ناڕەزایەتی دانیشتوانی دێرەزوور بە تێپەڕبوونی کاروانێکی ڕوسیا + ڤیدیۆ
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: ژمارەیەک لەدانیشتوانی دێرەزووری سووریا وەک ناڕەزایەتی بە تێپەڕبوونی کاروانێکی سەربازی ڕوسیا لە رێگای شارۆچکەی ئەبو خەشەب بۆ ساڵحیە، لە نزیک گۆڕەپانی ئەلمەعمەلی ڕۆژهەڵاتی شارەکە گردبوونەوە.
ڕۆژی رابردوو کاروانێکی سەربازی ڕوسیا بە یاوەری چوار هەلیکۆپتەری ئەو وڵاتە لە کاتی تێپەڕبوونیان لە رێگای شارۆچکەی ئەبو خەشەب بەرەو ساڵحیە، رووبەڕووی ناڕەزایەتی دانیشتوانی دێرەزوور بوونەوە. خۆپیشاندەران بەسوتاندنی تایە ڕێگرییان لەتێپەڕبوونی ئەو کاروانە کردەوە.
دوای گفتوگۆی کاروانە سەربازییەکەی ڕوسیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە خۆپیشاندەران راگەیەندرا کە هێزە ڕووسییەکان فەرمانی تەقەیان هەیە، ئەگەر ڕێگرییان لێ بکرێت. سەرەڕای ئەوە، هێرش کرایە سەر کاروانەکە و بەپێی زانیارییەکان ڕووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هاوکات هێزەکانی ئەمریکا بە چەند ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشەوە بۆ رێگریکردن لە پێکدادانەکان خۆیان گەیاندە ناوچەکە.
دوای ڕووداوەکە، کۆبوونەوەی شاندێکی “هاوپەیمانی ئەمریکی” و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی زیبان-ی سەر بە پارێزگای دێرەزوور بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەڕێوەچوو.
لێدوانەکان