جۆن بۆڵتۆن: ئەمریکا هەڵەی زۆر گەورەی لە ئەفغانستاندا کردووە
ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە سەر ڕووداوەکانی ئەفغانستان هاتە دەنگ و هەر دوو حکومەتی ئێستا و پێشووی وڵاتەکەیی بە تاوانبار ناو برد و وتی کە واشنتن بە کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان تووشی گەورەترین هەڵە بووە.
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی جزیرە سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەفغانستان و بە تایبەت تەقینەوە تیرۆریستییەکانی کابوڵ وتی: کارەساتێکی گەورەیە و ئەوانەی کە کراونەتە ئامانج، سەربازی ئەمریکی و کەسانی مەدەنی بوون.
ناوبراو وتی: جیهان کەوتووەتە ژێر کاریگەری نەرێنی ئەم هەڵە ستراتیژییەی حکومەتی ئەمریکا، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و کشانەوەیەکی شکستخواردووە و هەر دوو حکومەتەکەی دوناڵد ترەمپ و جۆبایدن تێیدا بەشدارن.
بۆڵتۆن وتی کە هاووڵاتیانی ئەمریکی باجی ئەم هەڵە ستراتیژییەی واشنتن دەدەن.
ئەو بەرپرسەی پێشووتری ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوەشیکرد کە ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان و دەرکردنی قاعیدە دوو دەسکەوتی گەورەی هەبووە.
وتیشی کە ڕەنگە قاعیدە و داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوە سەربازییەکان لە دژی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بگەڕێنەوە ئەفغانستان.
جۆن بۆڵتۆن وتی: ئەمریکا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو هەڵەی گەورەی لە ئەفغانستاندا کردووە بەڵام گەورەترین هەڵە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن دوناڵد ترەمپ و جێبەجێکردنی لە لایەن جۆبایدنەوە بووە.
ناوبراو وتی: ناتوانین باس لە شکستی تەواو بکەین بەڵام دەتوانین بڵێین هەڵەیەکی گەورە و ستراتیژی بووە.
جام کوردی
لێدوانەکان