کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی ئەفغانستان

دووشەممە 20 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 17:26
https://kurdish.iswnews.com/?p=4961

حەڤدەیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ حەڤدەیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی تیشکی خستەسەر پێشهاتەکانی ئەفغانستان کە بە میوانداری پاکستانەوە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی داعش، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ئەفغانستان.
هاوکات شا مەحمود قوریشی وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بە داڕمانێکی تەواوەتی ئابووری ئەفغانستان کرد و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕێگرتن لە کارەساتێکی مرۆیی، هاوکاری گەلی ئەفغانستان بکەن.

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی لێدوانەکانی دا رایگەیاند: چارەسەری سەرەکی پرسی ئەفغانستان پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیرە بە بەشداری هەموو نەتەوەکان. ئێران کاردەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان و هانی هەموو لایەنەکان دەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرسە.
عەبدوڵڵاهیان هەروەها نیگەرانی خۆی سەبارەت بە گەشەکردنی تیرۆریزم لە ئەفغانستان و زیادبوونی شەپۆلی ئاوارەکان و کۆچبەران دەربڕی.

بە گشتی دەکرێت پلانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئەفغانستان بە گشتگیرترین پاکێجی پێشنیارکراو و پلان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەفغانستان دابنرێت. پلانەکە لەم خاڵانەدا پێک دێت:
«١- وڵاتانی ئیسلامی، هانی دەستەی فەرمانڕەوایی ئەفغانستان (تاڵیبان) و هەموو لایەنەکان بدەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر.
٢- خەڵکی ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی بەپەلەیە. پێکهێنانی سندوقی دارایی نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە گرنگە.
٣- ئازادکردنی سەرمایە داراییەکانی ئەفغانستان پێویستییەکی گرنگە.
٤- بێگومان وڵاتانی ئەندام و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە یارمەتیدان لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و یارمەتیدانی گەلی ئەفغان و ڕێگری کردن لە دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی نوێ.»

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها “ئەمیرخان موتەقی” وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە لێدوانەکەیدا داوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی کرد.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا دێت کە تاڵیبان لە چوار مانگی ڕابردووەوە کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردووە و دوای ئەم پێشهاتانە، ئەمریکا دەستی بەسەر زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار لە سامانەکانی ئەفغانستان دا گرتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا ٥٧ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی ئامادەبوون و هەروەها بانگهێشتی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، چین، ڕوسیا و فەرەنسا بۆ کۆبوونەوەکە کرا بوو. کۆبوونەوەکە تیشکی خستبووە سەر تاوتوێکردنی دوایین دۆخی ئەفغانستان و دابینکردنی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانەکانی ئەم وڵاتە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *