سەربازێکی پێشووی ئەمریکی لە ئۆکرانیا کوژرا

یەکشەممە 22 كانونی دووه‌م 2023 - 22:40
https://kurdish.iswnews.com/?p=21993

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەربازێکی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ئۆکرانیا کوژراوە.

هێزی دەریایی ئەمریکا کوژرانی سەربازێکی پێشووی یەکەی تایبەتی هێزی دەریایی ئەمریکا (SEAL) لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دانیال دبلیو سوئیفت کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر سوپای ئەمریکای بەجێهێشتووە و ئۆپەراتۆرێکی تایبەتی پۆلی یەکی شەڕ بووە، ڕۆژی چوارشەممە هەفتەی ڕابردوو لە ئۆکرانیا کوژراوە.

هێزی دەریایی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو سەربازە پێشووەی ئەمریکا لە ١١ی ئازاری ٢٠١٩ سوپای ئەمریکای بەجێهێشتووە و هۆکاری ئامادەبوونی لە ئۆکرانیا دیار نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم دواییەدا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی پشتڕاستکردەوە کە لە ئۆکرانیا شەڕی دژی ڕوسیای دەکرد، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی بارودۆخی مردنەکەی نەخستەڕوو.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: “لەگەڵ بنەماڵەکەی لە پەیوەندیداین و هەموو هاوکارییەکی کونسوڵگەری پێشکەش دەکەین. لەبەر ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی خێزانەکە لەم کاتە سەختەدا، هیچی زیاترمان نییە بۆ وتن.”

بەپێی زانیارییەکان سوئیفت لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە هێزی دەریایی ئەمریکاوە کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٦دا مەشق و ڕاهێنانی لە هێزی دەریایی ئەمریکا SEAL تەواو کردووە و لە شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بەشداری کردووە.

لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا، بە سەپاندنی سزاکانی زیاتر بەسەر ڕووسیا و دابینکردنی چەکی سووک و قورس بۆ ئۆکرانیا، ئاگری ئەم شەڕەیان زیاتر کردووە.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە ٢٦.٧ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ناردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *