واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی هاوکاری ئەمنی لەنێوان بەحرەین و ڕژێمی زایۆنیستی
وەزارەتی جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ بەحرەین ڕاگەیاند.
وەزارەتی جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل و بەحرەین ڕێککەوتنێکی هاوکاری ئەمنییان واژۆ کردووە.
بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی کە سەردانی بەحرەینی کردووە ووتی: نیشتنەوەی فڕۆکەکەمان لێرە پەیامێکی زۆر گرنگە.
ئەوەشی ووت: ئێمە توانیمان بە ئاشکرا باسی چەند پرسێکی گرنگی بەرگری بۆ ئاسایشی ناوچەکە بکەین.
وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مەنامەی پایتەختی بەحرەین.
جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ئیدانەی پێشوازی کردنی بەحرەین لە بێنی گانتز وەزیری جەنگی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە.
ئەم بزووتنەوەیە دژایەتی خۆی بۆ هەموو شێوازە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دووپات کردەوە.
لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی بەحرەین پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژیمی زایۆنیستی ئاسایی کردەوە، هەنگاوێک کە بە پێی پلانی “دەستپێشخەری عەرەبی” سعودیە لە ساڵی ٢٠٠٢ و ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، وابڕیاربوو دوای چارەسەرکردنی پرسی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین ئەنجام بدرێت، بەڵام بەحرەین و ئیمارات خیانەتیان لە گەلی فەلەستین کرد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە فەرمییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستدا ڕاگەیاند.
ئەم سەردانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ئیتلجنس ئۆنلاین لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە کە حەمەد بن عیسا پاشای بەحرەین فەرمانی بە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی کردووە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی دوولایەنەدا هاوکاری لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بەهێز و فراوان بکەن.
لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو وەزیری ناوخۆی بەحرەین ڕەشید بن عەبدوڵڵا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل عومیر بەرلیف کۆ بووەوە و تاوتوێ بابەتەکەیان کرد.
سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، شازادەی جێنشین و نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی سێ شەممە ١ی تشرینی دووەم کۆبوونەوە. دوای ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەحرەین و ڕژێمی زایۆنیستی ئەمە یەکەمجارە کە کۆبوونەوەیەکی لەم ئاستەدا نێوان هەردوولا ئەنجام دەدرێت.
لێدوانەکان