خەڵکی ئەفغانستان داوای دادگاییکردنی شازادەی بەریتانیایان کرد
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ چین و توێژە جیاجیاکانی گەلی ئەفغانستان وێڕای ئیدانەکردنی دانپێدانانی شازادە هاری بە کوشتنی ٢٥ هاووڵاتی ئەفغانستان، ڕایانگەیاند، دانپێدانانی شازادە تەنیا بەشێکە لەو تاوانە جەنگییانەی هاوپەیمانانی ناتۆ لە ماوەی شەڕی درێژخایەنی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەنجامیانداوە.
ڕۆژنامەی “گاردیەن” پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە کتێبەکەی شازادە هاری کوڕە بچووکەکەی شای بەریتانیا بڵاوکردەوە؛ ئەو کتێبەی کە هاری تیایدا لە بەشێکدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی ئەرکەکەیدا لە ئەفغانستان خەڵکی ئەم وڵاتەی کوشتووە.
ئەم شازادە بەریتانیایە ئاشکرای کردووە کە لە کاتی ئەرکەکەیدا لە ئەفغانستان ٢٥ هاووڵاتی ئەم وڵاتەی کوشتووە.
شازادە هاری لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی کە لە هێلیکۆپتەرەوە ئەم کەسانەی دەکردە ئامانج و کاتێک دەیانکوشت وایدەزانی مرۆڤ نین بەڵکو سەربازی شەترەنجن.
ئەم لێدوانانەی شازادە هاری ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەرفراوانی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک و بەرپرسانی تاڵیبان بوونەتەوە.
خەڵکی ئەفغانستان کاردانەوەیان بەرامبەر بە لێدوانەکانی شازادەی بەریتانی نیشان داوە و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو لێدوانانە ڕایانگەیاند کە هۆکاری دۆخی ئێستای گەلی ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ کردەوەکانی ئەمریکا و بەریتانیا.
ئەم کەسانە جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ڕۆژئاواییەکان کە لە خەمی مافەکانی مرۆڤدان، خۆیان چەندین جار لە ئەفغانستان پێشێلیان کردووە و پێویستە لەم بارەیەوە وەڵامی خەڵکی جیهان بدەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە خوێندکارانی ئەفغانی لە زانکۆی پارێزگای هێلمەند ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە شازادە هاری دەربڕی.
ئەم خوێندکارە ئەفغانیانە داوایان کرد کە شازادە هاری بە تاوانی کوشتنی ئەو کەسانە دادگایی بکرێت کە لەم دواییانەدا دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.
لێدوانەکان