خۆپیشاندانی ١٠٠ هەزار کەسی زایۆنیستەکان دژ بە ناتانیاهۆ!
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ زیاتر لە ١٠٠ هەزار زایۆنی لە شارە جۆربەجۆرەکانی فەلەستینی داگیرکراو بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەرنامەی چاکسازیی دادوەریی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گردبوونەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین گەورەترین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەرنامەی چاکسازیی دادوەری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڕێوەچووە و ماوەی سێ هەفتەیە کە بەردەوامە.
شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەرانی ئیسرائیلی لە چەندین شاری گەورەی ناوچە داگیرکراوەکان، لەوانە تەلئەبیب، قودس، حەیفا و بئر ئەلسەبع، دژی پلانەکانی چاکسازی دادوەری ناتانیاهۆ گردبوونەوەیان ئەنجامدا. بەشداربووانی ئەم گردبوونەوانە، بنیامین ناتانیاهۆیان بە لاوازکردنی دامودەزگا دیموکراسییەکانی ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە و پێیان وایە ئەو چاکسازییە دادوەرییانەی کە کابینەی نوێی ئیسرائیل پێشنیاری کردووە، گورزێکی کوشند لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەدات.
خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ و ناکۆکی نێوان پارتەکانی رژێمی زایۆنیستی دوای ئەوە زیادی کرد کە کابینەی نوێی تەلئەبیب بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ پلانی چاکسازی لە سیستەمی دادوەریی ئەم ڕژێمەی پێشکەش کرد. پێدەچێت سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل کە ساڵانێکە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلدان لە ژێر دادگاییکردندایە، بەنیازە بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە و بە هاوکاری وەزیری دادی ئیسرائیل دادگاییکردنەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە خۆپیشاندەران پێیان وایە مەبەست لەم پلانە گۆڕینی یاسای پارێزبەندی ئەندامانی کنێست، وەزیرەکان و سەرۆکوەزیرانە لە پەرلەمان تا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی وەک لێپرسینەوە و دادگاییکردن نەبنەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسانی پێشووی ئیسرائیل کە ئێستا لە ڕیزەکانی نەیارانی ناتانیاهۆدان، پێشتر ناڕەزایەتییەکی بێ وێنەیان لە دژی کابینەی نوێی ئیسرائیل ڕاگەیاندبوو. ئەوان ڕایانگەیاندبوو کە دژی سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل دێنە سەر شەقامەکان کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادییەکانی کۆمەڵگەی زایۆنیست!
شایانی باسە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ناکارایی و کردەوە ئیستفزازییەکانی کابینەکەی ناتانیاهۆ سێ هۆکاری گرنگی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەن. ناکۆکییەکانی نێوان پارت و گرووپە سیاسییەکان لە ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەجۆرێک ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئەم ڕژێمە، ناکۆکییەکانی بە قووڵ هەڵسەنگاندووە و پێشبینیی ئەوەی کردووە کە ئەم ناکۆکیانە ببێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگەی زایۆنیستی. هەروەها وەزیری پێشووی شەڕی ئیسرائیل هۆشداری داوە لە ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەگەر سیاسەتەکانی کابینەی ئێستای ئەم ڕژێمە بەردەوام بێت.
سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر ئەم کردەوانە و ڕووداوانە بەردەوام بن، تەمەنی کابینە نوێیەکەی نەتانیاهۆ کە بە توندڕەوترین کابینەی مێژووی ئیسرائیل ناودەبرێت، درێژ نابێت و پێدەچێت ناوچە داگیرکراوەکان جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی بەخۆیەوە ببیننەوە!
لێدوانەکان