دوایین پێشهاتەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
گۆغام ستێپانیان، هاوڵاتییەکی ئەرمەنی و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ناگۆرنو-قەرەباغ بە ڕادیۆی ئەرمەنی ڕاگەیاند: هێزەکانی ئازەربایجانی لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی کانوونی یەکەم لە نزیک هێڵی پەیوەندی لە نزیک بازاڕی رایونی شارۆچکەی قرمزی (کارمیرشووکا مارتۆنی ئارتساخ) تەقەیان لە خەڵکی سڤیل کردووە و تا ١٥ خولەک بەردەوام بووە.
ئەم ناوچەیە دەکەوێتە باشوری ناوچەی ناگۆرنو-قەرەباغ لە نزیک هێڵەکانی پەیوەندی نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا.
ڕۆژی هەینی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، پاسەوانانی سنووری ئازەربایجان لە رایون بەرەو هاوڵاتییەکی ئەرمەنی پارێزگای مارتونی تەقەیان کردووە. هەروەها هاوڵاتییەکی دیکەی ئەرمەنی لە نزیک خاڵێکی پاسەوانی سنوورەکە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
سەرچاوە فەرمییەکانی ئازەربایجانی لەو بارەیەوە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەڵام سەرچاوە نافەرمییەکان کەسە کوژراوەکەیان سەربازێکی چەکدار راگەیاندووە کە نیازی خراپی هەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی ناسراو بە ئارتساخ (دیفاکتۆ) ئیدانەی ئەو کردەوانەی کردووە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: ئەو کارەی حکومەتی ئازەربایجان دژ بە هاوڵاتیانی ئەرمەنی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە و ئازەربایجان بە ئاشکرا هەموو ڕێککەوتنە دوو لایەنەکانی پێشێل کردووە تا خەڵکی ئەرمەنی ناچار بە بەجێهێشتی خاکی خۆیان بکات.
حکومەتەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا بەپێی ڕێکەوتنی سۆچی بە نێوەندگیری حکومەتی فیدراسیۆنی ڕووسیا دیل و نەخشەی کێڵگەکانی مینیان ئاڵۆگۆڕ کرد.
ڕۆژی شەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ حکومەتی ئازەربایجان ١٠ سەربازی ئەرمەنی کە لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بە دیل گیرابوون ئازاد و ڕادەستی حکومەتی میانجیکاری ڕوسیا کرد.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی ئازەربایجانی، حکومەت نەخشەی ژمارەیەک لە کێڵگەکانی مینی لە ئەرمینیا وەرگرتووە.
لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە حکومەتی ئازەربایجان سەربازێکی برینداری ئەرمەنی ئازادکردووە و بەشێک لە هێزەکانی لە چیای ئیشخاناسار لە پارێزگای سیۆنیکی ئەرمینیا کشاندووەتەوە.
وەنەوش: لە ژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیەکانی قەرەباغ؛ سەوز: لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ئازەربایجان؛ سوور: ئەرمینیا
لێدوانەکان