ئۆپەراسیۆنی نوێی حکومەتی هیندستان لە ئاسام بە دەستگیرکردنی ٣ هەزار موسڵمان

سێشەممە 21 شوبات 2023 - 20:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=23133

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ حکومەتی توندڕەوی هیندستان بەرنامەیەکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی پێی دەوترێت دیاردەی هاوسەرگیری لەژێر تەمەنی یاسایی دەستپێکردووە کە شارەزایان پێیان وایە ئامانجی چەوساندنەوە و گۆشەگیری زیاتری کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەو وڵاتەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلجەزیرە، لە ٣ی شوبات، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لەلایەن حکومەتی هیندستان و پۆلیسی ویلایەتی ئاسامەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی پێی دەوترێت دیاردەی هاوسەرگیری لەژێر تەمەنی یاسایی دەستی پێکردووە، کە لە ڕۆژانی یەکەمدا دوو هەزار موسڵمان و تا هەفتەی ڕابردووش سێ هەزار کەس دەستگیرکراون.

لە بەرنامە نوێیەکەی حکومەتی هیندستان کە لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنی هاوسەرگیری کچانی تەمەن ١٤ بۆ ١٨ ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٦ دانراوە، ٤٢٠٠ دۆسیە – بە ٦٧٠٧ تۆمەتبار لە ویلایەتی ئاسام تۆمارکراون. زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون باوکی مێرد، مێرد و ئەو کەسانەن کە ئەو هاوسەرگیریانەیان تۆمار کردووە. لەئێستادا ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، لە ٣ بۆ ١٠ ساڵ زیندانی دەکرێن.

زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە حکومەت پێویستە چەندین ساڵ کار لەسەر پرسە کولتوورییەکان لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و فلکلۆری هیندستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوسەرگیری منداڵان بکات، نەک دەستگیرکردنی موسڵمانان و لەناوبردنی کارەکانیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان. ئێستا هەزاران خێزان دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بژێوی ژیانیان نییە. شارەزایان دەڵێن، کردەوەکانی پارتی دەسەڵاتداری باهاراتیا جاناتا لە ئاسام، لەناوبردنی کۆمەڵگەی موسڵمانان و هەژارکردنیانە.

بەپێی داتاکانی حکومەت، ئاسام لە دوای کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆرترین ڕێژەی موسڵمانانی تێدایە، موسڵمانان ٣٤٪ی دانیشتوانی ویلایەتی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو ویلایەتە پێکدەهێنن کە ٣١ ملیۆن کەسە. ساڵانێکە حکومەت و توندڕەوانی هیندۆسی ئەو گێڕانەوەیە دووبارە دەکەنەوە کە موسڵمانانی ئەم ناوچەیە هیندی نین و لە بەنگلادیشەوە هاتوون. ئەمەش وایکردووە ملیۆنان کەس ناسنامەیان نەبێت.

جێی ئاماژەیە، لەوەتەی حکومەتی نارێندرا مودی هاتۆتە سەر دەسەڵات، فشارەکان لەسەر موسڵمانانی هیندستان زیادی کردووە، بەجۆرێک توندڕەوانی هیندۆسی لەسەر بابەتی وەک حیجابی ئیسلامی لە قوتابخانەکان، سەربڕینی ئیسلامی، بانگدان و مزگەوتەکان، فشار لەسەر موسڵمانان دروست دەکەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *