تاڵیبان و چین ڕێککەوتنێکیان بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز لە باکووری ئەفغانستان واژۆ کرد
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چین و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکوومەتی تاڵیبان ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵیان بۆ گەڕان و دەرهێنانی کێڵگە نەوت و گازەکانی ناوچەی دەریای ئامو لە باکووری ئەفغانستان واژۆ کرد.
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چین (CPEIC) و وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی تاڵیبان گرێبەستێکی ٢٥ ساڵەیان بۆ گەڕان و دەرهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەکانی ناوچەی دەریای ئامو لە پارێزگاکانی باکوری ئەفغانستان واژۆ کرد. مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی شەهابودین دلاوەر وەزیری سامانە سرووشتیەکانی تاڵیبان و مەولوی عەبدولغەنی برادەر جێگری سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان و وانگ یو باڵیۆزی چین لە ئەفغانستان بەڕێوەچوو.
لەسەر بنەمای ئەم گرێبەستە، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چین ڕۆژانە بە تێکڕا یەک تا ٢٠ هەزار تۆن نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی قەشقەری، زۆمردسای، بازاڕکمی، ئاق دەریا و ئەنگووت کە ڕووبەرەکەی ٤٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە لە پارێزگاکانی سەرپۆل، جەوزجان و فاریاب دەردەهێنێت.
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چین بەڵێنی داوە لە ساڵی یەکەمی گرێبەستەکەدا بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلار و لە سێ ساڵی داهاتوودا ٥٤٠ ملیۆن دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی دەریایی ئامودا وەبەرهێنان بکات. هەروەها پشکی تاڵیبان لەو کێڵگە نەوتییانە لە ساڵانی سەرتادا بە ڕێژەی ٢٠٪ و لە ساڵانی داهاتووشدا تا ٧٥٪ زیاد دەکات.
جێی ئاماژەیە، بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مەرجەکانی گرێبەستەکە لە ماوەی ساڵی یەکەمدا، تاڵیبان وەک پێشمەرجێک پێشنیاری کشانەوەی یەکلایەنەی لە گرێبەستەکە کردووە و چینییەکانیش قبوڵیان کردووە.
ناوچە نەوتییەکانی دەریایی ئامو بە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی سەرپۆل و جەوزجان و فاریاب ناودەبرێت، کە وەک دەوترێت بڕی ئەو نەوتەی کە لە پێنج کێڵگەکەی دەرهێنراوە زیاتر لە ٨٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، و دەیان کێڵگەی نەوتی دیکەش تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە و کاریان تێدا نەکراوە.
لێدوانەکان