ئەمریکا بنکەی سەربازی هەریر دەباتە وڵاتی کوێت

شەممە 7 ئاب 2021 - 01:16
https://kurdish.iswnews.com/?p=3134

ڕۆژنامەیەکی لوبنانی لە سەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد دەباتە ئەردەن و هەریریش بە هەمان شێوە دەبرێتە وڵاتی کوێت.

ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنان ڕایگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکییەکان هەوڵی مانەوە لە عێراق دەدەن و بە پێگەی دەستڕۆیشتوویی خۆیانی دەزانن، بەڵام بۆ کەس شاراوە نییە کە هێرشەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق وایکردووە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بدەن تا بە کەمترین زیان زۆرترین دەسکەوتی سیاسیی بۆ ئەوان هەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە ئەمریکییەکان بەو ڕاستییە گەیشتوون کە لە عێراقدا تەنیا ڕێکەوتنێکیان بۆ ماوەتەوە کە بە هەماهەنگی لە گەڵ عێراقییەکان پاشەکشە بە هێزەکانیان بکەن تا ئابڕوچوونی بۆ واشنتن بە دواوە نەبێت.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاندی دانوستانکاری عێراق لە گەڵ ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە تەنیا ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا دەمێننەوە.

ئەمریکییەکان دەیانەوێت بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ببرێتە وڵاتی ئەردەن لە بەر ئەوەی کە بە تێڕوانینی ئەوان باشتر دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزێت، هەروەها بنکەی هەریر لە هەرێمی کوردستانیش دەبرێتە وڵاتی کوێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *