چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە: لە سەر ڕووداوەکانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکەین
چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی شیعەی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکانی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان نایاسایی بووە و لە سەر ئەوەش سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی شیعە لە سەر ڕووداوەکانی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا کە ئەمرۆ چوارشەممە، 12 ی کانوونی دووەمی 2022 بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێ شەممە تاوتوێی ڕووداوەکانی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی کردووە و سەرجەم بڕیار و دەرەنجامەکانی ئەو دانیشتنە بە پێچەوانەی یاسا و دەستوور دەزانێت.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایانگەیاندووە کە لە سەر ئەو پێشێلکارییانە سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکەن.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بڕوایەدایە کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە درووستی لە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا تێپەڕ نابێت و بەم هۆیەوە بووەتە ڕێخۆشکەری قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵات و هەر حکومەت و پەرلەمانێک لە مسۆگەرکردنی داواکارییە گرنگەکانی گەل، کەمبوونەوەی کێشەکان و باشترکردنی دۆخی تەندرووستی و ئابوری، ڕوبەڕوی شکست دەکاتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بەیاننامەیەدا جەختی لە سەر وتووێژی ڕاستەوخۆ، تەواو و هاوبەشی نیشتمانی کردووەتەوە و ئەم ڕێکارەشی بە باشترین بژاردەی تێپەڕبوون بە سەر قەیرانەکان و دابینکردنی لێک تێگەیشتنی نیشتمانی ناو بردووە.
جام کوردی
لێدوانەکان