دوایین هەواڵەکان لە شەڕی ئۆکرانیا، ٨ی شوباتی ٢٠٢٣
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شەڕ و پێکدادان لە سەرجەم میحوەرەکانی باخموت لە نێوان سوپای ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە. لە شاری باخموت هێزەکانی سوپای ڕووسیا چوونەتە ناوچەی میاسوکۆمبینات لە باکووری ئەم شارە و نزیکەی نیوەی ئەم ناوچەیەیان کۆنترۆڵ کردووە.
شەڕ و پێکدادان لە ناو گوندی کراسنۆگۆرا لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری باخموت بەردەوامە. هەروەها هێزەکانی ڕووسیا بەرەو باکووری ڕۆژئاوای بێلاهودەتنێ پێشڕەوییان کردووە و لە داخستنی ڕێگای باکووری شاری باخموت نزیک دەبنەوە.
لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای باخموت، شەڕ و پێکدادان لە دەروازەی باشووری شارەکە و نزیک گۆڕستانی شارەکە بەردەوامە. هەروەها ململانێکان گەیشتوونەتە دەرەوەی باشووری شاری ئیڤانیۆسکە و هێزەکانی سوپای ڕووسیا لە ڕێگەی پێشڕەویکردن لەسەر ئەم میحوەرە هەوڵی داخستنی ڕێگای ڕۆژئاوای شاری باخموت دەدەن.
لە میحوەری باکووری شاری لوهانسک، هێزەکانی سوپای ڕووسیا توانیویانە ژمارەیەک بەرزایی لە باکووری دیبرۆڤا بگرن. هەروەها هەواڵێک لەسەر پێشڕەوی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی سینکیۆکا و گرتنی ئەم گوندە له نزیک کوپیانسک هەیه که ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوه. شەڕ و پێکدادانی بەربڵاو بە درێژایی هەموو هێڵەکانی بەرکەوتن لە باکووری لوهانسک بەردەوامە.
لەسەر میحوەری باشووری دۆنێتسک، پێکدادانەکان لە مارینکا لە نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامن. لە دوایین پێشڕەوییەکانی ڕووسیا لەم میحوەرەدا ژمارەیەک بینا لە باشووری ئەم گوندە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراون. ناوچەی مارینکا بەهۆی چڕی و درێژە کێشانی شەڕەکەوە بە کردەوە بووەتە وێرانە.
لە ئۆگۆڵدار هیچ پێشڕەوی ئەوتۆی بەدی نەهاتووە و هێرشە زەمینیەکانی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەم گوندە بەرپەرچ دراوەتەوە و زۆربەی هێرشەکان بە تۆپخانەکان ئەنجام دەدرێت.
لە میحوەری زاپرۆژیا و خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا هیچ گۆڕانکارییەکی دیاریکراو لە میحوەرەکان و هێڵەکانی بەرکەوتن نەکراوە و پێکدادانەکان بە تەقەی تۆپخانەیی لە نێوان لایەنەکاندا بەردەوامە.
لێدوانەکان