیا لە سەر دۆسیەی ئۆکرانیا گەیشتنە ڕێکەوتن.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 2008 و لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بۆشی کوڕ، پرۆژەی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ خرایە بەر باس و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا و ئەورووپا لەم ڕێگایەوە ویستی ئەوەیان هەبوو گوشارێکی زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا.
ئەم مامۆستایەی زانکۆی تاران لە درێژەدا وتی: لە ئێستادا دۆڕاوی سەرەکیی ئەم قەیرانە خەڵکی ئۆکرانیان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەوان متمانەیان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد و خەڵک باجی ئەو متمانەیە دەدات.
فۆئاد ئیزەدەی وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستێوەردانیان لە کاروباری ئۆکرانیادا هەبووە و لە ئاکامدا بوونە هۆکاری شەڕی نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا، لە ڕۆژی یەکەمیشەوە ئەمریکا و ئەورووپا ڕێگاچارەی ئاشتیانەیان قبووڵ نەدەکرد و بە هەر بیانوویەک هەوڵی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکەیان دەدا.
وتیشی کە بە دڵنیاییەوە لە درێژماوەدا ئەمریکا و ئەورووپا دۆڕاوی ئەم قەیرانەی ئێستای نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا دەبن، لە بەر ئەوەی کە تێچوویەکی زیاتر لە بواری وزەدا دەدەن و بەردەوامی شەڕ و قەیرانەکەش دەتوانێت تێچووی ئابوری و سەربازیی زیاتر بە سەر ئەواندا بسەپێنێت.
جام کوردی
لێدوانەکان