تاڵیبان دووری دەخاتەوە، و داعش وەریدەگرێت!

شەممە 25 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 14:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=5151

لیژنەی پاکتاوکردنی تاڵیبان دوورخستنەوەی ١٨٩٥ ئەندامی نەخوازراوی ئەو گروپەی ڕاگەیاند.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان “ئەنعاموڵڵا سەمەنگانی” لە پەیامێکی تویتەردا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو هێزانەی کە لەلایەن لیژنەی پاکتاوکردنی گروپەکەوە دەرکراون ١٨٩٥ کەس بووە. ناوبراو، وتیشی: ئەم ژمارەیە چەند سەرۆکی پارێزگا شی تێدایە کە هەندێکیان دەستگیرکراون و کەیسەکانی چەند کەسێکی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
ئەم ئەندامانە لەبەر چەند هۆکارێکی جۆراوجۆر، لەوانە: کێشەی ئایدۆلۆژی، خراپ بەکارهێنانی شوێن و پێگە، چاکسازی نەکردن لە ڕەفتار، بەجێ هێڵانی ئەرک و هتد، دەرکراون.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، “مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە” سەرۆکی گروپەکە بۆ مەبەستی ڕێگریکردن لە لەناوچوونی پێگەی تاڵیبان و دەستنیشانکردنی ئەندامانی نەخوازراو، فەرمانی دامەزراندنی “لیژنەی پاکتاوکردن”ی لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا دەرکرد.

لەم بارەیەوە سەرچاوەی مەیدانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” لە وەرگرتنی کەسە دەرکراوەکان لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەی وەک داعش و ئەلقاعیدە هەواڵی دایەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی وت: «ئەندامانی داعش لە شارەکانی دۆڵی سوفی خواروو و سەروو و حەزرەتی سوڵتان لە پارێزگای سەمەنگان چالاکن و ئەندامە دەرکراوەکانی تاڵیبان وەردەگرنەوە. لە پارێزگای سەمەنگان تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ئەندامی تاڵیبان (بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئۆزبەک و تورکمان) دەرکراون و چەند ڕۆژێکە ناچالاکن و زۆربەی چالاکییەکانیان شەوانە ئەنجام دەدەن. جێی ئاماژە پێکردنە کە پشتیوانی دارایی و لۆجستی ئەو کەسانەش لە ڕێگەی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت».

بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، داعش لە پارێزگاکانی کۆنەر و نەنگەرهار لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان مانگانە ٣٥٠ تا ٥٠٠ دۆلار وەک مووچە بە ئەندامەکانی دەدات. بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیان لە ئەفغانستان، ئەم مووچانە بوونەتە فاکتەرێکی کاریگەر لە دامەزراندنی ئەندامانی داعش لە ئەفغانستان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *