گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان لە هێرشە درۆنییەکەی ئەسفەهان دەستیان هەبووە
چەند سەرچاوەیەکی ئێرانی ڕایانگەیاندووە کە پارچەی ئەو درۆنانەی کە بۆ هێرشەکەی سەر کارگەیەکی وەزارەتی بەرگری ئێران لە ئەسفەهان کەڵکی لێ وەرگیراوە، لە هەرێمی کوردستانەوە هێنراوەتە ئەم وڵاتە.
پێگەی ” نورنیوز ” نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە پێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، پارچەی ئەو درۆنانەی کە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کارگەیەکی وەزارەتی بەرگری ئێران کەڵکی لێ وەرگیراوە، لە گەڵ مادە تەقەمەنییەکان، بە بەشداری و ڕێنمایی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان هێنراونەتە ئێران.
بە پێی ئەو زانیارییانە، ئەو گرووپانە لە سەر ڕاسپاردەی دەزگای هەواڵگری بێگانە و پاش وەرگرتنی پارچەی ئەو درۆنانە لە گەڵ مادە تەقەمەنییەکان، ئەوانەیان لە ڕێگای سەخت و دژوارە شاخاوییەکانەوە لە باکوری ڕۆژئاوای ئێرانەوە هێنراوەتە ئەم وڵاتە و ڕادەستی کەسێکی سەر بە دەزگای هەواڵگری بێگانەکان لە یەکێک لە شارە سنورییەکان کردووە. دواتر ئەو پارچانەش لە کارگەیەکدا کە کەسانی مەشقپێکراوی تێدا بووە بۆ هێرشەکەی سەر کارگەکەی ئەسفەهان، ئامادە کراوە.
لە ماوەی ڕابردووشدا گرووپێکی تیرۆریستی لە ئەندامانی دژبەری شۆڕش و سەر بە دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن وەزارەتی هەواڵگری ئێرانەوە دەستبەسەر کران کە ئەوانیش پلانی تەقاندنەوەی ناوەندێکی هەستیاریان لە ئەسفەهان هەبووە.
لێدوانەکان