دوایین هەواڵەکان لە میحوەری درعای سوریا؛ ١ی ئابی ٢٠٢١

دووشەممە 2 ئاب 2021 - 11:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=3035

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: هاوکات لەگەڵ دانوستانەکانی نێوان سوپای سوریا و هێزە چەکدارەکان بە نێوەندگیری ڕووسەکان لە درعا، پێکدادانەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە لە ناوچەی درعا تا ڕادەیەکی زۆر هێور بووتەوە.

لە شەڕو پێکدادانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هێزە چەکدارەکان و سوپای سوریا لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای درعا و بە تایبەت گەڕەکی درعا ئەلبەلەد هەشت هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. بە هۆی ئەم پێکدادانەدا حەوت کەس لە ریزەکانی ئەو چەکدارانە کوژراون، لە لایەکەی دیکەش ٨ سەربازی سوپای سووریا گیانیان لەدەستداوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە هێزە چەکدارەکان رایانگەیاندووە کە نزیکەی ٤٠ سەربازی سوپای سوریایان بە دیل گرتووە.

لەگەڵ ئەو هێرشە تۆپخانەییانەی سوپای سووریا بۆ سەر هێزە چەکدارەکان، چەندین خاڵی پشکنینی سوپای سووریا لە ناوچە جیاجیاکان کەوتووە دەست هێزە چەکدارەکانەوە.

هێزە چەکدارەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی درعا، لە ڕێگەی لیوای ٨ی سوپاوە، چەندین دیلی سوپای سوریایان ڕادەستی هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە کرد. هەروەها دوای هەماهەنگی لە نێوان کۆمیتەی ناوەندی درعا سەر بە هێزە چەکدارەکان و سوپای سووریا، تەرمی چوار چەکدار لەگەڵ تەرمی چوار ئەندامی سوپای سووریا ئاڵوگۆڕ کران.

بەپێی بەدواداچوونەکانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای سوریا لە ٣٠ی حوزەیران چەندین جار بۆ مەبەستی پشکنین بەسەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای درعا سوڕاونەتەوە.

ڕۆژی رابردوو لە یاریگای شارەوانی درعا بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی بەشی چواری سوپای سوریا و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی درعا ئەلبەلەد بە سەرپەرشتی ڕوسیا، دانوستاندن لە نێوان سوپای سوریا و هێزە چەکدارەکان دا ئەنجامدرا، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە ئاشکرا نەکراوە.

ڕووسەکان هێزە چەکدارەکان بە بەرپرسی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی پارێزگای درعا دەزانن. هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای سوریا و کۆمیتەی ناوەندی درعا بە سەرپەرشتی ڕوسیا، پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوریا و هێزە چەکدارەکان هێوربوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. پێشبینی دەکرێت پاش گواستنەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ باکوری سوریا کە لەوانەیە یەکێک لە مەرجەکانی هاتوو لە رێککەوتنەکە بێت، پێکدادانەکان لەو پارێزگایە نەمێنێتەوە و ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *