ئەشرەف غەنی: گەورەترین هەڵەی من متمانەکردن بە ئەمریکا بوو
ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان، باسی وردەکارییەکانی هەڵهاتنی کرد.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەشرەف غەنی لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بی بی سی دوای هەڵهاتنی لە ئەفغانستان، گوتی:
«گەورەترین هەڵەی من متمانەکردن بە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەمریکا بوو. هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان بەردەوام گوشاریان دەخستە سەر من و سنووریان بۆ من دیاری دەکرد. ئەوان منیان کردە قوربانی تا بە تاوانباری ئاژاوە و قەیرانەکانی ئەفغانستان بناسرم.
خەلیلزاد گفتوگۆی لەگەڵ تاڵیباندا کرد و حکومەتی کابوڵ لە گفتوگۆکاندا بە تەواوی پشتگوێ خرا. دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان ببوو بە پرسێکی تایبەت بە ئەمریکا نەک ئەفغانییەکان.
ئازادکردنی ٥ هەزار زیندانی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە لە ئەفغانستان یەکێک لە هۆکارەکانی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە و ڕووخانی حکومەت لە ئەفغانستان بوو.
من لە تووڕەیی ئەفغانییەکان و ئەوەی کە منیان بە تۆمەتباری سەرکەوتنی خێرای تاڵیبان دەزانن، تێدەگەم. لەگەڵ ئەوەی ڕوویدا، رابردووی ژیانم لەناو چوو و بەهاکانم تێکچووە.
دکتۆر موهیب، ووتی: تیمی پاراستنی کۆشک تێکشکاوە و توانای شەڕ کردنی لەگەڵ تاڵیبان نیە و ئەگەر لە کۆشک بمێنمەوە، ئەوا تاڵیبان هەموو کەسێک دەکوژێت و ئەگەر بەرگریم بکردایە هەموو کەسێک دەکوژا.
موهیب زۆر ترسا بوو و زیاتر لە دوو خولەکی پێ نەدام.
بڕیاربوو بچینە پارێزگای خۆست، بەڵام هەواڵی ئەوە هات کە پارێزگاکانی خۆست و نەنگەرهاریش کەوتوون. نەمدەزانی بەرەو کوێ دەڕۆین تا ئەو کاتەی کە فڕین.»
شایانی باسە، ئەشرەف غەنی کاتژمێر ٨:٤٥ خولەکی یەکشەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٠ بە ملیۆنان دۆلار و دوو هەلیکۆپتەری ئەفغانی بۆ تاجیکستان (لە ڕیوایەتێکی تر بۆ ئۆزبەکستان)، پاشان بۆ عومان و لە کۆتاییدا بۆ ئیمارات هەڵات. بە هەڵاتنەکەی حکومەتی ئەفغانستان ڕووخا و تاڵیبان پاش ٢٠ ساڵ دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست.
لێدوانەکان