ئەلیڤ و پاشینیان: دیداری پێشوەختە، ڕێککەوتنی نادیار

پێنجشەممە 16 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 22:43
https://kurdish.iswnews.com/?p=4842

دانوستانە سێ قۆڵییەکەی نێوان سەرکردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە نێوەندگیری سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، زووتر لە کاتی خۆیدا و لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی کانوونی یەکەم، لە بارەگای یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو. پێشتر بڕیاری ئەوە درا بوو کە گفتوگۆکان لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجام بدرێت.

لە دانوستانە چوار کاتژمێر و نیویی نێوان ئیلهام ئەلیڤ و نیکۆل پاشینیان بە ئامادەبوونی چارلس میشێل لە برۆکسل چەند پرسێکی جۆراوجۆر تاوتوێ کران.

چارلس میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە لێدوانێکیدا دوای گفتوگۆکان وتی: ئازەربایجان و ئەرمینیا بانگهێشت کراون بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاشتی لە قەوقازی باشور. پێویستە بەڵێنەکانی لایەنەکان لە دانوستانەکانی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ی مۆسکۆ و ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی سۆچی جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو، ئاماژەی بە کێشەی مرۆیی شەڕی ناگۆرنو-قەرەباغ کرد و وتی: دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان زۆر گرنگە و یەکێتی ئەوروپا هاوکاری پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین و قوربانییەکان و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکان دەکات تا بەندەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو هەروەها پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتیی یەکێتی ئەوروپای بۆ دیاریکردنی سنوورییەکان ڕاگەیاند.

میشێل بە ئاماژەدان بە هاوکاری ئابووری وتیشی: یەکێتی ئەوروپا بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان لە قەوقازی باشور لەسەر بنەمای پێوەرەکانی ئەم یەکێتییە و دووبارە کردنەوەی ڕێگاکانی گواستنەوەی نێوان هەردوو وڵات هاوکاری دەکات. هەروەها هێڵی شەمەندەفەری نێوان هەردوو وڵات و خاڵە سنووری و گومرگییەکانی هەردوو وڵات دروستدەکرێت.

ئەرمینیا قبوڵی کردووە تا بەمزوانە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری لە خاکی وڵاتەکەی دەست پێ بکات.

سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەیجی فەیسبووکی دوبارە کردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان هەر دوو وڵاتی پشتڕاست کردەوە و نوسیویەتی: هێڵی شەمەندەفەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی سنوور و گومرک لەسەر بنەمای هاوکاری دوولایەنە، لە ژێر سەروەری و بەرژەوەندییەکانی وڵاتان کار دەکات. ئەرمینیا لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە دەگاتە کۆماری ئیسلامی ئێران و فیدراسیۆنی ڕووسیا.

هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەلایەن هەردوولاوە سەبارەت بە دیاریکردنی بارودۆخی یاسایی ناگۆرنو-قەرەباغ و ڕاڕەوی زەنگزور و کێشەی دیلە ئەرمەنییەکانی نەکراوە. تەنیا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دووبارە کردنەوەی ڕێگاکانی پەیوەندی و بێسەروشوێنەکانی جەنگ کردووە و ڕوون نییە کە بە دیاریکراوی چ بابەتێکی دەگرێتەوە. هەروەها ڕوون نییە کە ئایا وەبەرهێنانی ئاماژە پێکراوی یەکێتی ئەوروپا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی وێرانکارییانەی جەنگەکە، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەرمەنییەکانی ناگۆرنو-قەرەباغ دەگرێتەوە یا نە.

ئیلیاس حسێن ئۆف، شیکەرەوەی سیاسی، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی هەواڵی ڕیال تی ڤی حکومەتی ئازەربایجان ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لەسەر خاکی ئەرمینیا هەمان ڕاڕەوی زەنگزورە.
حوسێن ئۆڤ ووتی: پاشینیان پرۆژەکانی دەزگای سۆرۆسی ئەمریکی جێبەجێ دەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ ئازەربایجان لەسەر داوای دەزگاکە ئەنجامدراوە.
شیکەرەوەی سیاسی ئازەربایجانی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پاشینیان لە ئەرمینیا خەریکی چاکسازیە و بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆژئاوا و دورکەوتنەوە لە ڕوسیا چاوی بە یەکێتی ئەوروپایە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *