ئیمارات داوای یارمەتی دەستبەجێی لە کۆمپانیای زایۆنیستی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی کردووە
دوابەدوای ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی سوپای یەمەن و یەکینە جەماوەرییەکان دژ بە ئەبوزەبی، میدیاکان ڕایانگەیاند کە ئیمارات داوای یارمەتی دەستبەجێی لە کۆمپانیایەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلی کردووە.
سەرچاوەکانی عیبری زمان ڕایانگەیاند کە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییەی سەنعا لە دژی ئەبوزەبی، ئیمارات بەدوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا دەگەڕێت.
ماڵپەری هەواڵی جەزیرە لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری ڕۆژنامەی عیبری «یەدیۆت ئەهارۆنۆت» ووتی، سەرۆکی کۆمپانیای ئیسرائیلی «سکای لوک» کە لە بواری بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا چالاکە ڕایگەیاندوە کە ئیماراتییەکان داوای یارمەتی بەپەلەیان لێ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیمارات بەنیازە بە بەکارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلی جبەخانەی خۆی پەرەپێبدات و لەم چەند مانگەی دواییدا، ئەبوزەبی یەکێک لەو سیستەمانەی کڕیوە و لەسەر خاکەکەی جێگیر کردووە.
ڕۆژی دووشەممە دوای هۆشدارییە چەندین جارەی سەنعا بۆ ئەبوزەبی سەبارەت بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەمەن و هەوڵدان بۆ زیاترکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتەدا، میدیاکانی ئیمارات ڕایانگەیاند کە چەندین شوێنی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانجی هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی.
ڕاپۆرتەکە لە کاتێکدایە کە محەمەد ئەلبخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن پێش هێرشەکە بە «ئەلعەرەبی» ڕاگەیاند: «ڕێکەوتنێک لە نێوان سعودیە و ئیماراتدا هەیە کە بەو پێیە، سعودیە هەموو پارێزگاکانی باشوری یەمەن لەوانە شبوە ڕادەستی ئیمارات دەکات و لە بەرامبەریشدا، ئیمارات تەواوی توانا سەربازییەکانی وەک ڕابردوو [لە یەمەن] بەکار دەهێنێت.»
ئەلبخیتی هۆشداری دابوویەوە: «لێرەوە ئامۆژگاری ئیمارات دەکەین کە بەردەوام نەبن لە کردەوەکانیان، چونکە ئەگەر بەردەوام بن، یەمەن ناچار دەبێت هێرش بکاتە ناو قوڵایی خاکی ئەو وڵاتە. ئێمە لە باردۆخی شەڕداین.»
لێدوانەکان