ناردنی چەکی هەڵگیراوی ئەمریکا لە فەلەستینی داگیرکراو بۆ ئۆکرانیا

پێنجشەممە 19 كانونی دووه‌م 2023 - 12:12
https://kurdish.iswnews.com/?p=21900

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوای رێککەوتنی واشنتۆن و تەلئەبیب، تەقەمەنی تۆپخانەکان کە لە کۆگاکانی پێنتاگۆن لە فەلەستینی داگیرکراودا هەڵگیراون، بۆ ئۆکرانیا دەنێردرێت.

جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەتە شەڕێکی درێژخایەن و تۆپخانەیی و لایەنەکان هەزاران گوللە تۆپ لە شەوێکدا بەکاردێنن. هەر بۆیە ​​تەقەمەنی سوپای ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنانی چەکی سۆڤیەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بە گشتی ڕووی لە بەکارهێنانی تۆپخانە و تۆپەکانی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی دیکەی ڕۆژئاوایی کردووە.

بە گوتەی هەندێک لە شیکارانی سەربازی، تۆپخانە بڕبڕەی پشتی شەڕی زەمینییە بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا و تا ڕادەیەک ئەنجامی شەڕی نێوان لایەنەکان بەندە بە دەسەڵاتی تۆپخانەیی و بڕی تەقەمەنی. لە کاتێکدا یەدەگی چەک لە ئەمریکا بەهۆی ناردنی بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بەرهەمهێنەرانی چەکی ئەمریکی هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ خێرایی ئۆپەراسیۆن و شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا هەماهەنگ بکەن، پنتاگۆن بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ڕووی کردۆتە بژاردەیەکی دیکە بۆ ناردنی تەقەمەنی پێویستی تۆپخانەکان بۆ ئۆکرانیا.

میدیاکانی ڕۆژئاوایی بڵاویانکردەوە، دوای داواکارییەکانی بەردەوامی کیێڤ لە تەلئەبیب بۆ ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ ڕووبەڕوونەوەی ڕووسیا، ئەمریکا توانیوە رەزامەندی رژێمی زایۆنیستی لەمبارەیەوە وەربگرێت.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن لەگەڵ تەلئەبیب رێکەوتووە بۆ ناردنی گوللە تۆپی ١٥٥ ملم تۆپخانەیی بۆ ئۆکرانیا کە لە کۆگاکانی پێنتاگۆن لە فەلەستینی داگیرکراو هەڵگیراون. رێککەوتنەکە بریتییە لە ناردنی ٣٠٠ هەزار گوللە تۆپ بۆ ئۆکرانیا، کە نیوەی بۆ ئەوروپا نێردراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە رێگەی پۆڵەندا بگەیەنرێتە سوپای ئۆکرانیا.

جێگەی سەرنجە کە کابینەی پێشووی تەلئەبیب لە ترسی کاردانەوەی ڕووسیا، دژی ناردنی چەکی ئەم کۆگاکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا بوو، بەڵام دوای داواکاری فەرمی وەزیری بەرگری ئەمریکا، رژێمی زایۆنیستی رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *